كه‌سوكاری منداڵێكی 9 ساڵان، دوای گیانله‌ده‌ستدانی كوڕه‌كه‌یان، هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ی كفری چونکە لەو باوەڕدەدان به‌هۆی مانگرتنی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، نه‌بونی چاره‌سه‌ری پێویست و به‌ده‌مه‌وه‌نه‌هاتنی نهخۆشهكهیانهوه، مردووە.
سه‌ره‌تای روداوه‌كه بۆ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبەر ده‌گه‌ڕێته‌وه ، كاتێك محه‌مه‌د نه‌وزاد له 10ی حوزه‌یراندا له‌ناکاو توشی ئازاری گورچیله بووه، دوای بینینی له‌لایه‌ن چه‌ند پزیشكێك و وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ره‌وه، بارودۆخی خراپتر بووه و دووجار ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی كفری كراوه، به‌ڵام به‌هۆی مانگرتنه‌وه ناچار براوه‌ته كه‌لار و رۆژی 15ی حوزه‌یران له‌وێ گیانیله‌ده‌ستداوه.
شێرزاد بابان، مامی منداڵه كۆچكردووه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوێنێ (16ی حوزه‌یران) له دژی بنكه‌ی ته‌ندروستی كفری سكاڵامان تۆماركرد، چونكه پزیشكی دادوه‌ری سلێمانی وتی منداڵهكەتان به‌هۆی چاره‌سه‌ری هه‌ڵه‌وه مردووە".
باوكی وه‌ستای سپلیته و به‌ناچاری به غازی سپلیت ئۆكسجینی بۆ دانا
دوای دوو رۆژ له گیانله‌ده‌ستدانی منداڵەکە، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 17ی حوزه‌یران كه‌سوكاری هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ی كفری، به‌پێی ژماره‌یه‌ك وێنه و گرته‌ی ڤیدیۆیی باڵه‌خانه و كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی ناو نهخۆخشخانهكه زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه.
"ئه‌مشه‌و دایكی منداڵه‌كه بارودۆخی باش نه‌بووە، دوای چونه سه‌ر قه‌بران له هۆش خۆی چوو، بۆیه ترساین و بردمانه نه‌خۆشخانه، به‌ڵام ده‌رگایان لێنهكردینهوه هه‌رچه‌نده پزیشك و په‌رستیاره‌كان له ژوره‌وه بون، به‌ڵام توڕه بوین؛ به ژن و پیاوه‌وه هه‌ڵمانكوتایه سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كه، هه‌رچی ئامێر و په‌نجه‌ره و كورسی هه‌بوو شكاندمان" به‌وته‌ی شێرزاد بابان.
به‌شێك له پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له كفری و چه‌ندین ناوچه‌ی تر به‌هۆی پێنه‌دانی موچه‌ی مانگانه‌وه مانگرتنیان راگه‌یاندووه.
كفری، 17ی حوزه‌یران، زیانه‌كانی دوای په‌لاماردانی نه‌خۆشخانه‌كه ڤیدیۆ: تایبه‌ت به كه‌ركوك ناو
مامی منداڵه‌كه ده‌ڵێت ته‌ندروستی منداڵه‌كه به‌هۆی ده‌رزییه‌وه خراپ بووه، چونكه ده‌رزییه‌كی به‌هێز بووە و بۆ منداڵ نەشیاو بووه، بۆیه له هاتوچۆی نێوان نه‌خۆشخانه‌كاندا تا گه‌یشتۆتە كه‌لار ئیتر لە سه‌دا 15ی دڵی كاری ده‌كرد، ناچار باوكی كه وه‌ستای سپلیته به غازی سپلیت هه‌ناسه‌دانی بۆ داناوه.
ئه‌و منداڵه له سه‌ره‌تادا، پزیشكی كلینیكێكی ئه‌هلی وتویه‌تی به‌ردی هه‌یه، دوای وەرگرتنی چاره‌سه‌ر بۆ ماوەی چوار رۆژ وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه، تا دوو پزیشكی تر پشكنینیان بۆ كردووه، دواتریش ده‌رزی بۆ نوسراوه و كاتێك له شه‌ودا ده‌رزییه‌كه‌ی بۆ كراوه لای یاریده‌ده‌رێكی پزیشكی بارودۆخی خراپتر بووه.
به‌وته‌ی كه‌سوكاری، شه‌وی 14ی مانگ خوێنی هه‌ڵهێناوه‌ته‌وه، بۆیه به‌په‌له ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی كفری كراوه و به‌هۆی مانگرتنه‌وه خۆیان ئۆكسجینیان بۆ داناوه، به‌ڵام ئۆكسجین نه‌ماوه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه ماڵه‌وه، بۆ رۆژی دواتر جارێكی‌تر بردویانه بۆ نه‌خۆشخانه و ئۆتۆمبێلی فریاكهوتنیشیان پێنه‌دراوه تا ره‌وانه‌ی كه‌لاری بكه‌ن، تا ئەو کاتەی خۆیان بردویانە و دوای دوو كاتژمێریش گیانی له‌ده‌ستداوه.
مامی منداڵه‌كه وتی "سكاڵامان كردووه چونكه كه‌س جوابی نه‌داینه‌وه، هه‌موو پزیشكه‌كان له نه‌خۆشخانه بون و فریامان نه‌كه‌وتن، ئێستاش حكومه‌ت هه‌ر قه‌ره‌بویه‌كی بوێت ده‌یخه‌ینه سه‌ر چاومان".
بەهۆی مانگرتن و ئەم بارودۆخه‌ی ئێستاوه، خەڵك بێچارەسەر دەمێننەوە و گیانلەدەستدەدەن
ئیداره‌ی كفری به هه‌ماهه‌نگی لایه‌نی ئه‌منی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهێناوه بۆ به‌دواداچونی هێرشكردنه سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كه.
سامان سه‌رتیپ ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتی شه‌هید خالید گه‌رمیانی له كفری به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌یانی ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك په‌لاماری نەخۆشخانەكەیانداوە، زیانێكی زۆریانداوە لە ئامێر، سپلیت و كورسی ناو نه‌خۆشخانه‌كە".
"بەهۆی مانگرتن و ئەم بارودۆخه‌ی ئێستاوه، خەڵك بێچارەسەر دەمێننەوە و گیانلەدەستدەدەن، سه‌ره‌ڕای نه‌بونی موچه تا چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبەر هه‌ر دهواممانكردووه.. ئێمه به‌رپرس نین له گیانله‌ده‌ستدانی نه‌خۆش چونكه ده‌رئه‌نجامی كه‌موكورتی و نه‌بونی موچه‌یه".
به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌کە پێیوایه ناكرێت خه‌ڵك بۆ وه‌رگرتنی مافه‌كانی هێرشبكاته سه‌ر نه‌خۆشخانه، له‌كاتێكدا ئامێر و كه‌ره‌سته‌ی گرانبه‌ها شكێنراون، كه بۆ خزمه‌تی هه‌موو هاوڵاتیانه.
پزیشكی خولاو و فریاكه‌وتنی كفری له 3ی حوزه‌یرانه‌وه مانیانگرتووه و تائێستا وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان نه‌دراوه‌ته‌وه.
"كه‌س وه‌ڵامی نه‌داوینه‌ته‌وه و منیش وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر ناتوانم بڵێم بایكۆت نه‌كه‌ن چونكه موچه نییه" سامان سه‌رتیپ وای وت.
سه‌رباری ناڕه‌زایی پزیشك و كارمه‌ندان، له كاتێكدا مه‌ترسی كۆرۆنا و ژماره‌ی توشبوان له هه‌ڵكشاندایه، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ واده‌یه‌كی بۆ دابه‌شكردنی دووه‌م موچه‌ی ئه‌مساڵ رانەگەیاندووە .
جه‌لال نوری، قایمقامی قەزای كفری به (كه‌ركوك ناو)ی وت "چه‌ند كه‌سێك ههڵیانكوتاوهسهر نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید خالد گه‌رمیانی و زیانی زۆریان داوە، بۆیه بهڕێوهبهرەکە سكاڵای تۆماركردووه و لێكۆڵینه‌وه ده‌كرێت".
هه‌روه‌ها وتی "زیانگەیاندن بە نەخۆشخانە تاوانێكی گەورەیە، ئێستا لە زۆرێك لە ناوچەكانی هەرێم مانگرتن هه‌یه، ئه‌وه‌ش دەسەڵاتی كەسی تێدا نییە و چاوه‌ڕێی چاره‌سه‌رین".
په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) زیاد له جارێك په‌یوه‌ندیكرد به لێپرسراوانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و پۆلیسه‌وه به‌ڵام به پاساوی به‌رده‌وامی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌باره‌ی ئه‌و روداوه‌وه، ئاماده‌نه‌بون هیچ لێدوانێك بده‌ن.