بەرەی عەرەبی یەكگرتوو، داوا لە سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك لە پۆستەكەی دوربخاتەوە، ئەوەش بەهۆی "كەمتەرخەمیی و بەكارهێنانی پۆستەكەی" بۆ بەرژەوەندی خۆی و حزبەكەی.
ئەو بەرەیە كە لە سەرەتای ساڵی رابردوو لەلایەن كۆمەڵێك حزب و لایەنی عەرەبی كەركوك و ژمارەیەك هۆز و عەشیرەت پێكهێنرا، ئەمڕۆ یەكشەممە 31ی ئایار لە بەیاننامەیەكدا ئەو داواكارییەیان خستە بەردەم مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق و داوای دانانی پارێزگارێكی بێلایەن دەكەن كە ئینتیمای بۆ هیچ حزبێك نەبێت و بەیەك مەودا لەهەموو پێكهاتەكانەوە نزیكبێت. لەگەڵئەوەشدا بۆی نەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتودا بەشداریی بكات تا پۆستەكەی بۆ ئەو مەبەستە بەكارنەهێنێت.
"ئەم داواكارییە لەپێناو پاراستنی دەستكەوتەكانی پلانی سەپاندنی یاسا و بەهۆی گەیشتنە بە هێڵی سور، چونكە هاوڵاتیانی عەرەبی و كەركوك كەوتونەتە بەردەم هەڕەشە"، هەر لەبەیاننامەكەدا هاتووە "پارێزگاكەش گومانی زۆری گەندەڵی لەسەرە و چەندین داوا هەیە لە دەستەی نەزاهە".
ئەم داواكارییە لەپێناو پاراستنی دەستكەوتەكانی پلانی سەپاندنی یاسا و بەهۆی گەیشتنە بە هێڵی سور
بەرەی عەرەبی كە وەكو نەیاری ئەنجومەنی عەرەبی كەركوك دەبینرێت – ئەمەی دواییان راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات-، دەڵێت "ئیدارەدان بۆتە شەخسیی و بەبێ هیچ پلانێك خەڵكی بەتوانا دەسڕدرێتەوە"، هەروەها هاتووە "هیچ پلانێك نییە بۆ پڕۆژە ستراتیژیییەكانی وەك نەخۆشخانە، كارەبا، ئاو، ئاوەڕۆ و نیشتەجێكردن".
بەرەی عەرەبی ئەو كەمتەرخەمییانە دەخاتە ئەستۆی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و دەڵێت "بەرپرسە لەو پەرتەوازەییەی كە پێكهاتەی عەرەب تێیكەوتووە و دەستیگرتووە بەسەر مافەكانیاندا، پۆستەكان بۆ عەشیرەت و كەسانی نزیك لە خۆی دادەنێت. كەسانی عەرەبی بەتوانا لادەدات كە دڵسۆزییان بۆ ئەم و حزبەكەی نییە و یاریی بە شایستە و توانای پارێزگاكە دەكەن".
هەروەها راكان سەعید تۆمەتبار دەكەن بەوەی بەرپرسیارێتی یەكەمی ئەو باردۆخەی لە ئەستۆدایە كە نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی تێكەوتووە و تیایدا هاتووە "شایستەی پێكهاتەی عەرەب لە كۆمسیۆن لەبەرچاونەگیراوە و ئەو بەرپرسی یەكەمە لەو بابەتە... كەمتەرخەمیی و كەموكورتی بەئەنقەست هەیە و لەگەڵ بەغدا و ئەنجومەنی كۆمسیاران لەسەر هێڵ نەبووە بۆ چاودێریكردنی ئەو دۆسیەیە تا بڕیارەكە دەرچووە".
شایستەی پێكهاتەی عەرەب لە كۆمسیۆن لەبەرچاونەگیراوە و ئەو بەرپرسی یەكەمە لەو بابەتە
لە 23ی ئایار، كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان، كۆمەڵێك گۆڕانكاریی كرد بۆ داڕشتنهوهی ههیكهلیهتی نوسینگهی كهركوك، له دانانی بهڕێوهبهر و لێپرسراوی نوێی بهشهكاندا، ئەوەش ناڕهزایی لایهنهكانی عهرهب و توركمانی لێكهوتەوە.
هەفتەی پێشوش، حزبی توركمان ئیلی، بەهەمان شێوە داوای دورخستنەوەی راكان سەعید و دانانی كەسێكی توركمانی كرد لە پۆستی پارێزگار و ناوبراویان بە "كەمتەرخەم و ئیدارەیەكی گەندەڵ" تۆمەتبار كرد.