كۆتایی شه‌ش ساڵ ئاواره‌یی

شنگال، حوزه‌یرانی 2020، گه‌یشتنی خێزانێك به‌ ناحیه‌ی گرعوزێر خۆیان دوای شه‌ش ساڵ له‌ ئاواره‌یی فۆتۆ: تایبه‌ت بۆ (كه‌ركوك ناو) نێردراوه‌

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

"به‌ڵكو ئه‌مه‌ دوایین ده‌رده‌سه‌ریی بێت و تا مردن هه‌ر له‌ زێدی خۆماندا بمێنینه‌وه‌" سوعام عه‌لی وای وت، كاتێك دوایین كه‌لوپه‌لی خستنه‌ ناو ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگره‌وه‌ و كه‌مپی ئاواره‌كانی به‌ره‌و ماڵه‌كه‌ی خۆی به‌جێهێشت.

خێزانه‌كه‌ی سوهام، له‌ ئابی 2014ـه‌وه‌ ئاواره‌ی قه‌زای زاخۆی دهۆك بون، دوای گه‌یشتنی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام – داعش"‌ بۆ شنگال، له‌وكاته‌وه‌ به‌ سه‌ردانی كاتی نه‌بێت، ماڵ و حاڵی خۆیان نه‌بینیوه‌ته‌وه‌.

"هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بڕیارماندا بگه‌ڕێینه‌وه‌، دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی كه‌مپ، ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگرمان هێنا تا هه‌موو كه‌له‌په‌لێكی پێویست له‌گه‌ڵ خۆماندا بۆ خانه‌سۆر ببه‌ینه‌وه‌" به‌وته‌ی سوهام عه‌لی (39 ساڵ).

به‌ هیواین جارێكیتر توشی كاره‌سات و ناخۆشی نه‌بینه‌وه

له‌ یه‌ك رۆژدا، ماڵی سوهام ته‌واوی كه‌لوپه‌له‌كانیان له‌ كه‌مپی چه‌ممشكۆی زاخۆوه‌ گواسته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی خانه‌سۆر له‌ ناحیه‌ی سنونێی شنگال، به‌وه‌ش كۆتاییان به‌ ژیانی ئاواره‌یی هێنا.

سوهام به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت له‌ هیچ بازگه‌یه‌كی ئه‌منیدا رێگرییان لێنه‌كراوه‌، بێ كێشه‌ تێپه‌ڕبون، وائێستاش له‌به‌رده‌م ژیانێكی نوێدان؛ "به‌ هیواین جارێكیتر توشی كاره‌سات و ناخۆشی نه‌بینه‌وه‌".

awara . garanawa (1)
نه‌ینه‌وا، 2020، كاروانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ بازگه‌یه‌كی شنگال فۆتۆ: بۆ (كه‌ركوك ناو) نێردراوه‌

به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی ئیداره‌ی شنگال، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ زیادبوندایه‌ و ته‌نیا له‌ 10 رۆژی رابردودا، زیاتر له‌ 250 خێزان كه‌مپه‌كانی دهۆكیان به‌ره‌و قه‌زاكه‌ به‌جێهێشتووه‌.

خودێدا چوكی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ 10 رۆژدا 250 خێزان گه‌یشتونه‌ته‌ شنگال و تادێت ئاواره‌ی زیاتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌".

به‌وته‌ی چوكی به‌شێك له‌ ئاواره‌كان له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا روبه‌ڕوی "هه‌ندێك كێشه‌ و رێگری" بونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دواجار، توانیونه‌ بگه‌نه‌وه‌ زێدی خۆیان.

"ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناویان تۆمارده‌كرێت، تا له‌رێی رێكخراوه‌كانه‌وه‌ هاوكاری بكرێن و هه‌وڵی جددیش بۆ دابینكردنی ته‌واوی پێداویستییه‌كانیان ده‌ده‌ن" به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ واده‌ڵێت.

هه‌وڵده‌ده‌ین رێكخراوه‌كان هاوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌

گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كارئاسانی بۆ هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان دوای چه‌ند مانگێك له‌ قه‌ده‌غه‌ی توندی هاتوچۆ به‌هۆی كۆرۆناوه‌ كه‌ بارگرانیی و بارودۆخێكی سه‌ختتری بۆ ئاواره‌كان دروستكرد.

"له‌به‌ر دوو هۆكار بڕیارماندا بگه‌ڕێینه‌وه‌، ته‌واو دڵنیابوین له‌ ئه‌منیه‌تی شنگال و بێزاریش بوین له‌ ژیانی ناو كه‌مپ" سه‌عه‌د محه‌مه‌د وای وت.

سه‌عه‌د كه‌ شه‌ش ساڵه‌ له‌ كه‌مپی خانكێی دهۆك نیشته‌جێیه‌، دوو رۆژه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ شنگال و بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ "پرسیارمان كردووه‌ و ده‌ڵێن ئه‌منیه‌تی شنگال لای خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه‌، ئه‌وه‌ش جۆرێكه‌ له‌ دڵنیایی بۆ ئێمه‌".

camp-kabartoo
دهۆك، 2019، كه‌مپی كه‌به‌رتوو كه‌ زۆرینه‌ی ئاواره‌ ئێزیدییه‌كانی شنگالی تێدا ده‌ژی فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

زۆرینه‌ی دانیشتوانی قه‌زای شنگال به‌ ناحیه‌كانیه‌وه‌، شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی داعش‌ ئاواره‌بون، هه‌رچه‌نده‌ ناوچه‌كانیان چه‌ند ساڵێكه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌ پاساوی خراپی بارودۆخی ئه‌منی و نه‌بونی خزمه‌تگوزاریی ئاماده‌ی ‌گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌بون.

"سوپاس بۆ خوا به‌ ناوچه‌كه‌مان شادبوینه‌وه‌، هیوادارم هه‌موو ئاواره‌كانی دیكه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌، چونكه‌ كێشه‌ی ئه‌منی نه‌ماوه‌ و ته‌نیا كه‌می خزمه‌تگوزاری هه‌یه‌ كه‌ له‌ زۆر شوێنی دیكه‌ هه‌روایه‌".

سه‌عه‌د وتیشی به‌هۆی داخستنی رێگه‌ی نێوان سحێلا وشنگال، خه‌ڵك ناچاره‌ بچێته‌ رێگه‌ی نه‌ینه‌وا و ته‌له‌عفه‌ر، به‌وه‌ش زۆر دورتر ده‌كه‌ونه‌وه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان، هێشتا زیاتر له‌ 787 هه‌زار ئاواره‌ هه‌ن كه‌ زۆرینه‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌واوه‌یه‌ و سه‌دا 30یان له‌ ئێزیدی پێكهاتون، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ شوباتی 2020.

هیچ هاوڵاتییه‌ك له‌ژێر فشاردا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌

ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د ئه‌مین، لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ دهۆك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌ر خێزانێكی ئاواره‌ ویستی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌بێت، نوسراوێكی قایمقامیه‌تی شنگال ده‌هێنێت و به‌ فه‌رمی رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێده‌درێت، تا له‌ بازگه‌كانیشدا رانه‌گیرێت، چونكه‌ به‌بێ ئه‌و نوسراوه‌ ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه ‌بۆ كه‌مپ".

ئه‌و نوسراوه‌ به‌پێی رێكاره‌كانی وه‌زاره‌ت كۆچ بۆ هه‌ر خێزانێكی شنگال پێویسته‌ له‌ مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی قه‌زاكه وه‌ریبگرن كه‌ ئێستا باره‌گایان له‌ دهۆكه‌، به‌هۆی ناكۆكییان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیداره‌ كاتییه‌ی له‌ناوه‌ندی شنگالدا جێگیربون و ده‌وام ده‌كه‌ن.

ئه‌سكه‌نده‌ر جه‌ختیكرده‌وه‌ هیچ هاوڵاتییه‌كی ئاواره‌ فشاری له‌سه‌ر نه‌بووه‌ تا بگه‌ڕێته‌وه‌، "هه‌موی به‌ خواستی خۆیان بووه‌ و له‌ به‌دواداچونی به‌رده‌وامیشداین بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ی له‌گه‌ڕانه‌وه‌ و به‌ تایبه‌ت له‌ بازگه‌كاندا روبه‌ڕوی خه‌ڵك ده‌بنه‌وه‌".

awara . garanawa (2)
شنگال، 2020، دڵخۆشی ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شنگال فۆتۆ: بۆ (كه‌ركوك ناو) نێردراوه‌

حكومه‌تی عیراقی، پلانی هه‌یه‌ له‌مساڵدا زۆرینه‌ی كه‌مپه‌كان دابخات و كۆتایی به‌ ئاواره‌یی بهێنێت، بۆ هاندانی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكیش؛ هه‌ر خێزانێك بڕی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دیناری پێده‌دات.

دانیشتوانی ئێزیدی له‌ شنگال، زیانی ماڵی و گیانییان به‌ركه‌وت له‌ هێرشه‌كانی داعش، له‌ كوشتن و بێسه‌روشوێنبونی هه‌زاران كه‌س له‌ نێویاندا ژن و منداڵ، كاتێك قه‌زاكه‌ (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ) لە 3ی ئابی 2014 كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ و له‌ لە تشرینی دووەمی 2015دا كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT