كه‌ركوك؛ له‌ سێ مانگی كه‌ره‌نتینه‌دا 20 كه‌س "خۆیان كوشتووه"

كه‌ركوك، 2020، بازگه‌یه‌كی كاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ناوشاردا بۆ جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

ته‌نیا له‌ سێ مانگی كه‌ره‌نتینه‌دا، 20 حاڵه‌تی "خۆكوشتن" له‌ كه‌ركوك تۆماركراوه‌ كه‌ به‌شێكیان ئافره‌ت بون، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ به‌شێكیان به‌هۆی بێكاریی و توندوتیژی خێزانییه‌وه‌.

به‌پێی ئامارێكی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق، له‌ مانگه‌كانی ئادار، نیسان و ئایاری 2020دا رێژه‌ی "خۆكوشتن" زیادیانكردووه‌ و زیاتر له‌ 20 روداو تۆماركراون.

"لە سەره‌تای دوو مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ته‌نیا حه‌وت حاڵەتی خۆكوشتن هەبووه‌، بەڵام لەگەڵ دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ و كه‌ره‌نتینه‌دا، رێژه‌كه‌ گه‌یشته‌ 27 حاڵه‌ت، واته‌ ته‌نیا له‌ سێ مانگی دواتردا 20 حاڵه‌ت هه‌بون" سه‌جاد جومعه، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ وای وت.

حكومه‌تی عیراق، له‌ مانگی ئاداره‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی راگه‌یاند و زۆربه‌ی بازاڕه‌كانی داخست، به‌ ئامانجی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا.

روداوه‌كانی خۆكوشتن له‌ زیادبوندایه‌ و چه‌ندین كه‌سیش له‌ خۆكوشتن په‌شیمانكراوه‌ته‌وه‌

به‌وته‌ی سه‌جاد جومعه‌ بۆ (كەركوك ناو)، ئه‌و ئاماره‌ی لای ئه‌وانه‌ فه‌رمی و تۆماركراوه‌، به‌ڵام "دڵنیام رێژه‌كه‌ زۆر لەوه‌ زیاتره‌، چونكه‌ چەندین حاڵەت هەیە و به‌هۆی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ تۆمارنه‌كراون".

له‌ دوایین دوو روداودا، 27ی ئایاری 2020، دوو هاوڵاتی به‌ فیشه‌ك "كۆتاییان به‌ ژیانی خۆیان هێنا" له‌ قه‌زاكانی دوبز و حه‌ویجه‌ی كه‌ركوك.

ئەفسەری مافپەروەر غالب عەلی ساڵح، بەرێوەبەری هۆبەی پۆلیسی خێزانی لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك به‌ (كەركوك ناو)ی وت "به‌داخه‌وه‌ روداوه‌كانی خۆكوشتن زۆرە لە شارەكەدا، رێژه‌ی زۆریش توانیومانه‌ فریا بكه‌وین و رێگربین له‌ خۆكوشتنیان".

روداوه‌كانی "خۆكوشتن" له‌ ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودا نییه‌، خه‌ڵكی زۆربه‌ی گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوكی تێدایه‌.

"هۆكاری زۆربه‌ی روداوه‌كان كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزان و خراپی باری دارایییه‌" غالب ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی له‌ توانای ئه‌واندایه‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی به‌شێك له‌ كێشه‌كانیان داوه‌ و ئه‌وانه‌ی ویستویانه‌ خۆیان بكوژن به‌شێكیان بۆ چاره‌سه‌ری پزیشكی ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراون.

zhnannn
كەركوك/8ی ئاداری 2020/ژنان لە گردبونەوەیەكدا داوای ژیانێكی باشتر دەكەن فۆتۆ: سۆران محەمەد

19ی نیسانی ئه‌مساڵ لەگەڕەكی دەروازەی كەركوك، كچێكی 19 ساڵ بە تاپڕ "كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا"، ئه‌وه‌ش پێنجەم حاڵەتی "خۆكوشتنی ژنان" بوو لە ماوەی كەرەنتینەدا.

نیزال نازم، چالاكوانی مافەكانی ئافرەت و ئه‌ندامی كۆمەڵەی رێكخراوەكانی به‌رگریكار له‌ ژنان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "خۆكوشتن روو له‌زیادبونه‌ و زۆرینه‌یان به‌هۆی بارودۆخی ئێستای كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانیه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌وڵی زۆرمان داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان و به‌شێك له‌ ئافره‌تانمان له‌ بڕیاری خۆكوشتن په‌شیمانكردۆته‌وه‌".

به‌وته‌ی نیزال، خه‌ڵك هه‌بووه‌ له‌به‌ر نه‌بونی توانای دارایی بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری ویستویه‌تی خۆی بكوژێت، تا ئه‌وان هاوكارییان كردووه‌ و له‌ بڕیاره‌كه‌ی پاشگه‌زبۆته‌وه‌.

"چه‌ندین ئافره‌ت به‌هۆی كێشه‌ی خێزانی نه‌یانویستوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و له‌به‌ر نه‌بونی شه‌ڵته‌ر له‌ ماڵی خۆمان داڵده‌راون" به‌وته‌ی‌ نیزال نازم.

له‌ كه‌ركوك هیچ شوێنێك بۆ داڵده‌دانی ئافره‌تانی هه‌ڕه‌شه‌لێكراو نییه‌.

هۆكاری زۆربه‌ی روداوه‌كان خراپی باری دارایی به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می كۆرۆنادا

رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، لە 16ی نیسان و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا نیگه‌رانی ده‌ربڕی به‌هۆی زیادبونی توندوتیژییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ له‌ عیراق به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و بارودۆخی سه‌رده‌می كۆرۆنا، به‌‌جێی مه‌ترسی دانا، بۆیه‌ داوایكرد په‌له‌بكرێت له‌ تێپه‌ڕاندنی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی.

به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ وتی "هۆكاری زۆربه‌ی روداوه‌كان خراپی باری دارایی و نه‌بونی قوتی رۆژانه‌یه‌، چه‌ندین خێزان به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و بێكارییه‌وه‌ توشی روداوی هاوشێوه‌ بون".

سه‌جاد جومعه‌ پێیوایه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ هه‌بووه‌، چونكه‌ جگه‌له‌وه‌ی چه‌ندین كه‌س روبه‌ڕوی نه‌مانی بژێوی بونه‌ته‌وه‌، كێشه‌ و توندوتیژییه‌ خێزانییه‌كانیش زیاتر بون.

پارێزگای كه‌ركوك له‌ ساڵی 2019یشدا، له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می پارێزگاكانی تری عیراقدا بوو بۆ رێژه‌ی "خۆكوشتن" و 106 حاڵه‌ت تۆماركرابون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT