ئه‌و سێ منداڵه‌ی دایكیان به‌جێیهێشتن
نه‌نكیان به‌چه‌ند مه‌رجێك‌ ئاماده‌یه‌ بیانگرێته‌ خۆی

كه‌ركوك، ئایاری 2020، سه‌ردانی چالاكوانان و رێكخراوه‌كان بۆ لای ئه‌و سێ منداڵه‌ی دایكیان له‌ شه‌قامێكدا به‌جێیهێشتن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

دۆسیه‌ی ئه‌و سێ منداڵه‌ی دایكیان له‌ شه‌قامێكی كه‌ركوك به‌جێیهێشتن، بۆته‌ جێی ناڕه‌زایی رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان، به‌وپێیه‌ی هێشتا بێلانه‌ن و نه‌نكیشیان به‌ چه‌ند مه‌رجێك ئاماده‌یه‌ په‌روه‌ركردنیان له‌ ئه‌ستۆ بگرێت.

ئەو سێ منداڵە كچە تەمەنیان سێ ساڵ، پێنج ساڵ و شەش ساڵە، شەوی پێنجشەممە 22ی ئایار لە نزیك دادگای كەركوك و لە شەقامێكدا بەتەنیا دۆزرانەوە، له‌وكاته‌وه‌ لای ئەنجومەنی گەڕەكی خاسەن و دادگا دۆسیه‌كه‌ی یه‌كلایینه‌كردۆته‌وه‌.

چیمه‌ن ئه‌حمه‌د، چالاكوانی مافه‌كانی مرۆڤ و پارێزه‌ر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "په‌یامی ئێمه‌ بۆ حكومه‌ته‌ تا شوێنێكی گونجاو هه‌بێت بۆ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵانی هاوشێوه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ دوایین كه‌یس نابێت".

ناوبراو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك چالاكوان و رێكخراوی مرۆییدا به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنه‌وه‌ سه‌ردانی سێ منداڵه‌كه‌یان كرد له‌ ماڵی ئه‌نجومه‌نی گه‌ڕه‌كی خاسه‌.

نه‌نكیان داوای خانوی كرێ و بڕه‌ پاره‌یه‌كی مانگانه‌ ده‌كات تا به‌خێویان بكات

یاوەر ئەڵا وێردى، ئەنجومەنى گەڕەکى خاسە بە (كەركوك ناو)ی وت "نەنكی منداڵەكان داوایكردوە بەخێوكردنیان لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام بە مەرجێك خانویەكی بۆ بگرن بە كرێ و مانگانە بڕە پارەیەكی پێبدرێت".

نه‌نكی منداڵه‌كان به‌وته‌ی وێردی هیچ داهاتێكی نییه‌، پێشتر مامۆستا بووه‌ و به‌ هۆی تۆمه‌تباركردنی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ تیرۆر، له‌ ده‌وامه‌كه‌ی ده‌ركراوه‌.

بەپێی لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەكان لەو كەیسە، دەركەوتووە ئەو خێزانە پێنج ساڵ لەمەوبەر چونەتە توركیا و كچە بچوكەكەیان هەرلەوێ لەدایكبووە، بەڵام حكومەتی توركیا باوكیانی رادەستی عیراق كردۆتەوە كە بەماددەی 4ی داواكراوبوو.

لەگەڵ رادەستكردنەوەی باوكیان، دادگای عیراق چوار ساڵ لەمەوبەر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەكات.

"خێرخوازێك شوقه‌یه‌كی به‌ نه‌نكی منداڵه‌كان داوه‌ و بڕیاریداوه‌ مانگانه‌ 300 هه‌زار دیناری پێبدات، به‌ڵام ئه‌و رازی نییه‌ و ده‌یه‌وێت له‌ نزیكی ماڵه‌كه‌ی كچه‌كه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كی دۆمیز خانوی به‌ كرێ بۆ بگیرێت" یاوەر ئەڵا وێردى وای وت.

دادگا هێشتا دۆسیه‌كه‌ی یه‌كلانه‌كردۆته‌وه‌، داوای به‌ڵگه‌ی زیاتر له‌ نه‌نكی منداڵه‌كان كراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نزیكه‌ی 300 كه‌س داواكاری به‌خێوكردنی منداڵه‌كانی پێشكه‌ش به‌ دادگا كردووه‌.

mndal
كەركوك/ 22ی ئایاری 2020/ سێ منداڵ دوای ئەوەی لە شەقامێكی شارەكە بەجێدەهێڵدرێن بەبڕیاری دادوەر لە ماڵی ئەنجومەنى گەڕەکى خاسە دەهێڵدرێنەوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

نەنكی منداڵەكان، كەلەگەڵ ئەوە نەبوو ناوی خۆیی و منداڵەكان بڵاوبێتەوە پێشتر به‌ (كەركوك ناو)ی وت "هاتوم بۆئەوەی بتوانم منداڵەكان لەگەڵ خۆمدا ببەمەوە تكریت".

 ئەو خێزانە خەڵكی قەزای دۆرەن لە پارێزگای سەڵاحەدین. دوای رادەستكردنەوەی باوكیان بە عیراق، ئەوانیش دەگەڕێنەوە و لە كەركوك نیشتەجێ دەبن.

نیزاڵ نازم، بەرێوەبەری ریكخراوی چاوی منداڵ بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانیان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "سەدان چیرۆكی هاوشێوە هه‌یه‌ به‌ڵام ناگاته‌ سۆشیال میدیا و میدیا، منداڵی زۆر هه‌یه‌ له‌ كه‌مپه‌كان ناتوانن بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ چونكه‌ روبه‌ڕوی توانج ده‌بنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئێمه‌ش روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ ده‌بینه‌وه‌ كاتێك هاوكاری ئه‌و منداڵانه‌ بكه‌ین و ده‌ڵێن ئه‌وانه‌ نه‌وه‌ی داعشن".

ئه‌و داوای له‌ حكومه‌ت كرد چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ بكات، چونكه‌ منداڵ تاوانی نییه‌ و ده‌بێت چاره‌نوسیان یه‌كلابكرێته‌وه‌، تا "بیروباوه‌ڕی باوكیان هه‌ڵنه‌گرن و جارێكیتر تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵگه‌ بكرێنه‌وه‌".

بەپێی پەڕاوەكانی پۆلیسی قۆرییە، دایكی منداڵەكان تەمەنی 23 ساڵە و نازانرێت بۆ كوێ رۆیشتووە. بەڵام بە منداڵەكانی وتووە كە دەگەڕێتەوە بۆ توركیا.

پارێزەر ئاهەنگ ئەنوەر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌مه‌ كەیسی منداڵی بێ سەرپەرشته و پێویسته‌ له‌ دادگای نەوجەوانان بڕیاری لەسەر بدرێت..، ئه‌گه‌ر كەسی نزیكی ئەو منداڵانه‌ بەخێوكردنیان نه‌گرێتەئەستۆ ئه‌و دادگا ده‌ینێرێته‌ خانەی بێسەرپەرشتان تا كه‌سێك داوای مافی بەخێوكردنیان ده‌كات".

له‌ ئه‌مساڵدا چه‌ندین دۆسیه‌ی تری به‌جێهێشتنی و فڕێدانی منداڵ له‌ كه‌ركوك تۆماركراون كه‌ هێشتا به‌شێكیان دۆسیه‌كیان یه‌كلایینه‌كراونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT