لێپرسینه‌وه‌ له‌ لێپرسراوانی باڵای نه‌ینه‌وا ده‌كرێت

به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی، وه‌زیری پێشوی په‌روه‌رده‌ و قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی موسڵ

ئه‌حمه‌د زه‌یدی – زه‌یدی

سێ لێپرسراوی باڵای خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا، به‌ چه‌ند تۆمه‌تێكی جیاواز روبه‌ڕوی لێپرسینه‌وه‌ و دادگایی ده‌بنه‌وه‌، له‌ نێویاندا وه‌زیری پێشووی په‌روه‌رده‌.

له‌ یه‌كه‌م دۆسیه‌دا سوها عه‌لی، وه‌زیری پێشوی په‌روه‌رده‌ی عیراق له‌ پشكی نه‌ینه‌وا به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تباری دیكه‌دا دادگایی ده‌كرێن.

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری، 15ی حوزه‌یران له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ دادگای ناوه‌ندی بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ ره‌سافه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و رێكاره‌كانی دۆسیه‌ی گرێبه‌ستێكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌.

وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ له دۆسیه‌دا به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی ژماره‌یه‌ك كه‌س لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت له‌وانه‌ وه‌زیری پێشوو و بریكارانی وه‌زیر.

به‌وته‌ی دادوه‌ری په‌یوه‌ندیدار، دادگا ته‌واوی بڕه‌ پاره‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ هه‌ژماری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، كه‌ 41 ملیار دیناری عیراقی بووه‌.

93045109_239018544175620_6524086903518527488_n
سوها عه‌لی، وه‌زیری پێشووی په‌روه‌رده‌ی عیراق فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ فه‌یسبوك

تۆمه‌تباره‌كانی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ دوای ته‌واوبونه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ره‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كانی تایبه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵی ده‌كرێن.

به‌یاننامه‌كه‌دا باسی له‌وه‌شكردووه‌ دادگا چاوه‌رێی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندییه‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارێكی عیراق كه‌ له‌ هه‌مان دۆسیه‌دا تێوه‌گلاوه‌. بێ ئه‌وه‌ی ناو و كوتله‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكرابكات.

سوها عه‌لی، خه‌ڵكی شاری موسڵه‌ و له‌ كابینه‌ی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، پۆستی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی وه‌رگرت.

 

دورخستنه‌وه‌ی قایمقام

نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا یه‌كشه‌ممه‌ 14ی حوزه‌یران ره‌زامه‌ندی نیشاندا بۆ "دورخستنه‌وه‌ی" زوهێر ئه‌عره‌جی، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی موسڵ له‌ پۆسته‌كه‌ی، له‌سه‌ر پێشنیاری لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زیاده‌ڕۆیی و یاریكردن به‌ زه‌وی ده‌وڵه‌ت له‌ پارێزگاكه‌دا.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ ئێستادا زه‌نون یونس یوسف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باشیك راسپێراوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پۆستی قایمقامی موسڵ به‌وه‌كاله‌ت دوای دورخستنه‌وه‌ی قایمقامی پێشوو".

لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌سه‌ن عه‌لاف، جێگری دوه‌می پارێزگار و ئه‌مین فه‌نه‌ش پێكهێنران بۆ دۆسیه‌ی گۆڕینی زه‌وی كشتوكاڵی بۆ نیشته‌جێبون.

زوهێر ئه‌عره‌جی، قایمقامی دورخراوه‌ی موسڵ وتی "ته‌ماحی سیاسی هه‌ندێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كان گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ده‌ست به‌سه‌ر تواناكانی پارێزگاكه‌دا بگرن و هه‌وڵی قۆرغكردنی پۆسته‌كانیش ده‌ده‌ن".

ئه‌عره‌جی داوای پێكهێنانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی راستییه‌كانی كرد ده‌رباره‌ی دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی، یه‌كه‌م شوێنیش له‌ قایمقامیه‌ته‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ن.

هه‌ورها وتی "24 جار روبه‌ڕوی هه‌وڵی تیرۆركردن بومه‌وه‌، برینداربوم، 14 كه‌س له‌ پاسه‌وانه‌كانم شه‌هید بون و 62 شه‌هید له‌ خانه‌واده‌كه‌م هه‌یه‌.. بۆیه‌ ناچینه‌ ژێر باری هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌وه‌ و پۆست به‌لامانه‌وه‌ گرنگ نییه‌".

83421579_482090732479109_5409254792390246400_o
زوهێر ئه‌عره‌جی له‌گه‌ڵ نه‌جم جبوری پارێزگاری نه‌ینه‌وا فۆتۆ: راگه‌یاندنی قایمقامیه‌تی موسڵ

به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی حوكمده‌درێت

دادگای تاوانه‌كانی نه‌ینه‌وا، یه‌كشه‌ممه‌ 14ی حوزه‌یران حوكمی شه‌ش مانگ زیندانی به‌سه‌ر فه‌لاح تائی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستیدا سه‌پاند، له‌گه‌ڵ راگرتنی جێبه‌جێكردنی سزاكه‌دا.

ناوبراو تۆمه‌تباركراوه‌ به‌ گواستنه‌وه‌ی مۆلیده‌یه‌كی كاره‌بای ته‌ندروستی بۆ یه‌كێك له‌ ماڵه‌كانی شاری موسڵ.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت دادگا به‌و تۆمه‌ته‌ سزاكه‌ی ده‌ركردووه‌، چونكه‌ تائی ئه‌و مۆلیده‌یه‌ی ته‌ندروستی بردۆته‌وه‌ و له‌ برده‌م مالێكدا دایناوه‌.

فه‌لاح تائی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ 2018دا یه‌كێك له‌ رێكخراوه‌كان ئه‌و مۆلیده‌یه‌ی پێشكه‌شی ناوه‌ندی ته‌ندروستی مه‌نسور كرد له‌ به‌ری راستی موسڵ، گواستنه‌وه‌یشی له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو ئێمه‌ به‌هۆی وێرانبونی ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌ خانویه‌كمان كردبوه‌ نه‌خۆشخانه‌، بۆیه‌ مۆلیده‌كه‌ش هه‌ر له‌وێدا دانرابوو".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ته‌نیا بۆ ماوه‌ی مانگێك ئه‌و مۆلیده‌ گواستراوه‌ته‌وه‌، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كه‌ بۆ  جێگای خۆیان مۆلیده‌كه‌ش گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردودا له‌ نه‌ینه‌وا، چه‌ندین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی دژ به‌ لێپرسراوان له‌ نه‌ینه‌وا كراونه‌ته‌وه‌ و زنجیره‌یه‌ك گۆڕانكاری له‌ پۆسته‌ باڵاكاندا كراوه، به‌ پۆستی پارێزگاریشه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT