ژماره‌یه‌ك له فیته‌ر و پیشه‌وه‌ری بازاڕی حهسیرهكهی كه‌ركوك، دژی بڕیاری گواستنه‌وه‌ی دوكانه‌كانیان بۆ ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێ ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن، دوای روخاندنی كه‌پری دوكانه‌كانیان و دروستكردنی فشار به ئامانجی چۆڵكردنی ناوه‌ندی شار.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 25ی حوزه‌یران، فیتهرهكانی بازاڕی حه‌سیره‌كه له نزیك گه‌راجی سلێمانی گردبونه‌وه دژی بڕیاره‌كه‌ی ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، چونكه قایل نین لهناوشارهوه بگوازرێنه‌وه بۆ ناوچه‌ی پیشه‌سازی له‌سه‌ر رێگه‌ی ناحیه‌ی له‌یلان.
ئەردەڵان ئەنوەر، یه‌كێكه له پیشه‌وه‌رانی ئه‌و بازاڕه و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دیزاینی دوكانه‌كانی ناوچه‌ی پیشه‌سازی به كه‌ڵكی ئێمه نایه‌ت، شوێنه‌كه بچوكه، روی ده‌ره‌وه‌ی دوكانه‌كان 10 مه‌تره و دهڕابهیهكی دوو مه‌تری بۆ كراوه، ناوه‌وه‌یشی كاشی نییه".
جگه‌له‌وه‌ش به‌وته‌ی ئه‌رده‌ڵان، بۆ هه‌ر دوكانێك له ناوچه‌ی پیشه‌سازی، داوای نرخ و كرێی زۆر ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش له توانای ئه‌واندا نییه كه چه‌ند مانگێكه به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه نه‌یتوانیوه كاربكه‌ن.
ئیداره‌ی كه‌ركوك به هاوكاری هێزه ئه‌منییه‌كان ئه‌مڕۆ ده‌ستیكردووه به تێكدان و روخاندنی كه‌پری دوكانی فیته‌ر و پیشه‌وه‌رانی ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك تا بگوازنه‌وه بۆ ناوچه‌ی پیشه‌سازی.
نه‌وزاد عه‌لی، كه 20 ساڵه دوكانی فرۆشتنی پارچه‌ی یه‌ده‌گی ئۆتۆمبێلی هه‌یه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بێ ئاگاداركردنه‌وه قایمقامیه‌ت هه‌ستاون به روخاندنی كه‌پری ده‌ره‌وه‌ی دوكانه‌كانمان له‌كاتێكدا بایی 100 هه‌زار دۆلار پارچه‌ی یه‌ده‌گ له‌ناو دوكانهكهمدایه و له‌وكاته‌شدا كاره‌باكه سوتاوه، ئه‌گه‌ر دوكانه‌كه‌م بسوتایه كێ قه‌ره‌بوی ده‌كردینه‌وه؟".
زۆرینه‌ی دوكاندارانی بازاڕه‌كه پێیانوایه ناوچه‌ی نوێی پیشه‌سازی، جگه له خراپی دوكان و خزمه‌تگوزارییه‌كانی، دووره ده‌سته و خه‌ڵك ناتوانن سه‌ردانیان بكه‌ن، بۆیه ئاماده‌نین بڕیاره‌كه جێبه‌جێبكه‌ن.
فه‌لاح یایچلی، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا ده‌رباره‌ی بڕیاری گواستنه‌وه‌ی فیته‌ر و پیشه‌وه‌رانی ناوشار كه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له فه‌یسبوك بڵاویكردۆته‌وه، ده‌ڵێت به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كان و شاره‌وانی دوكاندارانیان ئاگاداركردۆته‌وه شوێنی كاره‌كانیان بگوازنه‌وه.
به‌وته‌ی یایچلی بڕیاره‌كه له‌لایه‌ن به‌شی زیاده‌ڕۆیی ئیداره‌ی كه‌ركوكه‌وه ده‌ركراوه، به‌وپێیه‌ی "دوكانی فیته‌ر، پیشه‌وه‌ر و شوێنی شوشتنی ئۆتۆمبێل سیمای ناوشاریان تێكداوه،.. سكاڵای زۆریان له‌سه‌ره له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه، .. ئه‌وه‌ش هه‌موو پیشه‌وه‌رانی هاوشێوه‌ی ناوشار ده‌گرێته‌وه نه‌ك ته‌نیا بازاڕی حه‌سیره‌كه".
قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك له وه‌ڵامی ره‌خنه‌ی به‌شێك له دوكانداران ده‌ڵێت؛ له ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێ، هه‌موو پێداویستییه‌كانی ئه‌منی و سه‌لامه‌تی دابینكراوه.