كۆرۆنا گەیشتە حەویجە
چوار كەس توشبون و دوانیان پزیشكن

كەركوك/ حوزەیرانی 2020/ دوو پزیشكی نەخۆشخانەی گشتی حەویجە توشی كۆرۆنا بون فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی حەویجە

كاروان ساڵحی

چوار حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ یەكەمجار لە قەزای حەویجەی باشوری خۆرئاوای كەركوك تۆماركران، كە دوانیان پزیشكن و بەركەوتنیان لەگەڵ هاوڵاتیانی قەزاكەدا هەیە.

سەرچاوەیەکی پزیشكی لە قەزای حەویجە، ئەمڕۆ هەینی 5ی حوزەیران بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی ئەو ئەنجامانەی لە تاقیگەی گشتی گەڕاونەتەوە، دەرکەوتووە چوار کەس لە حەویجە توشی ڤایرۆسی کۆرنا بون کە دوانیان پزیشکن".

سەرچاوەکە جەختیكردەوە لەوەی، پزیشکەکان ئەحمەد عەواد جبوریی و ئوسامە عوبەیدین، كە لە نەخۆشخانەی گشتی حەویجە دەوامدەکەن و ئەو دوو کەسەی دیکەش دانیشتوی ناحیەی عەباسین سەر بە هەمان قەزا.

ئەو دوو هاوڵاتییە یەكێكیان چەند رۆژێک لەمەوبەر لە ئوردن گەڕاوەتەوە و دوای پشكنین دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە و تەواوی كەسوكارەكەشی هەر لەناو مالی خۆیان كەرەنتینكراون.

تەواوی ئەو چوار توشبووە، گوزاراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەی پیشەسازی كەركوك، بەپێی سەرچاوەكە.

لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دکتۆر عەلی عەباس جاسم ئەلدوری، لێپرسراوی شانەی قەیرانی قەزای حەویجە، لە راگەیەنراوێكیدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، جەختیكردەوە لە راستی هەواڵەكە و وتی "داوادەكەم هەر هاوڵاتییەک سەردانی ئەو پزیشکانەی کردووە لە ماوەی رابردودا، ئەوا بۆ ماوەی 14 رۆژ لە ماڵەوە خۆی کەرنتینە بکات و هەر نیشانەیەکی ئەو ڤایرۆسەی هەبوو سەردانی نەخۆشخانەی حەویجە بکات".

mzgawt-corona
كه‌ركوك، ئاداری 2020، هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ و ده‌رمانڕشتن له‌ مزگه‌وت و شوێنه‌ ئاینییه‌كان بۆ خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئیداره‌ی كه‌ركوك

هەروەها داوای لە خەڵكی قەزاكە كرد، پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان ببن و خۆیان بپارێزن، چونكە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە جدییە.

ئەوە بۆ یەكەمجار كۆرۆنا لە قەزای حەویجە (55كم باشوری خۆرئاوای كەركوك) بڵاوبێتەوە و ئەمڕۆش وەزارەتی تەندروستی عیراق توشبونی 28 كەسی تری لە پارێزگای كەركوك راگەیاند.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT