دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە عیراق تۆمارکراوە و دەیان رۆژنامەنوس و کارمەندی تری دەزگای میدیاییەکان هەڵگری ڤایرۆسەكەن، ئەوەش بە پشتبەستن بەچەند ئامارێکی سەندیکا، یونیسکۆ و دامەزراوە تەندروستییەکان.
موئەید لامی، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنوسانی عیراق، لە راگەیەنراوێکیدا کە سێشەممە 23ی حوزەیران بڵاویکردەوە، جەختیکردەوە لە توشبونی هەشت رۆژنامەنوس لە پارێزگاکانی میسان، نەینەوا، بەغدا، نەجەف و زیقار و وتی "لەگەڵ خۆیان و خێزانەکانیاندا پەیوەندی زۆر باشمان هەیە و لەخوا بەزیادبێت بارودۆخی تەندروستی کەسیان ناجێگیر نییە".
لامی وتی کە ئەوان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بێت لەڕوی ماددیی و چارەسەرکردنەوە هاوکارییان بکەن.
لە هەوڵداین بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بێت لەڕوی ماددیی و چارەسەرکردنەوە هاوکارییان بکەین
کۆتایی هەفتەی رابردوش ناوبراو پرسەو سەرخۆشی سەندیکاکەی ئاراستەی بنەماڵەی رۆژنامەنوسێک کرد بە ناوی عەلی وەحید، کە دوای توشبونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیلەدەستدا.
ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی ئامارێکی رێکخراوی یونیسکۆ، 11 رۆژنامەنوس لە عیراق توشی کۆرۆنا بون، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە.
هاوکات سەرچاوەیەکی تەندروستی لە سلێمانی بە (کەرکوک ناو)ی وت "لە چەند رۆژی رابردودا شەش رۆژنامەنوس دوای پشکنین دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسەکەن".
ئەم ئامارە تەنیا ئەوانەن بە ڕەسمی راگەیەنراون و دەیانی تریش لە عیراق و هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی گەڕانەوەی پشکنینەکانیان دەکەن.
سەرچاوە تەندروستییەکەی سلێمانی، وتی "ئەو شەش رۆژنامەنوسە چواریان بەرکەوتنیان لەگەڵ یەکدا هەبووە".
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، توشبونی شەشە رۆژنامەنوسی لە سلێمانی پشتڕاستکردەوە و وتی "رۆژنامەنوسانمان ئاگادار کردۆتەوە هەمویان بەزوترین کات پشکنین بکەن تا دڵنیاببنەوە لەوەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن یاخود نا".
رۆژنامەنوسانمان ئاگادار کردۆتەوە هەمویان بەزوترین کات پشکنین بکەن تا دڵنیاببنەوە لەوەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن یاخود نا
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیران، فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی توشبونی یاد نەقشبەندی، وتەبێژی فەرمانگەکەی بە کۆرۆنا راگەیاند، ئەوەش لەکاتێکدایە زۆرێک لە رۆژنامەنوسان بەهۆی کارەکانیان و بۆ وەرگرتنی زانیاریی بەرکەوتنیان لەگەڵدا هەبووە.