"ئاوە ساردەكەی پرۆژەی ئاوی داقوق خەڵك پەلكێش دەكات بۆ مەلەكردن، بەتایبەت لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و پچڕانی بەردەوامی كارەبادا" ئەمە وتەی محەمەد ئەحمەد بوو، كە یەكێكە لەو گەنجانەی رۆژانە رودەكاتە پرۆژەی ئاوەكە بۆ مەلەكردن.
محەمەد بە (كەركوك ناو)ی وت نهشارەزایی بەشێك لە مەلەوانان و خێرایی تەوژمی ئاوەكە هەندێكجار دەبنە هۆی خنكانیان.
لەماوەی 30 رۆژدا، پێنج كەس لە پرۆژەی ئاوی داقوق خنكاون، ئەوەش وایكرد داوای كردنەوەی بنكەی تایبەت بە پۆلیسی روبار لە قەزاكه بكرێت، هاوشانی دابینكردنی كەلوپەل و پێداویستی تایبەتی رزگاركردن بۆ تیمەكانی بەرگری شارستانی.
حەسەن عەبدولرەزاق، دانیشتووی داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت لە ماوەی 30 رۆژدا پێنج كەس بە خنكان گیانیان لەدەستداوە، دوایینیان رۆژی شەممەی رابردوو بوو، رونیشیكردەوە كە مەلەكردن لەئاوی پرۆژەكە ترسناكە و ساڵانە دهیان حاڵەتی لەوشێوەیە تۆمار دەكرێت.
داوای تیمی بەهاناوەچوونی مەشقپێكراو دەكرێت
سەبارەت بە رێگەچارە پێشنیازكراوەكان، حەسەن عەبدولرەزاق داوا دەكات هاوشێوەی ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری)، بنكەی پۆلیسی روبار لەقەزاكەدا بكرێتەوە، جگە لەوەش غەواسی مەشقپێكراو و كەلوپەلی پێویستیان بۆ دابینبكرێت، لەگەڵ دروستكردنی بەربەستێك بەدرێژایی كەناراوی پرۆژەكە و هێمای ئاگاداركردنەوە دابنرێت، تا رێگە بەخەڵك نەدرێت مەلەی تیا بكەن.
سەرچاوەیەكی بەرگری شارستانی بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە توانای تیمەكانیان سنوردارە، بەدەست كەمی پێداویستی بەهاناوەچونی لێقەوماوانەوە دەناڵێنن، سەرەڕای ئەوەش دەچنە شوێنی روداوەكان و بەپێی توانا یارمەتی پێشكەشدەكەن.
سەرچاوەكە رونیكردەوە تیمەكانی بەرگری شارستانی بەلەم و كەلوپەلی مەلەوانی و پێداویستی غەواسیان نییە، پشت بە توانا سنوردارەكانی خۆیان دەبەستن لەكاتی ڕوداوەكانی خنكاندا.
وتیشی تەنیا لەماوەی یەك مانگدا قەزای داقوق (44كم باشوری كەركوك) پێنج روداوی خنكانی بەخۆوە بینیووە، تیمەكانی بەرگری شارستانی هاوكار بون لە دەرهێنانەوەی تەرمی قوربانییەكان.
نەقیب قەیس عەبدولرەزاق، ئەفسەری راگەیاندن لە بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی كەركوك بۆ (كەركوك ناو) ئاماژەی بەوەدا دواترین حاڵەتی خنكان لە پرۆژەی ئاوی داقوق، شەممەی رابردوو 13ی حوزەیرانی 2020 رویدا.
كەركوك، 13ی حوزەیرانی 2020، پرۆسەی دەرهێنانەوەی تەرمی گەنجێكی خنكاو لە داقوق
وتیشی تیمەكانی بەرگری شارستانی ئاگاداركرانەوە لەبارەی رووداوی خنكانی گەنجێك لەپرۆژەی ئاوی داقوق، سەرەنجام تیمەكانی بەرگری شارستانی بەهاریكاری هاوڵاتیان توانییان تەرمی گەنجە خنكاوەكە دەربهێننەوە.
بەوتەی شایەتحاڵەكان؛ گەنجەكە تەمەنی 18 ساڵ و دانیشتوی قەزای دوزخورماتوو بووە، بەمیوانی چۆته داقوق.
لە پردێ پۆلیسی روبار كەسێك لەخنكان رزگار دەكەن
كێشەكەی داقوق ناوچەی تری كەركوكیشی گرتۆتهوه، هەمان رۆژ دوو كەس لە ناحیەی پردێی باكوری كەركوك دوچاری روداوی خنكان بوون، بەڵام كارمەندانی پۆلیس روبار كه بنكەیان لەو ناحیەیەدا هەیە توانییان یەكێكیان لە خنكان رزگار بكەن و ئێستاش باری تەندروستی باشە.
سەبارەت بەو روداوە، سەرچاوەیەكی ئەمنی پۆلیسی روباری ناحیەی پردێ وتی دوانیوەڕۆی شەممە، 13ی حوزەیران، دوو هاوڵاتی كە تەمەنیان 17 ساڵ و 18 ساڵ بوو، توشی روداوی خنكان بوون لە روباری زابی بچوك.
جەختیشیكردەوە مەفرەزەكانی سەر بە پۆلیسی روبار یەكێكیانی رزگار كردوە و ئێستاش بەدوای تەرمی گەنجەكەی تردا دەگەڕێن.
كەركوك، 13ی حوزەیرانی 2020، رزگاركردنی گەنجێك لەخنكان لە ناحیەی پردێ
كەركوك، 13ی حوزەیرانی 2020، پرۆسەی دەرهێنانەوەی تەرمی گەنجێك دوای خنكانی لە پرۆژەی ئاوی داقوق فۆتۆ: محهمهد ئهڵماس
كەركوك، 13ی حوزەیرانی 2020، پرۆسەی دەرهێنانەوەی تەرمی گەنجێكی خنكاو لە داقوق