كۆمسیۆنی نوێی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك؛ دامه‌زراوه‌یه‌ك و هه‌زار داواكاری

كه‌ركوك، ئایاری 2018، پشكنینی ده‌نگده‌ران له‌به‌رده‌م بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاروان ساڵحی

گۆڕانكارییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، برینێكی كۆن له‌ كه‌ركوك نوێده‌كاته‌وه‌؛ هه‌رسێ لایه‌نی عه‌ره‌ب، كورد و توركمان جارێكیتر ده‌خاته‌وه‌ نێو ناكۆكی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن و گومانی ساخته‌كاری زیندوده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كۆمسیۆن بۆ داڕشتنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لیه‌تی نوسینگه‌ی كه‌ركوك، له‌ 23ی ئایاری 2020دا، له‌ دانانی به‌ڕێوه‌به‌ر و لێپرسراوی نوێی به‌شه‌كاندا، ناڕه‌زایی یه‌كگرتوی لایه‌نه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمانی لێكه‌وتۆته‌وه‌ دژ به‌ لایه‌نی كوردی.

هه‌رچی لایه‌نی كوردییه‌ پێیانوایه‌ به‌ مافی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كۆمسیۆن و ژماره‌یه‌ك پۆستی دیكه‌یان پێدراوه‌، به‌ڵام عه‌ره‌ب و توركمان ئه‌و گۆڕانكارییه‌ به‌ غه‌در ده‌زانن و سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سی یه‌كه‌می كۆمسیۆن لای ئه‌وان بێت.

گۆڕانكارییه‌كان یه‌كه‌م هه‌نگاوی كرده‌یی كۆمسیۆنی نوێ بوو له‌ نوسینگه‌كانیدا، بۆ ئاماده‌كاریی هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و په‌رله‌مانی عیراق، كه‌ هێشتا واده‌ی به‌ڕێوه‌چونیان نادیاره‌.

 

عه‌ره‌ب داوای "هاوسه‌نگی" ده‌كه‌ن

لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی عه‌ره‌ب له‌ كه‌ركوك، پێیانوایه‌ هیچ هاوسه‌نگییه‌ك له‌ پۆسته‌كانی نوسینگه‌ی كۆمسیۆندا نییه‌، ئه‌وه‌ش به‌بڕوای ئه‌وان، رێگه‌ بۆ ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا خۆشده‌كات.

محەمەد رەییاشی، وتەبێژی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هەست بە دڵەڕاوكێی زۆر دەكەین بەرامبەر بە نوسینگەی كۆمسیۆن، چونكه‌ جارێكیتر پلە و پۆستەكان لە نێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن كه‌ هۆكاری سەرەكی بون بۆ تەزویر".

لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عیراق، ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن روبەڕوی رەخنەی لایەنەكان بۆوە و پرۆسەی هەڵبژاردن بە پرۆسەیەكی پاك دانەنرا، دوای ئەوەی لایەنێكی سیاسی بە تەزویری رێكخراو تۆمەتباركرا.

"گۆڕانكارییه‌كان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت دابه‌شكردنی پۆسته‌كان به‌پێی خواستی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كان و به‌ هاوسه‌نگی بێت" ره‌ییاشی وای وت.

وته‌بێژی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی هه‌ڕه‌شه‌ی خۆپیشاندان و مانگرتن ده‌كات، ئه‌گه‌ر گوێ له‌ گلییه‌كانیان نه‌گیرێت، به‌رپرسیارێتی لێكه‌وته‌كانی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ش ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی ئیداره‌ی كه‌ركوك و نوێنه‌رانی پارێزگاكه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق.

ده‌بێت دابه‌شكاری پۆسته‌كان له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ هاوسه‌نگی بێت

ناڕه‌زاییه‌كان له‌كاتێكدایه‌ عیراق له‌ به‌رده‌م دوو پرۆسه‌ی ده‌نگداندایه‌، هه‌ڵبژارنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.

ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا گۆڕانكارییه‌كانی كۆمسیۆن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، پێیانوایه‌ "سڕینه‌وه‌" و بردنی مافی ئه‌وانه‌.

له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی ده‌ڵێت له‌ 15 پۆستی ناو نوسینگه‌ی كۆمسیۆن، ته‌نیا پۆستێكیان پێدراوه‌، ئه‌وه‌ش جێی مه‌ترسییه‌، "ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ له‌ یه‌ك پێكهاته‌ی شاره‌كه‌ بن و ده‌ستبه‌سه‌ر كۆمسیۆندا بگرن".

هه‌روه‌ها داوای پێداچونه‌وه‌ بۆ گۆڕانكارییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ جۆرێك هاوسه‌نگی له‌ دابه‌شكردنی لێپرسراوێتییه‌كاندا هه‌بێت، تا ببێته‌ هۆی نه‌مانی مه‌ترسی ساخته‌كاری.

 

لایه‌نی كوردی: مافی خۆمان به‌ كه‌مه‌وه‌ وه‌رگرت

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ لایه‌نی سه‌ره‌كی كوردییه‌ له‌ كه‌ركوك و زۆربه‌ی ره‌خنه‌كانی روبه‌ڕوبۆته‌وه‌، پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ی پۆستانه‌ی به‌ر كورد كه‌وتووه‌ له‌ كۆمسیۆن، به‌شی كه‌می مافی خۆیانه‌ نه‌ك زیاتر.

dangdan (3)
كه‌ركوك، ئایاری 2018، ده‌نگدانی هاوڵاتییه‌ك بۆ په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"ناكرێت هه‌ر چاوه‌ڕوانی رازیكردنی دڵی ئه‌وانیتر بین، مافی خۆمان وه‌رگرتووه‌ به‌ كه‌مه‌وه‌، كه‌س خێری پێنه‌كردوین" غازی كه‌ركوكی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

له‌ گۆڕانكارییه‌كانی كۆمسیۆندا شه‌ش پۆست به‌ر كورد كه‌وتون، به‌ڕێوه‌به‌ر و لێپرسراوی چه‌ند به‌شێك و یاریده‌ده‌ری چه‌ند هۆبه‌یه‌ك له‌ نوسینگه‌ی كه‌ركوك.

غازی كه‌ركوكی ده‌ڵێت كورد نیوه‌ی ده‌نگی پارێزگاكه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ هه‌لبژاردنه‌كاندا، بۆیه‌ "لەمافی خۆمان خۆشنابین و رازیش نابین مافی كورد بخورێت".

ئەم موزایەدانە دەبێتە رێگر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت

ئه‌و لێپرسراوه‌ی یه‌كێتیی وتیشی گۆڕانكارییه‌كان به‌بێ هیچ ده‌ستوه‌ردانێكی حزبی كراون، له‌ به‌غداوه‌ كۆمسیۆنی نوێ بڕیاری ده‌ركردووه‌، كه‌ ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر بون و به‌ چاودێری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

له‌چه‌ندین خولی رابردودا، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆن لای كورد بووه‌، هه‌ر یه‌كێكیشیان روبه‌ڕوی ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان بونه‌ته‌وه‌، به‌هۆی گومانی سه‌خته‌كاری و ده‌ستكاری ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن

نوێنه‌رانی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق، - ته‌نیا ئه‌و حزبه‌ كوردییه‌ له‌ پشكی كه‌ركوك نوێنه‌ری چۆته‌ په‌رله‌مان- له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا دژی ناڕه‌زاییه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان ده‌وه‌ستنه‌وه‌ له‌سه‌ر كۆمسیۆن، "چونكه‌ بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە دەست لەکاروباری کۆمسیۆن وەربدات".

"ئەم موزایەدانە دەبێتە رێگر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت"، په‌رله‌مانتارانی كه‌ركوك داواشده‌كه‌ن کۆمسیۆن نەکەوێته‌وه‌ ژێر کاریگەری داواکاری ئەو لایەنانە و کارەکانیان بەوپەڕی پیشەیی و شەفافیەتەوە بکەن لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و دادپەروەر.

 

توركمان گره‌نتی ده‌وێت

حزبه‌ توركمانییه‌كان له‌ كه‌ركوك، گۆڕانكارییه‌كانی نوسینگه‌ی كۆمسیۆن به‌ هۆكارێك ده‌زانن بۆ ئه‌گه‌ری ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، داواده‌كه‌ن به‌ پێداچونه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌دا، گره‌نتی پاك و بێگه‌ردی ده‌نگدان به‌ پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌ بده‌ن.

turkman (3)
كه‌ركوك، 2018، ناڕه‌زایی لایه‌نگرانی حزبه‌ توركمانییه‌كان كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

سه‌رۆكایه‌تی به‌ره‌ی توركمانی، ته‌واوی گۆڕانكارییه‌كانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ره‌تكردۆته‌وه‌ و ده‌ڵێن "وادیاره‌ كۆمسیۆنی نوێ به‌ هه‌مان رێگه‌ی كۆمسیۆنی پشودا ده‌ڕوات كه‌ سومعه‌یه‌كی خراپی هه‌بوو، چونكه‌ كه‌سانێك داده‌مه‌زرێنێت به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ تێوه‌گلاون له‌ ساخته‌كارییه‌كانی رابردودا".

هه‌روه‌ها گومانیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی "هه‌وڵێك هه‌بێت بۆ دوباره‌كردنه‌وه‌ی ساخته‌كاری له‌ هه‌لبژاردنه‌كانی داهاتوو"، له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ "بێ ئومێدبوین له‌ بێده‌نگی كوتله‌ سیاسییه‌كان، حكومه‌ت و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و په‌رله‌مان له‌و پێشێلكارییانه‌ به‌ به‌رپرس ده‌زانین".

توركمانی كه‌ركوك، كه به‌شداربون له‌ ناڕه‌زاییه‌ به‌رده‌وامه‌كاندا دژ به‌ كۆمسیۆنی كه‌ركوك، زیاد له‌ جارێكیش داوایانكردووه‌ گۆڕانكاری له‌ ته‌واوی ئه‌ندامانی نوسینگه‌ی كۆمسیۆندا بكرێت.

به‌و گۆڕانكارییانه‌ی ئێستا ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م و كێشه‌كانی رابردوو

تەیمور عەبدولعەزیز بەیاتی، ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی حزبی توركمان ئیلی بە (كەركوك ناو)ی وت "له‌ بنه‌ڕه‌تدا دەبێت كۆمیسیۆن سەربەخۆ بێت، بەڵام له‌ هەڵبژاردنی 2018دا ده‌ركه‌وت نوسینگه‌ی كه‌ركوك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی (حزبێكدایه)‌، بۆیه‌ كاتی خۆیشی داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ستافی كۆمسیۆنمان كرد".

به‌یاتی گۆڕانكارییه‌كانی ئێستا به‌ "گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م" ده‌زانێت، چونكه‌ واده‌كات گره‌نتی بێگه‌ردی له‌ هه‌لبژاردندا نه‌بێت و متمانه‌یان رێكخه‌رانی پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌پارێزگاكه‌دا نه‌مێنێت، وه‌ك ئه‌و وتی.

پێشنیاری ئه‌وه‌شیكرد پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمسیۆن بدرێت به‌ توركمان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو.

 

كۆمسیۆن نیگه‌رانه‌

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، نیگه‌رانه‌ به‌ ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دژی گۆڕانكارییه‌كان و ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ یه‌كێك له‌و پۆستانه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای حزبایه‌تی و پشكپشكێنه‌ و نه‌ته‌وه‌یی دانرابن.

komision-1
كه‌ركوك، ئایاری 2018، بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆمسیۆن، له‌چوارچێوه‌ی چه‌ند رێكارێكدا و دوای وه‌رگرتنی ناوی سه‌دان كاندید له‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌، بانكی مه‌ركه‌زی و دیوانی چاودێری دارایی، 337 كه‌س هه‌ڵبژێراون له‌ كۆی 860 كه‌س بۆ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ر، لێپرسراوی به‌ش و هۆبه‌ له ‌نوسینگه‌ی نیشتمانی و ته‌واوی پارێزگاكان.

كۆمسیۆن جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ دانانی كاندیدی پۆسته‌كان پشتی به‌ستووه‌ به‌ توانا، پیشه‌یی، سه‌ربه‌خۆیی دور له‌ ئینتیما و لایه‌نگری.

كۆمسیۆنی ئێستای باڵای هه‌ڵبژاردن، به‌پێی یاسایه‌كی نوێ له‌ ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر هه‌ڵبژێراون وه‌ك داخوازییه‌كی خۆپیشاندانی چه‌ند مانگه‌ی به‌غدا و شاره‌كانی تر، هه‌ر ئه‌وانیش ته‌واوی پۆسته‌كانی تر له‌ پارێزگاكان دیاریده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی كۆمسیۆن ده‌وترێت ناڕاسته‌ و جێی نیگه‌رانییه‌

"به‌سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانی زۆره‌وه‌ به‌یاننامه‌ی به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانمان بینی له‌درۆ و ناڕاستی ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی فه‌رمانبه‌رانی نوێ".

ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ش به‌زیان و دروستكردنی ئاڵۆزی لێكده‌ده‌نه‌وه‌، كه‌ دواجار، ده‌بێته‌هۆی دواخستنی ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌لبژاردنی پێشوه‌خته‌ وه‌ك داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران.

حكومه‌تی نوێی عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی، له‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا له‌ ئایاری 2020، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانیان بۆ ره‌خساندنی بارودۆخێكی ئارام به‌ ئامانجی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی بێگه‌رد و دادپه‌روه‌ر.

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رونیكردۆته‌وه‌ كاندیدی پۆسته‌ نوێیه‌كان، نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای لایه‌نداری و نه‌ته‌وه‌یی دانه‌نراون، هیچ یه‌كێكیشیان نییه‌ تاوانێكی دیاریكراو یان به‌ڵگه‌ی تاوان و گه‌نده‌ڵی و خراپه‌كاری له‌ دژ هه‌بێت.

قۆناغی نوێی ناكۆكیی له‌ كه‌ركوك، دوای پشویه‌كی كورتخایه‌ن دێت له‌و گفتوگۆ چڕ و پڕ له‌ ململانێیانه‌ی له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوو ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكه‌ له‌ ئارادابون، دواجار به‌ رێككه‌وتنی كوتله‌ سیاسییه‌كان كۆتاییهات و ئێستاش واجارێكیتر كه‌وتۆته‌وه‌ به‌رده‌م مه‌ترسی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT