له ناحیه‌ی سنونێی شنگال، سێ برا له‌كاتی كاركردندا دیارنامێنن و به‌وته‌ی باوكیان رفێنراون، له‌كاتێكدا به‌وته‌ی لێپرسراوانی ئیداری و ئه‌منی هیچ سكاڵایه‌ك له‌وباره‌یه‌وه تۆمارنه‌كراوه.
ئه‌و سێ برایه، ئێواره‌ی سێشه‌ممه 2ی حوزه‌یران له ناوچه‌ی گرزهركی ناحیه‌ی سنونێ بێسه‌روشوێن بون، كاتێك له ناوچه‌كه‌دا سه‌رقاڵی كرێكاری بون.
سه‌عید سه‌یدۆ، باوكی بێسه‌روشوێنه‌كان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "كاتژمێر 5ی ئێواره بووه، هه‌رسێ كوڕه‌كه‌م له ئیش بوین كاتێك چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراو رفاندویانن".
عیمران (25 ساڵ) عيماد (24 ساڵ) و ئه‌میر (20 ساڵ) پێكه‌وه دیارنه‌ماون.
ئه‌و خێزانه دوكانی پێداویستی كاره‌باییان هه‌یه و هه‌رسێ براكه جگه له كرێكاریی، جاربه‌جار له به‌ڕێوه‌بردنی دوكانه‌كه‌دا هاوكاری باوكیان كردووه.
كێشه‌مان له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س و لایه‌نێكدا نییه
"كێشه‌مان له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س و لایه‌نێكدا نییه، ته‌نیا ئیشی رۆژانه‌ی خۆمان ده‌كه‌ین" سه‌عید كه دوو كوڕی دیكه‌یشی هه‌یه، وای وت.
ئه‌و ده‌ڵێت له رۆژی روداوه‌كه‌دا، "یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه) له‌گه‌ڵ دوو كوڕمدا قسه‌یانكردووه، نازانم باسی چی‌یان كردووه، به‌ڵام دوای ئه‌و ته‌له‌فۆنه دیارنه‌ماون و گومانم هه‌یه، هه‌رچه‌نده كوڕه‌كانم هیچ شتێكی خراپیان نه‌كردووه به‌رانبه‌ر هێزه‌كانی یه‌به‌شه و په‌یوه‌ندیشیان له‌گه‌ڵیاندا نییه".
سه‌عید وتی "هه‌موو شوێنێكم ئاگاداركرۆته‌وه، به‌ڵام چاره‌نوسیان نادیاره، بۆیه داواكارم ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌دواداچون بكه‌ن و بیاندۆزنه‌وه".
(كه‌ركوك ناو) چه‌ندجارێك هه‌وڵیدا په‌یوه‌ندی به هێزه‌كانی یهشهبهوه بكات به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه لێپرسراوانی ئیداری و ئه‌منی ناوچه‌كه ره‌تیده‌كه‌نه‌وه یه‌به‌شه هیچ كه‌سێكی رفاندبێت.
هه‌رگیز هێزه‌كانی یه‌به‌شه هیچ كه‌سێك نارفێنن
خودێدا چوكی، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هیچ كه‌سێك سكاڵای له‌سه‌ر ئه‌و روداوه تۆمارنه‌كردووه و ئێمه‌یان ئاگادارنه‌كردۆته‌وه، به‌ڵام دڵنیایی ده‌ده‌ین كه‌س له سنوری ئێمه‌دا نارفێنرێت".
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی پێشتر (كه‌ركوك ناو)، جگه له یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، زیاتر له پێنج هێزی چه‌كداری جیاواز له شنگال هه‌ن.
شێرزاد شەمۆ، ئه‌فسه‌ر له هێزه‌كانی ئاسایشی ئێزیدیخان سەر بە ئەنجومەنی خۆبەڕیوەبەری شنگال –به‌شێك له دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوچه‌كه‌یان له‌ده‌ستدایه- به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دۆسیه‌ی رفاندنی ئەو سێ برایه‌مان بیستوه، به‌ڵام كه‌س لای ئێمه سكاڵای تۆمارنه‌كردووه، ئه‌وان له‌لایه‌ن یه‌به‌شه‌وه نهرفێنراون و هه‌رگیز یه‌به‌شه كاری له‌وشێوه‌یه ناكات".
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه.