یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، رایدەگەیەنێت كە شەقامی كوردی لە كەركوك نیگەرانە و پێشێلكاریی ئیداریی و ئەمنی بەرامبەر كورد دەكرێت. بۆیە داوا لە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات فشاربكەنە سەر حكومەتی عیراق.
ئەو داواكارییەی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆبونەوەیەكیاندا هاتووە لەگەڵ لۆرا رومانازی، لێپرسراوی ئۆفیسی كەركوكی نەتەوەیەكگرتوەكان لە كەركوك ناسراو بە (یونامی)، كە ئەمڕۆ سێشەممە 16ی حوزەیران لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كەركوك بەڕێوەچوو و تیایدا تاوتوێی دۆخی ئەمنیی و ئیداری پارێزگاكە كرا.
حەسیبە عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی و بەشدار لەو كۆبونەوەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو پێشێلکارییانەمان باسكرد کە لەسایەی هێزە عیراقییەکان لە کەرکوک و خانەقین ئەنجامدەدرێن. بە بەڵگە و ئامار سەرپێچی هێزە عیراقییەکان و ئیدارەی کەرکوکیشمان خستەڕوو"، زیاتر وتی "پێمانڕاگەیاندن هەموو ئەو کارانە لەکاتێکدا ئەنجامدەدرێن کە حکومەتی عیراقی کەمتەرخەمە لە یەکلاییکردنەوەەی رەوشی ناوچەكانی جێناکۆک لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستوری عیراق".
بە بەڵگە و ئامار سەرپێچی هێزە عیراقییەکان و ئیدارەی کەرکوکمان خستەڕوو
وەفدەكەی یەكێتی بە نوێنەری یونامیان وتوە "شەقامی کوردی لە كەركوك نیگەرانە... بەهۆی پەلامارە تیرۆریستییەکان و بە ئامانجگرتنی کاکەییەکان لە داقوق و خانەقین و سوتانی دەغڵودانی کورد لەو ناوچانە"، بەپێی وتەی حەسیبە عەبدوڵا.
هەروەها جەختیكردەوە "لە كۆبونەوەكە ئاماژەشمان بۆ ئەو هەڵمەتە بێ پاساوانەش کرد کە هێزە عیراقییەکان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکوک ئەنجامیدەدەن و نیگەرانی شەقامی کوردیشمان لەو روەوە پێڕاگەیاندن... داواشمان کرد نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ئەو مەبەستە فشار لەسەر حکومەتی عیراق دروستبکات بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە".
لە كۆبونەوەكەدا بەوتەی حەسیب، لۆرا رومانازی، لێپرسراوی ئۆفیسی كەركوكی یونامی، وتویەتی كە ئاگاداری بەشێک لەو پێشێلکارییانەن کە لەڕوی سیاسی، ئەمنیی و سەربازییەوە لە کەرکوک رودەدەن. بەڵام وتویەتی "پێویستە زانیاری وردمان لەسەر پێشێلکارییە ئەمنییەکان هەبێت تا سەروی خۆمانی لێ ئاگاداربكەینەوە".
پێویستە زانیاری وردمان لەسەر پێشێلکارییە ئەمنییەکان هەبێت تا سەروی خۆمانی لێ ئاگاداربكەینەوە
حەسیبە وتی "لۆرا رومانازی وتویەتی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران قسە دەكەین بۆ ئەوەی کارنامەی حکومەتی نوێ بزانین و تێڕوانینی ئەوانیش بزانین بۆ کێشەی کەرکوک".
لۆرا داوایكردووە كێشەی کەرکوک بەپێی دەستوری عیراق چارەسەر بکرێت و وتویەتی "هەوڵەكانمان بەو ئاراستەیە بێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە، نەک چارەسەرێکی خێرا کە دواتر سەر هەڵبداتەوە". هەر بەوتەی حەسیبە.
بۆچونی یەكێتیی لەبارەی "بونی پێشێلكاریی لە كەركوك دژ بە كورد"، لەكاتێكدایە چەند جارێك فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك جەختیانكردۆتەوە كە ئەوان بەیەك چاو سەیری هەموو پێكهاتەكانی پارێزگاكە دەكەن و جیاوازی ناكەن.