لیوایەكی سوپا لە گوندە كاكەییەكان جێگیربوو
پۆلیسی فیدراڵی دۆسییەی ئەمنی داقوقی وەرگرت

كەركوك/ 7ی حوزەیرانی 2020/ پۆلیسی فیدراڵی لەكاتی چونیان بۆ ناو شاری داقوق فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

محەمەد  ئەڵماس

لیوای 45ی سوپای عیراق لە گوندە كاكەیینشینەكانی قەزای داقوق جێگیربون و پۆلیسی فیدراڵیش دۆسییەی ئەمنی ناو شاری قەزاكەی وەرگرت.

ئەو گۆڕانكارییە ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی حوزەیران چووە بواری جێبەجێكردنەوە، تیایدا بەپێی سەرچاوەیەك لیوای 20ی فرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی دۆسییەی ئەمنی ناو شاری داقوقی پێ سپێردرا.

سەرچاوەكە، وتیشی "لیوای 45ی سوپا لەناو سەنتەری قەزاكە نەماو لە گوندە كاكەیینشینەكانی داقوق جێگیربون لەناوچەی حەفتەغار".

ئەو گۆڕانكارییە هاوكات بوو لەگەڵ ناڕەزایی بەردەوامی كاكەییەكان دژی خراپی دۆخی ئەمنی ناوچەكەیان كە بەهۆیەوە لە ماوەكانی رابردودا پێنج گوندی كاكەیی بە تەواوی چۆڵكران.

هەروەها دوای هەفتەیەك دێت لە سەردانی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كەركوك و سەرپەرشتیكردنی ئۆپەراسیۆنێك بۆ پاككردنەوەی 17 گوند لە ناوچەی دابڕاوی نێوان هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و كەركوك و بەتایبەت لە سنوری داقوق.

101700854_556394341691733_2375758468060601078_n
كەركوك/ 7ی حوزەیرانی 2020/ پۆلیسی فیدراڵی لەكاتی چونیان بۆ ناو شاری داقوق فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

پێشتر (كەركوك ناو)، بڵاویكردەوە كە كاكەییەكانی داقوق گرفتی ئاسایشیان بۆ دروستبووە و دەڵێن؛ ژیان و قوتی خێزانەكانیان لەبەردەم مەترسی گروپە چەكدارەكاندایە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ غافڵبونی هێزە ئەمنییەكان بە قەدەغەی هاتوچۆوە لەوكاتەوه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق و ناوچەكەدا بڵاوبۆتەوە.

ئەو گرفتە ئەمنییە كە دوو مانگە بەشێوەی بەربڵاوتر لە باشوری كەركوك بەرۆكی ئەو كەمینە ئایینییەی گرتووە، دوای ئەوە دێت ئەو هێزانەی لە ناوچه‌كه‌دا بونیان هەبوو، ئەركی سەرەكیان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری تری ئیدارەی كەركوك گۆڕدرا، كە چۆن قەدەغەی هاتوچۆ بەتەواوی لەناو یەكە ئیدارییەكاندا جێبەجێبكەن و رێگە بەهاتوچۆی هاوڵاتیان نەدەن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT