به‌شێك له‌ قوتابیانی زانكۆ له‌ خوێندنی ئه‌لیكترۆنی ناڕازین

ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی زانكۆی كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی زانكۆ

ئیناس عه‌بدوڵا – كه‌ركوك

سیسته‌می فێربونی ئه‌لیكترۆنی له‌ زانكۆكاندا، روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایی قوتابیان بۆته‌وه‌ به‌هۆی چه‌ند گرفتێكه‌وه‌ له‌ نێویاندا خراپی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت و بێ كاره‌بایی.

ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ی خوێندكارانی زانكۆ، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی، كه‌ زانكۆی كه‌ركوكیش بڕیاریداوه‌ كاری پێبكات، دوای ئه‌وه‌ی قۆناغی دوه‌می ساڵی خوێندنی له‌رێی هه‌مان سیسته‌مه‌وه‌ ته‌واو كرد.

بڕیاری خوێندنی ئه‌لیكترۆنی دوای ئه‌وه‌هات له‌ عیراق به‌ئامانجی خۆپارێزی له‌ مه‌ترسی كۆرۆنا و تێكه‌ڵاونه‌بونی خه‌ڵك ده‌وامی ناوه‌نده‌كانی خوێندن راگیران.

ئه‌حمه‌د به‌ختیار، خوێندكاری كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی له‌ زانكۆی كه‌ركوك پێیوایه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا "خه‌ونی زۆر به‌رز" به‌ جێبه‌جێكردنی سیسته‌می خوێندنی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ ده‌بینن، له‌ كاتێكدا ئه‌و و ده‌یان كه‌سی تر كێشه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌یه‌ و لێی سودمه‌ند نابن.

له‌ وانه‌كان تێناگه‌ین و هه‌ماهه‌نگی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ مامۆستایاندا نییه‌

به‌وته‌ی ئه‌حمه‌د بۆ (كه‌ركوك ناو)، روبه‌ڕوی گرفتی زۆر بۆته‌وه‌، له‌ وانه‌كان تێناگات، چونكه‌ هه‌ماهه‌نگی و گفتوگۆی راسته‌وخۆی نییه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستاكاندا، زۆرێك له‌ وانه‌كانیش بێ شیكردنه‌وه‌ی پێویست ده‌خرێنه‌ ناو پرۆگرامه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌وه‌.

به‌شێك له‌ خوێندكارانی زانكۆ، ره‌خنه‌یان له‌ وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی مامۆستاكانیان هه‌یه‌ كاتێك پرسیاریان لێده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ ببنه‌ قوربانی بڕیاری به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی خوێندنی ئه‌مساڵ، "خوێندنی ئه‌لیكترۆنی خه‌ونێكی گونجاو نییه‌ بۆ واقعی ئێمه‌" ئه‌حمه‌د وای وت.

 

خراپی كاره‌با و ئینته‌رنێت

"خوێندنی ئه‌لیكترۆنی هه‌نگاوێكی نایابه‌ له‌م بارودۆخه‌ی ئێستا به‌هۆی كۆرۆناوه‌ به‌ڵام عیراق زمینه‌ و ئاماده‌كاری بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ نییه" به‌وته‌ی فه‌یسه‌ڵ ملكۆ، خوێندكاری كۆلێژی ده‌رمانسازی‌.

96819362_2602665753318401_7746729535659311104_n
كه‌ركوك، زانكۆی كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی زانكۆ

ملكۆ كه‌ ئاواره‌ی نیشته‌جێی كه‌مپی كه‌به‌رتووه‌ له‌ دهۆك، بۆ (كه‌ركوك ناو) رونكرده‌وه‌ چونه‌ ناو ئه‌و ئه‌زمونه‌وه‌ "زۆر زووه‌" له‌ عیراق، به‌هۆی خراپی خزمه‌تگوزاری هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت و پچڕانی به‌رده‌وامی كاره‌با له‌ كه‌مپه‌كاندا.

ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ مانگه‌كانی رابردودا به‌شداری خوێندنی ئه‌لیكترۆنی كردووه‌ و ده‌ڵێت "سه‌رباری ئاسته‌نگه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ڵام لایه‌نی باشه‌ی خۆی هه‌یه‌ وه‌ك پێدانی كاتی پێویست به‌ خوێندكاران تا بخوێنن و ئاماده‌كاری بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان بكه‌ن، یان به‌رده‌وامیدان به‌ خوێندن له‌ هه‌ر بارودۆخێكدا ته‌نانه‌ت له‌ ماڵه‌وه‌ش".

 

باشترین بژارده‌ بۆ قوتابیانی خوێندنی باڵا

ره‌غده‌ حسێن، خوێندكاری خوێندنی باڵا له‌ كۆلێژی ئاداب پێیوایه‌ خوێندنی ئه‌لیكترۆنی "هه‌نگاوێكی باشه‌ به‌ره‌و پێشكه‌وتن".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت چاره‌سه‌رێكی گونجاوه‌ بۆ خوێندكارانی خوێندنی باڵا، چونكه‌ "زۆرترین هۆشیاری و زانیارییان ده‌رباره‌ی كاروباره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان هه‌یه‌"، به‌ڵام بۆ خوێندكارانی به‌كالۆریۆس ئاسان نییه‌، چونكه‌ زۆرینه‌یان زانیاری و ئه‌زمونی پێشوه‌خته‌یان ده‌رباره‌ی به‌كارهێنانی ئه‌و سیسته‌مه‌ نییه‌.

خراپی ئینته‌رنێت و كاره‌با كێشه‌ی بۆ خوێندنی ئه‌لیكترۆنی دروستكردووه‌ 

زانكۆی كه‌ركوك دڵنیایی ده‌دات

سه‌باح ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی زانكۆی كه‌ركوك دڵنیایی ده‌داته‌ به‌شداربوانی تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان و داواده‌كات له‌و سیسته‌مه‌ نه‌ترسن، ئه‌وه‌ش دوای پێشوازی له‌ ژماره‌یه‌ك خوێندكار.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كه‌ دووشه‌ممه‌ 8ی حوزه‌یران به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆكی زانكۆ وتی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆگرامانه‌دا داده‌نرێن كه‌ له‌ رێی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ خوێنراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی رێكاره‌ و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا.

قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌هۆی مه‌ترسی كۆرۆناوه‌ له‌ عیراق به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و بڕیاره‌ تاقیكردنه‌وه‌كانیش له‌رێوشوێنی توندی خۆپارێزیدا به‌ڕێوه‌بچن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT