به‌هێزترین بژارده‌ی به‌رده‌م كریستیانه‌كانی ئه‌لقوش بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، ته‌نیا و ته‌نیا خۆپارێزییه؛ چونكه به هه‌موو دانیشتوانی ناوچه‌كه پزیشكێک و ژماره‌یه‌كی كه‌م پێداویستی ته‌ندروستییان بۆ دابینکراوە.
ناحیه‌ی ئه‌لقوش، ده‌كه‌وێته قه‌زای تلكێف به دوری 40كم له باكوری موسڵ، له 34 گوند و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك پێكهاتووه، زیاتر له پێنج هه‌زار كه‌سی دانیشتوانه‌كه‌ی له ئاواره‌یی گه‌ڕاونه‌ته‌وه و زۆرینەیان كریستیانن.
"گه‌وره‌ترین كێشەمان ئه‌وه‌یە ته‌نیا پزیشكێکمان هه‌یه، ئاخر ئه‌وه مەعقولە؟! هه‌ركاتێكیش ده‌وام ته‌واوده‌بێت ده‌رگای نه‌خۆشخانه‌كه داده‌خرێت و پێویسته نه‌خۆش بگاتە ناوچه‌كانی تر بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر،" ڤێرجین شه‌معون وای وت.
هه‌ركاتێك ده‌وام ته‌واو بوو ده‌بێت نه‌خۆش بچێته ناوچه‌كانی تر بۆ چاره‌سه‌ر
ئه‌و ژنه له ناوه‌ندی ئه‌لقوش نیشته‌جێیه و ده‌ڵێت هه‌ر جارێك سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ی ناوچه‌كه‌یانی كردبێت ده‌رمان نه‌بووه، "له‌وێ ده‌ڵێن بڕۆن و له ده‌ره‌وه ده‌رمان بكڕن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به هه‌موو كه‌س ناكڕدرێت، نرخه‌كه‌ی گرانه و له‌سه‌رو توانای دارایی خه‌ڵكه‌وه‌یه".
ڤێرجین شه‌معون به (كه‌ركوك ناو)ی وت نه‌ك هه‌ر ده‌رمان، خۆیان زۆرینه‌ی پێداویستییه پزیشکییەکانی تری وەک بابەتی خۆپارێزی له بازاڕه‌كاندا دەكڕن، چونكه له‌سه‌رده‌می كۆرۆنادا، نه رێكخراوی مرۆیی، نه حكومه‌ت و هیچ لایه‌نێكی تر هاوكاریی پزیشكی پێنه‌گه‌یاندون، به‌تایبه‌ت ده‌ستكێش و ده‌مامك.
ئاماره‌كانی توشبون به كۆرۆنا له عیراق، هێشتا له‌هه‌ڵكشاندایه و نیمچه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بۆ خۆپارێزی له زۆربه‌ی ناوچه‌كاندا به‌رده‌وامه، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر بارودۆخه‌كه‌ی بۆ ئه‌لقوش سەختتركردووه.
بادر عه‌مانوئێل، به‌رێوه‌به‌ری بنكه‌ی ته‌ندروستی ئه‌لقوش به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوە توشی كێشه‌ی كه‌می ده‌رمان بوینه‌وه، دواتر به‌هه‌وڵی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه و ژماره‌یه‌ك لێپرسراو رێگه‌یه‌ك كرایه‌وه بۆ هێنانی بڕێكی كه‌م ده‌رمان".
له شوباتی 2020 و سه‌روبه‌ندی گه‌یشتنی كۆرۆنا بۆ عیراق، ته‌نیا بڕێک ده‌رمان ره‌وانه‌ی ئه‌لقوش كراوه، ئه‌ویش له قه‌زای تلكێفهوه بووه. "ئه‌و رێژه ده‌رمانه‌ی بۆ ئه‌لقوش دابینده‌كرێت زۆر كه‌مه، چه‌ندجارێك داوامان له ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا كردوه زیادبكرێت به‌ڵام بێ‌سود بووه".
ئه‌لقوش ته‌نیا پزیشكێكی بۆ دانراوه له كاتێكدا پێویستی به زیاتر له چوار پزیشكە
به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی، له پێداویستییه‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا، ده‌ستكێش و ده‌مامك ته‌نیا به‌شی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی هه‌یه، بۆیه ناتوانن به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌شیان بكه‌ن و خه‌ڵك ناچارن له بازاڕه‌كاندا بیانكڕن.
"كێشه‌كه زیاتر له خراپی ئەرکپێسپاردنی پزیشك و پهرستیارهكاندایه، شوێنی وایە چوار پێنج پزیشكی هه‌یه به‌ڵام بۆ نمونه ئه‌لقوش ته‌نیا پزیشكێكی بۆ دانراوه له كاتێكدا پێویستی به زیاتر له چوار پزیشكە، هه‌مان كێشه له ناوچه‌كانی تلسقۆف و ده‌وروبه‌ریشی هه‌یه" بادر عه‌مانوئێل وای وت.
جگه له ته‌ندروستی، كه‌رته‌كانی تری خزمه‌تگوزاریش به ته‌واوی نهكهوتونهتهوهگهڕ، دوای ئه‌و زیانه زۆره‌ی له شه‌ڕی داعشدا به‌ریانكه‌وت، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێك له ئاواره‌كانه.
داعش له ناوه‌ڕاستی 2014دا كاتێك موسڵی كۆنتڕۆڵكرد، سێ بژارده‌ی خستە بەردەم کریستیانەکان؛ ئەوانیش ئیسلامبون، پێدانی جزیە یان بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان، بۆیە زۆرینه به ناچاری ئاواره‌بون.
به‌پێی ئاماره‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ده‌یان هه‌زار خانه‌واده‌ی كریستیان هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه زێدی خۆیان و له ئاواره‌ییدا ده‌ژین، جگه له‌وه‌ی هه‌زاران خێزانی تر – ته‌نیا له نه‌ینه‌وا زیاتر له 24 هه‌زار خێزان- به‌ره‌و وڵاتانی تر كۆچیانكردووه.
له كۆی زیاتر له 700 هه‌زار ئاواره‌ی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان سه‌دا 7یان كریستیانن.
گه‌وره‌ترین كێشه كه‌می ده‌رمان و نه‌بونی پشكنینه
"ده‌مانزانی ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته توشی ئه‌م ڤایرۆسه ببین، گه‌وره‌ترین كێشه‌یە؛ ئه‌ویش كه‌می ده‌رمان و نه‌بونی پشكنینه، بۆیه به ته‌واوی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كانی خۆپارێزییمان جێبهجێكردووە" ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی فیدڵ داود، دانیشتوی ئه‌لقوش.
ئه‌و هاوڵاتییه ده‌ڵێت، پێش كۆرۆنا كێشه هەر له كه‌رتی ته‌ندروستیدا هه‌بووه، بێ ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی بون، "له نه‌خۆشخانه سێ به‌شی ئه‌و ده‌رمانه‌ی پزیشك بۆمان ده‌نوسێت لای ئه‌وان نییه و ده‌بێت له بازاڕه‌كاندا بیكڕین"، فیدڵ به (كه‌ركوك ناو)ی وت به ئه‌سته‌م كه‌ره‌سته‌كانی پاككه‌ره‌وه و خۆپارێزییشیان ده‌ستده‌كه‌وێت.
به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هیچ توشبویه‌كی كۆرۆنا له ئه‌لقوش تۆمارنەكراوه، به‌ڵام له نه‌ینه‌وا به گشتی گه‌یشتۆته 43 كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ش شه‌ش كه‌سیان چاكبونه‌ته‌وه.
لارا یوسف، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ئه‌لقوش به (كه‌ركوك ناو )ی وت "ته‌ندروستی گشتی نه‌ینه‌وا ده‌مامك و ده‌ستكێشی بۆ نهناردوین تا به‌سه‌ر خه‌ڵكدا دابه‌شی بكه‌ین، دوای هه‌وڵێكی زۆر ته‌نیا توانیمان هه‌زار ده‌مامك له ته‌ندروستی دهۆك وه‌ربگرین بۆ هێزه ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه".
"ئه‌گه‌ر خوا نه‌كات حاڵه‌تێكی توشبون به كۆرۆنا له ناوچه‌كه‌ماندا هه‌بێت ئه‌وا پێویسته ره‌وانه‌ی شاری دهۆكی بكه‌ین".
لارا ده‌ڵێت به ته‌واوی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و خۆپارێزییان جێبه‌جێكردووه، له قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، دوركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، رشتنی ده‌رمان و پاككردنه‌وه‌ی شوێنه گشتییه‌كان تا گونده‌كان، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش توانا و ئه‌ركی ئیداره‌ی خۆجێیی ئه‌لقوشه.