حه‌وت هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا و 5ی كه‌سی تر برینداربون، به‌هۆی هێرشێكی چه‌كدارییه‌وه بۆ سه‌ر گوندێكی خانه‌قین، ئه‌وه‌ش له دره‌نگانی شه‌وی رابردودا.
هێرشه چه‌كدارییه‌كه خانه‌قین، كه به‌وته‌ی سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كان پاشماوه‌ی "داعش" بون، كاتژمێر 1:30 خوله‌كی شه‌وی شه‌ممه 13ی حوزه‌یران رویدا، له گوندی دارای كاكه‌یی نیشین له خانه‌قین.
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی (كه‌ركوك ناو) له‌سه‌رچاوه ئه‌منیی و پزیشكییهكانهوهی ده‌ستی كه‌وتون، له‌و هێرشه‌دا، حه‌وت هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا، كه پێنج مه‌ده‌نی و دوو ئه‌منی بون.
برینداره‌كانی ئه‌و هێرشه پێنج كه‌س بون له مه‌ده‌نی و سه‌ربازی.
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كانی (كه‌ركوك ناو) ته‌نیا له یه‌ك خێزانی نیشته‌جێی ئه‌و گونده؛ دوو برا و باوكیان گیانیان له‌ده‌ستدا، دوو برای دیكه‌شیان برینداربون.
له‌سه‌ره‌تای هێرشه‌كه‌دا؛ ته‌نیا دوو هاوڵاتی بونه‌ته ئامانجی گروپه چه‌كداره‌كه، تا خه‌ڵكی تر به هانایانه‌وه چون، له‌وكاته‌دا كه‌وتونه‌ته كه‌مینه‌وه و به‌هۆیه‌وه خه‌ڵكی زیاتر بونه‌ته قوربانی.
له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردودا، ژماره‌یه‌ك كرده‌وه‌ی توندوتیژی له ناوچه جیاوازه‌كانی خانه‌قین تۆماركراون، له نێویاندا هێرشه‌كه‌ی 10ی ئایار بۆ گوندی مێخاشی كاكه‌یی نشین، كه به‌هۆیه‌وه دوو هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا.