12 هاوڵاتی له كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری خنكاون، به‌هۆی مه‌له‌كردن له روبار و پرۆژه‌كانی ئاو، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له ماوه‌ی مانگێكدا.
له دوایین روداودا، دوو خوشكی دانیشتوی گوندی بەشیر به ناوه‌كانی فاتمە عەلی هەشت ساڵ و تەبارەک عەلی پێنج ساڵ، 16ی حوزەیرانی ئه‌مساڵ، كاتێك لە نزیك پڕۆژەی ئاوی ناحیەی تازە سەرقاڵی یاریكردن بون كەوتونەتە ناوییەوە و خنكان.
ئه‌و دوو منداڵه دوای خنکانیان بۆ ماوەیەکی کەم تەرمەکانیان دۆزرایه‌وه و له ئاوه‌كه ده‌رهێنرانه‌وه.
موقەدەم سەڵاحەدین رەجه‌ب، ئه‌فسه‌ر له هێزه‌كانی پۆلیسی روبار له كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت له ماوه‌ی مانگێكدا 12 كه‌س له ئاودا خنكاون و توانراوه چوار هاوڵاتیش له‌لایه‌ن تیمه‌كانیانه‌وه ژیانیان رزگاربكرێت.
ته‌واوی ئه‌و روداوانه له ئاو و روباره‌كانی داقوق، زێی بچوك له پردێ، به‌نداوی شیرین، به‌نداوی خاسهچای، پرۆژه‌كانی ئاوی حه‌ویجه و تازه بون.
هه‌ینی 19ی حوزه‌یران له زێی بچوك، هێزه‌كانی روبار توانییان ته‌رمی گه‌نجێك بدۆزنه‌وه و له ئاوه‌كه‌دا ده‌ریبهێننه‌وه.
ئه‌و گه‌نجه ناوی عه‌بدولعه‌زیم سوفیان (17 ساڵ) بوو، هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا له زێی بچوك له ناحیه‌ی پردێ خنكاوه و ته‌رمه‌كه‌ی دیارنه‌بووه.
ڤیدیۆ: ده‌رهێنانی ته‌رمی گه‌نجێك له زێی بچوك دوای هه‌فته‌یه‌ك له خنكانی / راگه‌یاندنی پۆلیسی روبار
ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی پۆلیسی روبار وتی "به چوار به‌له‌م و به به‌رده‌وامی به‌دوای ته‌رمی ئه‌و گه‌نجه‌دا ده‌گه‌ڕاین تا ته‌رمه‌كه هاته سه‌ر ئاو و له نزیك به‌نداوی دوبز دۆزرایه‌وه، به‌وپێیه‌ی رێڕه‌وی ئاوه‌كه زۆر تیژ بوه بۆیه ته‌رمه گه‌یشتۆته ئه‌و شوێنه".
بەپێی ئامارێكی (كەركوك ناو)، ته‌نیا له پرۆژه‌ی ئاوی داقوق پێنج كه‌س له 30 رۆژدا خنكاون، ئه‌وه‌ش وایكرد خه‌ڵكی ناوچه‌كه داوای كردنەوەی بنكەی تایبەت بە پۆلیسی روبار لە قەزاكه بكه‌ن، له‌گه‌ڵ دابینكردنی كەلوپەل و پێداویستی تایبەتی رزگاركردن بۆ تیمەكانی بەرگری شارستانی.
موقەدەم سەڵاحەدین رەجه‌ب ده‌ڵێت تیمه‌كانی پۆلیسی روبار له 40 كه‌س پێكهاتون، له‌گه‌ڵ یه‌ك غه‌واس، هه‌موشیان شاره‌زایی ته‌واویان له مه‌له‌وانیدا هه‌یه.
ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پۆلیسی روبار جه‌ختیكرده‌وه له هه‌ر شوێنێك روداوێك هه‌بێت ئه‌وان ئاماده‌ده‌بن، له‌كاتێكدا كهموكورتیشیان هه‌یه له پێداویستییه‌كان؛ وه‌ك ئۆتۆمبێل و به‌له‌م، جگه له كه‌می ژماره‌ی كارمه‌ند و پۆلیس.
ساڵانە لە كاتی وەرزی هاوین و گەرمادا، هاوڵاتیان بۆ خۆ فێنككردنەوە و مەلەكردن، روو لە روباری پڕۆژەكانی ئاو دەكەن، هەندێكیان بەتایبەت منداڵان بەهۆی نەزانینی مەلە و شارەزانەبونیان لە ئاوەكە دەخنكێن.