دوو بڕیار لە گوندی رەحیم وەرەقەوە
كچان بۆ كابانی ماڵ و و كوڕان بۆ خوێندن

كفری، 2020/ دوو منداڵی گوندی رەحیم وەرەقە لەكاتی یاریكردندا فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

لەیلا ئەحمەد – كفری

 

بۆ ئەوەی ئینتیسار حسێن (18 ساڵ) بگاتە خوێندنگەكەی، دەبوو لانیكەم 15 كیلۆمەتر بە پاس و پاسكیل رێگای خۆڵ و قیرتاو ببڕێت، بەڵام كەسوكاری ئەوەیان قبوڵنەبوو و وتیان "شوو بكە و ماڵی خۆت دروستبكە، یان ببە بە كابانی ماڵ".

ئینتیسار كچێكی ئاوارەیە و لە ساڵی 2014ەوە لە گوندی رەحیم وەرەقە نیشتەجێیە، دەبوو بۆ خوێندن بچێتە قەزای كفری و لەو خوێندنگەیە درێژە بە خوێندن بدات كە تایبەت بۆ ئاوارەكان كراوەتەوە. بەڵام خەونی ئەو و دەیان كچی تری گوندەكە بووە قوربانی دابونەریت و پیاوسالاری، كاتێك هەموو خێزانەكانی ئەو گوندە كە ژمارەیان 18 خێزانە، بڕیاریاندا كچەكانیان لە خوێندن دەربكەن.

"گوندەكە قوتابخانەى تێدا نییە و دایک و باوکیشم لەبەر نەبونى لە قوتابخانە دایانبڕیم، چونكە نەیاندەتوانی خەرجی رۆژانەم پەیدا بكەن"، ئینتیسار زیاتر وتی "رۆژێك خێزانەكەم وتیان ئیتر نابێت كچان بخوێنن و پێویستە ببنە كابانێكی باش، یان شوو بكەن".

رۆژێك خێزانەكەم وتیان ئیتر نابێت كچان بخوێنن و پێویستە ببنە كابانێكی باش، یان شوو بكەن

بەڵام پێدەچێت كێشەكە تەنیا پارە نەبێت، چونكە لە گوندی رەحیم وەرەقە، كە هەموو خێزانەكان ئاوارەن، هەمان بڕیاریان بۆ كچەكانیان هەیە، بەپێچەوانەوە زۆرێك لە كوڕەكانی گوندەكە بە پاس و پاسكیل خۆیان دەگەیەننە خوێندنگە و بەردەوامن لە خوێندن.

لەمیعە عەبدوڵا (47ساڵ)، یەكێك لە ئاوارەكانی تری گوندی رەحیم وەرەقە، سێ کچ و چوار کوڕی هەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو كچی 15 ساڵ و 16 ساڵم بەشوداوە و لە خوێندن دەرمهێنان، نەماندەتوانی پارەی هاتوچۆیان بۆ دابین بكەین".

mndall-1
كفری، 2020/ منداڵێكی گوندی رەحیم وەرەقە لەكاتی وێنەكێشاندا فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

بەڵام لەگەڵئەوەشدا لەمیعە پاسكیلی بۆ كوڕەكانی كڕیوە بۆ هاتوچۆی خوێندنگە.

"کوڕەکانم چەندین ساڵە بە پاسکیل دەچنە گوندى داوانزە ئیمام و لەوێشەوە بە پاس دەچنە خوێندنگەکەیان"، بەوتەی لەمعیە.

بەگشتی گوندی رەحیم وەرەقە 15 كیلۆمەتر لە قەزای كفرییەوە دورە.

ئەو 18 خێزانەی ئەو گوندە، لە سەرەتای شەڕی داعش و لە ناوەڕاستی 2014 لە پارێزگای دیالە و بەتایبەت ناوچەی عوزێمەوە ئاوارەی قەزای كفری بون و لە بارودۆخێكی سەختی ئابوریدا ژیان بەڕێدەكەن.

وەك لەمیعە عەبدوڵا دەڵێت، "ئابوریمان زۆر خراپەو مێردەکەم کرێکارى دەکات، بۆیە ناتوانێت بژێویمان پەیدابكات، هەروەها گوندەکە ئاوى خواردنەوەى پیسە و نەخۆشخانە و خوێندنگەی نییە".

دەركردنی كچان لە خوێندنگە لەكاتێكدایە بەپێی ماددەی 34ی دەستوری عیراق، پەروەردە هۆكارێكی بنچینەییە بۆ گەشەسەندنی كۆمەڵگە و مافێكی سەرەكییە كە دەبێت حكومەت گەرەنتی بكات.

هەروەها بەپێی ماددەی 26 لە جاڕنامەی گرەدونی مافەكانی مرۆڤ، هەموو كەسێك مافی خوێندنی هەیە بەبێ جیاوازی.

هەندێك لە خێزانەكان بەو بڕیارەیان كچەكانیان روبەڕوی كێشە و نەهامەتی كردۆتەوە. دوای ئەوەی لە خوێندن دەریانهێناون لەو تەمەنە كەمەدا داویانن بەشوو.

سەبریە محەمەد (57 ساڵ)، دەڵێت سێ كوڕی لە خوێندن هێشتۆتەوە، بەڵام دوو كچی دەرهێناوە. ئەویش گرفتەكەی بۆ دۆخی ئابوری گەڕاندەوە.

ئەو وتی "دوای ئەوەی كچێكی 15 ساڵم لە خوێندن دەرهێنا، بەشومدا، بەڵام  بەڕاستی زۆر پەشیمانم، روبەڕوی کێشە و گرفتى خێزانى زۆر بۆتەوە، چونکە منداڵەو ناتوانێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت".

دوای ئەوەی كچێكی 15 ساڵم لە خوێندن دەرهێنا، بەشومدا، بەڵام بەڕاستی زۆر پەشیمانم

لەگەڵئەوەی كچانی گوندی رەحیم وەرەقە بێبەشبون لە خوێندن، ئاستی كوڕەكانیش باش نییە، وەك یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگەیەی تایبەت بۆ ئاوارەكان دروستكراوە، وتی "رەوشی ژیانیان زۆر خراپە و خێزانەكان ناتوانن مەسرەفی منداڵەكانیان بكەن".

layla
كفری، 2020/ لەیلا ئەحمەد، پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە گوندی رەحیم وەرەقە گفتوگۆ لەگەڵ كچێكی گوندەكە دەكات

"کوڕەکان لەپاڵ خوێندن كاردەكەن و کچەکانیش لە خوێندن دەرهێنراون، یان بەشویان دەدەن، یان بونەتە كابانی ماڵ"، مەهدی محەمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری خوێندنگە وایوت.

بێبەشكردنی كچانی گوندی رەحیم وەرەقە لە خوێندن، لەكاتێكدایە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ ساڵی خوێندنی 2017 – 2018، لە تەواوی خوێندنگە سەرەتاییەكانی عیراق بەبێ هەرێم، شەش ملیۆن و 197 هەزار و 870 خوێندكار هەبووە، تیایدا سێ ملیۆن و 286 هەزار و 712 نێر و دوو ملیۆن و 911 هەزار و 158یان مێ بون.

ئینتیسار ئەو كچەی خێزانەكەی لە خوێندن دەریانهێنا، هێشتا چاوی لە خەونەكەیەتی: ببێت بە مامۆستا، بەڵام هیشتا گوێیەكانی بە وتەی كەسوكارەكەی دەزرنگێتەوە كە پییانوت "کچ بچێتە سەر ژیان و ماڵى خوی گرنگترە لە خوێندن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT