لیوا عەلی کەمال، فەرماندەی پۆلیسی كەركوك و هاوژینەكەی، كە ماوەیەك لەمەوبەر توشی كۆرۆنا بون، ئەمڕۆ سێشەممە گەڕانەوە ماڵ و نەخۆشخانەیان بەجێهێشت، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو).
عەلی كەمال و هاوژینەكەی، دوێنێ دووشەممە 23ی حوزەیران دواین پشكنینیان بۆ ئەنجامدراو بەپێی ئەنجامەكەی بەتەواوی چاكبونەتەوە.
سەرچاوەكە بۆ (كەركوك ناو)، وتی "لە نەخۆشخانەی ئازادی لیوا عەلی كەمال و هاوژینەكەی لەژێر چاودێری پزیشکیدا بون، ئەنجامی پشکنینی کۆتاییان بۆ گەڕاتەوەو پشکنینەکە نێگەتیڤ بووە، بۆیە بەیانی ئەمڕۆ نەخۆشخانەیان بەجێهێشت".
لە پارێزگای كەركوك بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق، 749 حاڵەت تۆماركراوە، لەو رێژەیە 27 كەس گیانیانلەدەستداوە و 212 كەسیش چاكبونەتەوە.
كەركوك دوای نەجەف، دووەم پارێزگای عیراق بوو لە كۆتایی شوباتی ئەمساڵ حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای تیادا بڵاوبۆوە.
لە دواین رێكارەكانی شانەی قەیران لە كەركوك بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیاردرا نەخۆشخانەی گشتی كەركوك تایبەت بكرێت بە كۆرۆنا، هەروەها دەوامی فەرمانبەرانی فەرمانگە حكومییەكان بەڕێژەی لەسەدا 25 بێت و قەدەغەی هاتوچۆش لە كاتژمێر هەشتی شەو تا پێنجی بەیانی جێبەجێبكرێت.