سالار عەبدولستار محەمەد، دادوەری دادگای لەیلان، وەكو كاندیدی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ پۆستی وەزیری داد دیاریكرا بۆ ئەوەی پەرلەمان شەممەی داهاتوو متمانەی پێبدات. هاوكات پارتی دیموكراتی كوردستانیش فواد حسێنی بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە كاندیدكرد. ئەو دوو لایەنە بڕیاریان ئەوەیە دژایەتی كاندیدی یەكتر نەكەن.
ئەو دوو كاندیدەی كورد، دوێنێ پێنجشەممە 4ی حوزەیران، سیڤییەكانیان ئاراستەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كرا.
جەمال شکور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر پشکی یەکێتی، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئێمە بەڕەسمی دادوەر سالارمان بۆ وەزیری داد كاندید كرد، ئەو پۆستە پشكی یەكێتییە و پارتیش تائێستا هیچ نیگەرانیی و ناڕەزاییەكی بۆ كاندیدەكەمان نییە".
ئەو پۆستە پشكی یەكێتییە و پارتیش تائێستا هیچ نیگەرانیی و ناڕەزاییەكی بۆ كاندیدەكەمان نییە
وەزارەتی داد و دەرەوە، ئەو دوو پۆستەی كورد بون، كە بەهۆی ناكۆكیی و رێكنەكەوتنی لایەنە كوردییەكانەوە لە سەرەتای ئایاری رابردوو پڕنەكرانەوە. هەردولا دژایەتی كاندیدی یەكتریان كرد.
جەمال شوكر، وتی "ئێمە هیچ تێبینییەكمان بۆ كاندیدی پارتی نییە كە فواد حوسێنە و كاندید كراوە بۆ وەزیری دەرەوەی عیراق".
پارتی كە لە كاتی متمانەدان بە كابینەكەی مستەفا كازمی (6ی ئایار)، پشتیوانی عهبدولڕهحمان مستهفا، پارێزگاری پێشوتری كهركوكی كرد بۆ وەزیری داد، بەڵام ناوبراو متمانەی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا، لەئێستادا بڕیاری ئەوەیە دژایەتی كاندیدی یەكێتی نەكات.
ناسر هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فِراکسیۆنی پارتی، لەناو کۆبونەوەی فِراکسیۆنەکەیەوە –ئێوارەی پێنجشەممە- بە (کەرکوک ناو)ی وت "پارتی بڕیاریداوە کاندیدی وەزارەتی داد هەر کەسێک بێت و لەلایەن مستەفا کازمییەوە کاندید کرابێت دەنگی پێبدات، لە دانیشتنی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عیراق کۆتایی بە دۆسییەی کاندیدانی ئەو دوو وەزارەتە بهێنین".
هەرکی جەختیكردەوە كە حزبەكەی کۆبونەوە و دانوستانی چڕ رێکدەخات و ئامانج لێی کۆکردنەوەی پشتیوانییە بۆ دکتۆر فوئاد حسێن تا رەزامەندی زۆرینە بەدەستبهێنێت بۆ وەزیری دەرەوە.
سیڤی كاندیدی پۆستی وەزارەتی داد
سالار عەبدولستار محەمەد حسێن
لەدایکبوی 1975
کاری ئێستای: دادوەری دادگای لەیلان
پێشتر دادوەر بووە لە دادگاکانی شوان و ناحیەی تازە
سەرۆکی دادگای ئێستیئنافی فیدراڵی بووە لە بەڕێوەبەرایەتی ناسنامەی داقوق
کاری لە دادگای لیکۆڵینەوەی رەسافەی یەک کردووە و پسپۆڕە لە دۆسییەکانی تیرۆر