باوكێك لەكاتی ئاهەنگی شەكراو خواردنەوەی كوڕەكەیدا، "تەقەی خۆشی" كرد، بەهۆیەوە كوڕەكەی كوشت و دوو منداڵی تری بریندار كرد.
ئەو روداوە ئێوارەی یەكشەممە 7ی حوزەیران لە قەزای حەویجە رویدا، لەوكاتەی ئاهەنگی شەكراوخواردنەوەی كۆتاییهات و گەڕانەوە ماڵ.
سەرچاوەیەکی ئەمنی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ساڵح خزر جاسم 17 ساڵ، دوێنێ ئاهەنگی شەكراوخواردنەوەی بوو لەگەڕەكی نیدا لە حەویجە، دوای تەواوبونی مەراسیمەكە و لەكاتی گەڕانەوەیاندا باوكی تەقەی خۆشیی كردووە، بەهۆیەوە گولـلەیەك بە كوڕەكەی كەوتووە و دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە".
هەر بە تەقەی خۆشی، دوو منداڵ برینداربون.
هەر دوێنێ یەكشەممە تەرمی ساڵح خزر رەوانەی پزیشكی دادوەری كەركوك كراو دواتر رادەستی كەسوكاری كرایەوە.
ساڵانە لە كەركوك بە تەقەی خۆشیی دەیان كەس دەبنە قوربانی و بەپێی ئامارێكی (كەركوك ناو)، تەنیا لە ساڵی 2014ەو 2015 لانیكەم 24 كەس بەتەقەی خۆشی كوژراون یان برینداربون.