ئیدارەی كەركوك دواجار بەڵێنیدا دەستبكات بە وەرگرتنی بەروبومی دانەوێڵەی جوتیاران كە پرۆسەكە بەهۆی گرفتێكەوە راگیرابوو، بەڵام لەئێستادا تەنیا 70 هەزار تەن لە جوتیاران وەرگیراوە، لەكۆی بەرهەمی 500 هەزار تەن.
سایلۆی كەركوك بە بڕیاری ئیدارەی پارێزگاكە، لە سەرەتای وەرزی دروێنەدا بڕیاریدا وەرگرتنی بەروبومی جوتیاران رابگرێت، بە بیانوی تێکەڵبونی نیسک لەگەڵ دانەوێڵەی گەنم و جۆ، بەڵام شەممە 6ی حوزەیران بەچەند مەرج و رێنماییەكەوە پرۆسەكە دەستیپێكردەوە.
راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "لەمەودوا بەروبومی جوتیاران وەردەگیرێت، بەڵام کار بە راسپاردەکانی لیژنەی باڵا دەکەین کە نوێنەرانی هەریەکە لە وەزارەتەکانی بازرگانیی و کشتوکاڵی لەخۆگرتووە، کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە دەبێت سامپڵی دانەویڵەی هەر جوتیارێک دەستنیشان بکرێت و دوای پشکنینی لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە لە جوتیارەکە وەربگیرێت".
زوهەیر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک، لە لێدوانێکیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "دروێنەی دانەویڵەی ئەمساڵ لە کەرکوک لە قۆناغی كۆتاییدایە و لەسەدا 95ی بەروبومەكان دروێنەكراون و 500 هەزار تەن بەرهەم هەبووە".
دروێنەی دانەویڵەی ئەمساڵ لە کەرکوک لە قۆناغی كۆتاییدایە و لەسەدا 95ی بەروبومەكان دروێنەكراون
زوهەیر وتی تائێستا 70 هەزار تەن دانەوێڵە لە جوتیاران وەرگیراوە و لە 6ی حوزەیرانەوە جارێكی تر دەستكراوە بە وەرگرتنی دانەوێڵەی جوتیاران.
بۆ وەرگرتنی دانەوێڵەی هەر جوتیارێك، لیژنەیەكی هاوبەش پێكهێنراوە، بە ئەندامێتی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، بازرگانیی و ئاسایشی نیشتیمانی، لە ماوەی حەوت رۆژدا ئەو لیژنەیە وردبینیی و پشكنین بۆ بەروبومەكانی جوتیاران دەكەن و دواتر بڕیار لەسەر وەرگرتنی یان رەتكردنەوەی دەدرێت، ئەوەش هەر بەوتەی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك.