هەر چوار توشبووەكەی كۆرۆنا لە دوزخورماتوو چاكبونەوە و گەڕانەوە ناو كەسوكارییان، لە ئێستادا هیچ توشبوویەك لە قەزاكەدا نییە.
لە ماوەكانی رابردودا چوار حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قەزای دوزخورماتوو سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین تۆماركران كە ئەندامی یەك خێزان بون، بۆ ئەو مەبەستەش لە نەخۆشخانە هێڵدرانەوە و خرانە ژێر چاودێرییەوە.
محەمەد ئەکبەر، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "چوارشەممە 3ی حوزەیران سێ توشبوی قەزاكە دوای ئەوەی بۆ جارێكی تر پشكنینان بۆ كرایەوە، ئەنجامەكەیان دەركەوت نێگەتیڤن و چاكبونەتەوە نەخۆشخانەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە ناو كەسوكاریان".
وتیشی "توشبوویەكی تریش كە رەوانەی نەخۆشخانەی كەركوك كرابوو، ئەویش هەمان رۆژ چاكبۆوە و گەڕایەوە ناو كەسوكاری".
توشبوویەكی تریش كە رەوانەی نەخۆشخانەی كەركوك كرابوو، ئەویش هەر دوێنێ چاكبۆوە و گەڕایەوە ناو كەسوكاری
ئەو چوار توشبووە ئەندامی یەك خێزان بون. بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دوزخورماتوو ئێستا قەزاكە هیچ توشبویەكی تێدا نییە.
ناوبراو داوای لە خەڵكی كرد پابەندبن بە رێنماییەكان و خۆیان بپارێزن و وتی "لەئێستادا بەردەوامین لە چاودێریی و پشکنین بۆ خەڵکى شار لەپێناو رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە.
لە تەواوی پارێزگای سەڵاحەدین تا ئێستا 22 توشبوو تۆماركراون و 10یان چاكبونەتەوە، ئەوەش بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق.