پۆلیس لێكۆڵینەوە دەكات
دایكێك: لە نەخۆشخانە منداڵەكەیان گۆڕیم

ئەم وێنەیە لە ماڵپەری unsplash وەرگیراوە لە 15ی حوزەیرانی 2020 فۆتۆ: Wes Hicks

كاروان ساڵحی – كەركوك

دایكێك سكاڵای لەدژی نەخۆشخانەی منداڵبونی كەركوك تۆماركرد، لە دژی ئەوەی منداڵە كوڕەكەیان گۆڕیوە و لەبری ئەو منداڵێكی كچیان پێداوە.

ئەو روداوە شەوی 14ی حوزەیران رویدا، كاتێك ژنێكی دووگیان بەناوی دێرین عەبدولجەبار (32ساڵ)، لە نەخۆشخانەی منداڵبونی كەركوك لە گەڕەكی نەسر بە نەشتەرگەری منداڵەكەی لەدایكدەبێت.

دێرین عەبدولجەبار بە (كەركوك ناو)ی وت "کاتژمێر سێ دواینیوەڕۆی یەكشەممە چومە هۆڵی نەشتەرگەرییەوە و دوای ئەوەی نەشتەرگەرییم بۆ كرا و بەنج بەریدام، بینیم كۆرپەیەكیان بۆ هێنام كە بازنێكی شین لەدەستی بوو، منیش بەوە وامزانی كوڕەكەی خۆمە، بەڵام دواتر كاتێك دایكم جل و دایبییەكەی گۆڕی، وتی كۆرپەكە كچە".

دایكم جل و دایبییەكەی گۆڕی، وتی كۆرپەكە كوڕ نییە كچە

دێرین دەڵێت بەوە توشی شۆك بووە، بۆیە دەستبەجێ پزیشك و كارمەندەكانی نەخۆشخانەيان ئاگاداركردۆتەوە.

"بابەتەكە لەنێو نەخۆشخانە گەورە بوو و بەشی ئیدارەی نەخۆشخانەش ئاگاداركرایەوە، دواتر كۆرپەیەكی كوڕیان پێداین و وتیان ئەوە منداڵەكەی تۆیە"، بەوتەی دێرین بەبێ ئەوەی ئیدارەی نەخۆشخانە هیچ رونكردنەوەیەك لەسەر ئەو بابەتە بدەن.

دێرین لەگەڵئەوەی سكاڵای لای پۆلیس تۆماركرد لە دژی ئیدارەی نەخۆشخانەكە، بەڵام وتی "ئەو كۆرپەیەی دواتر هێناویانە كوڕەكەی خۆمە، چونكە ئەمڕۆ نۆ حاڵەتی منداڵبون تۆماركراوە، هەشت كچ و كوڕێك".

دێرین دەڵێت بەهۆی باری ناتەندروستی منداڵەكەوە، هەموو مانگێك سۆنەری كردووە و لە هەمویاندا كوڕ دەرچووە.

لەگەڵئەوەشدا وتی كە ئەو پزیشكەی نەشتەرگەری بۆ كردووە دوای نەشتەرگەرییەكە تویەتی كورپەكە كوڕە.

بەهۆی ئەو روداوەوە كەسوكاری دێرین، سكاڵایان لای پۆلیس لە دژی بەشی نەبەكامی نەخۆشخانە تۆماركردوە و گومانیان هەیە ئەو روداوە بە ئەنقەست كرابێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 15ی حوزەیرانی پۆلیس لەسەر سكاڵای ئەو خێزانە لێكۆڵینەوەكانی لەگەڵ ئیدارەی نەخۆشخانە دەستپێكرد.

عەقید هەڤاڵ عەبدولحوسێن، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی عروبە، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (كەركوك ناو)ی وت "لێكۆڵینەوەی ئەمنیی و ئیدارییمان دەستپێكردووە، هەم لەگەڵ لایەنی سكاڵاكەر، هەم لەگەڵ ئیدارەی نەخۆشخانەكە، هەر کەس و لایەنێک کەمتەرخەم بوبێت دەدرێتە دەست یاسا".

لێكۆڵینەوەی ئەمنیی و ئیدارییمان دەستپێكردووە، هەم لەگەڵ لایەنی سكاڵاكەر، هەم لەگەڵ ئیدارەی نەخۆشخانەكە

پۆلیس بە لایەنی سكاڵاكاری وتووە، ئەگەر دەتانەوێت پكشنینی DNA بكەن.

بەڵام دێرین وتی "من وتم پێویست بە پشكینین ناكات، چونكە هەر دوێنێ یەكشەممە پشکنینی بەراوردكردنی خوێنی كوڕەكەم و باوكی كراوە و كێشە نەبووە".

سەرچاوەیەکی پزیشکی لەو نەخۆشخانەیە جەختیكردەوە كە ئەوانیش چاوەڕێی لێكۆڵینەوە دەكەن تا بزانن ئەوە بۆ روویداوە. "بۆ ئەوەی حاڵەتی لەو شێوەیە دوبارە نەبێتەوە، ئەو كەسەی كەمتەرخەم بوبێت سزابدرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT