یاریگای قۆریه له شاری كه‌ركوك، كه 80 تیپی میللی لێی سودمه‌ندن و چه‌ندین ساڵه یاری تێدا ده‌كرێت، بۆ پرۆژه‌ی رێگه‌وبان ده‌ڕوخێنرێت.
ئه‌و بڕیاره كه ناڕه‌زایی زۆرینه‌ی یاریزانان و هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیشی لێكه‌وتۆته‌وه، به‌وته‌ی ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك هه‌ڵناوه‌شێته‌وه، به‌ڵام بیر له دۆزینه‌وه‌ی شوێنێكی دیكه بۆ بنیاتنانی یاریگایه‌ك ده‌كه‌نه‌وه وه‌ك قه‌ره‌بوو.
نه‌جاح داود حسێن، سه‌رۆكی لیژنه‌ی گردبونه‌وه‌ی تیپه میللییه‌كان له كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌م یاریگایه‌ی تۆپی پێ، 80 تیپی میللی یاری تێدا ده‌كه‌ن، به‌رده‌وام پاڵه‌وانێتی و خولی تێدایه، چه‌ندین یاریزانی به‌ناوبانگ وه‌ك یونس مه‌حمود و مسته‌فا كامیل یارییان تێداكردووه، به‌داخه‌وه ئێستا ده‌یانه‌وێت بیڕوخێنن".
یاریگای قۆریهی تایبه‌ت، له 2013دا به نوسراوی فه‌رمی له شاره‌وانی كه‌ركوك وه‌رگیراوه، به‌وته‌ی نه‌جاح له‌وكاته‌وه نزیكه‌ی 60 ملیۆن دیناری تێدا خه‌رجكراوه له بودجه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌رزش و لاوان، به موڵكیش یاریگاكه موڵكی شاره‌وانییه.
"چه‌ند رۆژێكه ئاگاداركراوینه‌ته‌وه بۆ روخاندنی یاریگاكه، چونكه به‌ر دوو پرۆژه‌ی رێگه‌وبان ده‌كه‌وێت، ئێمه‌ش به‌مه‌رجێك رازی ده‌بین یاریگایه‌كی ترمان بۆ دروستبكه‌ن" سه‌رۆكی لیژنه‌ی گردبونه‌وه‌ی تیپه میللییه‌كان وای وت.
ئه‌و دوو پرۆژه‌یه؛ یه‌كێكیان چه‌ند مه‌ترێكی له یاریگاكه به‌رده‌كه‌وێت، كه دوسایكردنی شه‌قامی سه‌ره‌كییه به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌ویتریان به ناوه‌ڕاستی یاریگاكه‌دا تێده‌په‌ڕێت و چه‌ندین خانوی هاوڵاتیانی به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ویش شه‌قامی دوسایده به‌ره‌و رێگه‌ی هه‌ولێر.
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌سه‌ر بڕیاری روخاندنی یاریگاكه رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و تێیدا جه‌ختده‌كاته‌وه؛ پرۆژه‌ی دوسایدكردنی شه‌قامی فڕۆكه‌خانه له ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه پێشنیاركراوه، له 2014دا ئاماده‌كاری بۆ كراوه به‌ڵام به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه وه‌ستاوه تا به ئێستا گه‌یشت.
به‌پێی رونكردنه‌وه، له ئێستادا بودجه‌ی پرۆژه‌كه دابینكراوه، ئه‌و خانوانه‌ی به‌ر شه‌قامه‌كه ده‌كه‌ون قهرهبووكراونهتهوه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا "تا هاوڵاتیان زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن پانتایی شه‌قامه‌كه له 60 مه‌تر بۆ 30 مه‌تر كه‌مكراوه‌ته‌وه".
ئیداره‌ی كه‌ركوك به‌ڵێنیشداوه هه‌وڵبده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنێكی گونجاو بۆ بنیاتنانی یاریگایه‌كی له قه‌ره‌بوی ئه‌و یاریگایه‌ی به‌ر پرۆژه‌ی رێگه‌وبان ده‌كه‌وێت.
ژماره‌یه‌ك له یاریزان و تیپه میللییه‌كان له‌به‌رده‌م یاریگاكه‌دا به ئاڵای لایه‌نێكی سیاسیه‌وه خێوه‌تیان هه‌ڵداوه دژی بڕیاره‌كه‌ی ئیداره‌ی كه‌ركوك.
قاسم قەزانچی، سه‌ركرده له به‌ره‌ی توركمانی دوای سه‌ردانی مانگرتوانی به‌رده‌م یاریگاكه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه پاڵپشتی ئه‌م گه‌نجانه ده‌كه‌ین و وه‌ك حزبه توركمانییه‌كان روخاندنی یاریگاكه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه، كه چه‌ندین ساڵه خزمه‌ت به گه‌نجان ده‌كات".
ئه‌و لێپرسراوه حزبییه وتیشی "ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه له‌به‌ر فڕۆكه‌خانه‌یه، خۆ ئێستا نه فڕۆكه‌خانه كراوه‌ته‌وه نه یاریگای جێگره‌وه‌شیان بۆ دروستده‌كرێت، بۆیه ئه‌و بڕیاره ره‌تده‌كه‌ینه‌وه".
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگاری كه‌ركوك، له رونكردنهوهكهیدا دروستكردنی یاریگاكه له‌و شوێنه‌دا له بنه‌ڕه‌ته‌وه به "سەرپێچی رێنمایی و یاساكان" ناوده‌بات، هۆشداریش به‌و كه‌سانه ده‌دات به‌بڕوای ئه‌وان "بەربەست لەبەردەم پرۆژە خزمەتگوزاریهكاندا" دروستدەكەن.