دوای سەدەیەك... كۆرۆنا كۆنترین پیشەی كاكەییەكانی شکاند

سەفین جەمال گۆزەچی (65 ساڵ)، بەهۆی كاریگەرییە ئابورییەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كارگەكەی داخست فۆتۆ: كەركوك ناو

محەمەد ئەڵماس

پیاوێکی دەستڕەنگینی کاکەیی کۆرۆنا ناچاریکرد دەست لەپیشەی باوباپیرانی هەڵبگرێت؛ جگە لە زیانە مرۆییەکانی پەتاکە بۆتە دێوەزمەی پڕۆژە بچوکەکان لە عیراق و سەدان کەس بەوهۆیەوە بژێوییان لەدەستداوە.

"خوایە گیان رزقی منداڵەكانم بدەیت، كۆرۆنا ئەم پیشەیەی لەدەستدام... بەم تەمەنەوە دەبێت ئیتر كرێكاری بكەم"، سەفین جەمال گۆزەچی (65 ساڵ)، دوای زیاتر لە سەدەیەك بە قوڵپی گریانەوە و بۆ یەكەمجار قوفڵی لە دەرگای كارگەكەیدا. ئەو یەكێكە لە قوربانیانی کاریگەرییە ئابورییەکانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە هەم بژێوی خێزانەكەی و هەم پیشە دێرینەكەی باوباپیرانی بەناچاری بەجێهێشت.

سەفین كوڕی جه‌مال زه‌ین ئه‌لعابدین كاكه‌یی (جه‌مال گۆزه‌چی)، کە بنەماڵەیەكی ناسراوی كاكەیین لە داقوق و زیاتر لە سەدەیەكە بژێوی خێزانەكەیان لەسەر كارگەیەكی بچوكی گۆزەدروستکردن، كوپە و بابەتی جوانكاریی ناوماڵە، بەڵام سەرەتای مانگی حوزەیران بەناچاری دەستی لە پیشەکەی بەردا.

"قەدەغەی هاتوچۆی ناو شار زیاتر لە مانگێك كارگەكەی پێداخستم، دواتر كە لەگەڵ منداڵەكانم گەڕاینەوە بۆ سەر كار لە كۆتایی مانگی ئایاردا، هیچ كڕیارێكمان نەبوو"، سەفین زیاتر وتی، "كڕیارەكانمان زۆربەیان خەڵكی باشور و ناوەڕاستی عیراق بون".

بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە هیچ كریارێكم نەما، چونكە كڕیارەكانمان زۆربەیان خەڵكی باشور و ناوەڕاستی عیراق بون

حكومەتی عیراق لە ناوەڕاستی ئاداری رابردووەوە هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانی قەدەغەكرد، لەپێناو رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، ئەو بڕیارەش كارگەكەی سەفینی پەکخست.

cup
مەركانە، لە كارگەكەی سەفین دروستدەكرێت، خەڵكی بۆ ئاوخواردنەوە بەكاریدەهێنن فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

كارگەكەی سەفین لە دەرەوەی قەزای داقوقە و دەكەوێتە سەر رێگای كەركوك - بەغدا، زۆرینەی كڕیارەكانیشی هەر ئەو رێبوارانە بون كە لە نێوان شارەكانی باكور، باشور و ناوەڕاستی عیراق هاتوچۆیان دەكرد.

ئه‌و یه‌کێکه‌ له‌ که‌سه‌ ده‌ستڕه‌نگینه‌کان‌، زیاتر له سه‌ده‌یه‌که‌ خانه‌واده‌که‌ی بە گۆزه‌چێتی و په‌یکه‌رسازییەوە سه‌رقاڵن و بنەماڵەیەكی ناسراوی قەزای داقوقن (44كم باشوری كەركوك).

پیشەكە لە باوكەوە بۆ كوڕ، لەوانیشەوە بۆ نەوەكانی داهاتوو ماوەتەوە، بەڵام ئێستا ترسی ئەوەیان هەیە بەهۆی بەردەوامی قەدەغەی هاتوچۆوە بە تەواوی لەدەستی بدەن.

خێزانەكەی سەفین شەش كەسن و هەمویان لە كارگەكەدا كاردەكەن، دوای ئەوەی لە ئایاری 2018دا باوكیان هەر لەناو ئەو دوكانەدا بەسەر گۆزەیەكدا كەوت و گیانیلەدەستدا.

"ئەم پیشەیە بژێوی باوك و باپیرم و چەند پشتێكی ترمان بووە، لەگەڵئەوەشدا لامان وایە كارێكی زۆر پیرۆز و شیرینە، چونكە مانەوەی ئەم كارە لەسەر وەسیەتی باپیرە گەورەمان ماوەتەوە كە وتویەتی نابێت هەرگیز ئەم كارگەیە دابخرێت".

مانەوەی ئەم كارە لەسەر وەسیەتی باپیرە گەورەمان ماوەتەوە

هەفتەی رابردوو یەكەم حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قەزای داقوق تۆماركرا، بەهۆیەوە هێزەئەمنییەكان و ئیدارەی شار رێكارەكانیان توندتركرد، بەشێك لە بازاڕەكانیان داخست، قەدەغەی هاتوچۆی دەرەوەی قەزاكەیان راگەیاند و لەناو شاریش هاتوچۆی هاوڵاتیانیان سنورداركرد.

سەفین وتی "ئەو رێكارانە هەر لە سەرەتاوە یەكەم كەس كاریگەری كردە سەر ئێمە، تا وای لێهات بۆ یەكەمجار قوفڵ لەو كارگەكەمان بدەین، چونكە هەر دەبوو بەدیار گۆزە و كوپەكانمانەوە دابنیشین".

froka
سەفین گۆزەچی، لەبەردەم كارگەكەیدا بەرلەوەی دابخرێت فۆتۆ: كەركوك ناو

هەر لەو رۆژەوە بۆ بژێوی خێزانەكەی، دەستیكرد بە كرێكاری، بەڵام بۆ ئەوە شەڕی لەگەڵ تەمەنەكەیدا دەستپێكرد چونکە توانای بۆ ئەو كارە سنوردارە، لەگەڵئەوەشدا هێشتا سوپاسگوزارە ئەگەر كارێك هەبێت بیکات.

"ئەو رۆژەی كارگەكەمان داخست زۆر گریام، هاوارمكرد، وتم خوایە رەحمێك بەخۆم و منداڵەكانم بكەی".

كاكەییەكان مێژوییەكی دێرینیان لە قەزای داقوق هەیە، خەڵكەكەی بەسەر 15 گوند و ناوەندی شاردا دابەشبون و یەكێكین لەو پێكهاتانەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەی لەسەر ژیانیان هەبووە.

ئەو رۆژەی كارگەكەمان داخست زۆر گریام، هاوارمكرد، وتم خوایە رەحمێك بەخۆم و منداڵەكانم بكەی

بۆ نمونە سەفین گۆزەچی، كە سەردەمانێك بەهۆی كارگەكەیەوە بەشداریی پێشانگەی جۆراوجۆری دەكرد لەناوەوە و دەرەوەی عیراق، ئێستا بۆتە كرێكار.

ئەو وتی "دوابه‌شداریمان پیشانگه‌یه‌کدا بوو لەگەڵ باوكم، لە ساڵی 2013 لە تورکیا و پله‌ی یه‌که‌ممان به‌ده‌ستهێنا".

چەند ساڵێك لەمەوبەر، سەفین و باوكی كۆچكردوی پەیكەری فڕۆكەیەكی مەدەنییان لە گەچ و بەرد بەدرێژایی 18 مەتر دروستكرد و لەبەردەم كارگەكەیاندا دایاننا، ئەو فڕۆكەیە بووە مایەی سەرنجی رێبواران، هەروەها بووە هەوێنی راكێشانی كڕیاری زیاتر بۆ بەرهەمەكانیان.

حسێن دەروێش یه‌کێک له‌ هاوڕێ نزیکه‌کانی جه‌مال گۆزه‌چی – باوكی سەفین-، دەڵێت جەمال ته‌نیا وه‌ک کارێکی ئاسایی سه‌یری پیشه‌ی گۆزه‌چێتی نه‌کردوه‌، ئه‌و حه‌زی له‌ پیشه‌که‌ بوه ‌و خۆشیویستووه، هه‌روه‌ها کاری په‌یکه‌رسازی کردووه ‌و "بەردەوام باسی لەوە دەکرد کە چۆن بتوانێت لەڕێی دروستکراوەکانییەوە خزمەت بکات".

image9
بەشێك لە نمونەی كارەكانی سەفین گۆزەچی فۆتۆ: كەركوك ناو 

گرفتێك كە روبەڕوی ئەو خێزانە بۆتەوە، ئەوەیە حكومەت سەرەڕای سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەسەر هاوڵاتیاندا، بەڵام دەستگیرۆیی نەكردون، بۆیە ئەوان دوو ئەركیان لەسەر شانە، هەم دەبێت بژێوی پەیدا بكەن، هەم خۆیان بپارێزن.

ئەوەش دوای ئەوە هات ئامارەكانی توشبون لە دوو هەفتەی رابردودا بۆ 14 هەزار و 268 كەس بەرزبۆوە و 392 كەس بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە.

سەفین كە هێشتا دەستی لە کەلوپەلی شوێنی كارەكەی باوكی نەداوە، دەڵێت رۆژانە لەگەڵ منداڵەكانی چاویان لەسەر هەواڵەكانە و بیر لەوە دەكەنەوە ئاخۆ كەی بێت، كۆرۆنا نەمێنێت تا بتوانن بۆ كارگەكە بگەڕێنەوە.

"تەواوبونی كۆرۆنا بۆ ئێمە، كردنەوەی دەرگای رزق و بەجێگەیاندنی وەسیەتی باو و باپیرانمانە بۆ بەردەوامیدان بە پیشەكە"، سەفین وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT