روبه‌رێكی فراوان له چیای شنگال سوتا، به‌هۆی ئه‌و ئاگره‌ی له ئێواره‌ی دوێنێ شه‌ممه‌وه نه‌توانراوه كۆنتڕۆڵبكرێت، تادێت زیاتریش له كه‌مپی ئاواره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه نزیكتردهبێتهوه.
ئێواره‌ی شه‌ممه 6ی حوزه‌یران له باكوری چیای شنگال ئاگر كه‌وته‌وه، به‌هۆی سه‌ختی رێگه‌ی هاتوچۆوه، ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه ناگه‌نه ناوچه‌كه، بۆیه خه‌ڵك و ئاواره‌كان هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه ده‌ده‌ن.
خه‌یری قاسم، ئاواره‌ی ئێزیدی نیشته‌جێی كه‌مپی چیای شنگال گومانی هه‌یه روداوی كردنه‌وه‌ی ئاگره‌كه به ئه‌نقه‌ست بوبێت، "ئامانج له‌و روداوه تێكدانی بارودوخی ئه‌منی و رێگرییه له‌و به نیازن بگه‌ڕێنه‌وه"، ناوبراو بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك وای وت و ناوی هیچ كه‌س و لایه‌نێكیشی نه‌هێنا.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه هێشتا خه‌ڵك و لێپرسراوانی ناوچه‌كه سه‌رقاڵی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ن و له هۆكاره‌كانی روداوه‌كه‌یان نه‌كۆڵیوه‌ته‌وه.
"ئاگره‌كه هێشتا نه‌گه‌یشتۆته كه‌مپ، به‌ڵام دوكه‌ڵێكی زۆر هه‌یه، ئه‌وه‌ش بۆته مه‌ترسی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌نگه‌نه‌فه‌سییان هه‌یه" به‌وته‌ی خه‌یری بۆ (كه‌ركوك ناو).
زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئاواره‌ی ئێزیدی، له سه‌روبه‌ندی هێرشه‌كانی داعش رویانكرده چیای قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای نه‌ینه‌وا) و هێشتا سه‌دان خێزان له دوو كه‌مپی ئه‌و سنوره‌دا ماون؛ كه‌مپی چیای شنگال زیاتر له دوو هه‌زار و كه‌مپی سه‌رده‌شت زیاتر له هه‌زار خێزانی تێدایه.
عه‌لی شه‌عبۆ، لێپرسراوی كه‌مپی سه‌رده‌شت له چیای شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی چیا، روداوێكی ئاساییه و هیچ كه‌سێك و لایه‌نێك به ئه‌نقه‌ست ئه‌و كاره‌ی نه‌كردوه".
ئه‌و ده‌ڵێت هێشتا ئاگره‌كه سێ كیلۆمه‌تر له كه‌مپه‌كانه‌وه دورن و هیچ ئاواره‌یه‌كی ناوچه‌یه‌ك به‌وهۆیه‌وه زیانیان به‌رنه‌كه‌وتووه.
"كێشه‌كه‌یه ئه‌وه‌یه ئوتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه ناگاته چیا، بۆیه خه‌ڵكێكی زۆر له ئاواره و خه‌ڵكی ناوچه‌كه سه‌رقاڵی كۆنتروڵكردنهوهی ئاگره‌كه‌ن".
شه‌عبۆ رونیكرده‌وه ئاگره‌كه به درێژایی حه‌وت تا هه‌شت كیلۆمه‌تر رۆیشتووه، هه‌زاران داربه‌ڕوو سوتاون و زیانی زۆر به ژینگه‌ی ناوچه‌كه كه‌وتووه، له ئێستادا ده‌وروبه‌ری سه‌دا 20ی ئاگره‌كه ماوه تا كۆنتڕۆڵبكرێت.
چیای شنگال، كه ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانه له سنوری نێوان عیراق و سوریا له پارێزگای نه‌ینه‌وا، ده‌یان گوندی كۆن و شوێنی ئایینی تێدایه.