به‌رهه‌می باخه‌كه‌ی ئیحسان لە باشیک-ی سەر بە نەینەوا وه‌ك جاران به به‌ره‌كه‌ته، دوای ماندوبون و خه‌رجیی زۆر توانیویه‌تی زه‌یتونی ئه‌مساڵ بهێنێته به‌رهه‌م، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك دینار داهاتی هەبێت.
ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئیحسان؛ پێویستی به بازاڕی پڕ له جموجۆڵ و هاتوچۆی نێوان شاره‌كانه، كه ئێستا به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه په‌كیكه‌وتووه.
"كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ زیانی زۆری هه‌بووە، ئه‌مساڵ یه‌ك كیلۆ زه‌یتونم نهفرۆشتووە، له‌كاتێكدا باخه‌كه‌م چوار تۆن به‌رهه‌می بووە" ئیحسان نون حه‌سه‌ن، بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و چوار تۆن زه‌یتونه‌ی ئیحسان، ساڵانی پێشتر له بازاڕدا یه‌ك كیلۆی به دوو هه‌زار و 500 تا سێ هه‌زار دینار فرۆشراوه (٢ دۆلاری ئەمریکی)، لانیكه‌م 10 ملیۆن دیناری (٨٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی) ده‌ستده‌كه‌وت، ئێستا به‌هۆی بێ بازاڕییه‌وه، نرخی كیلۆیه‌كی بۆ هه‌زار دینار (کەمتر لە دۆلارێکی ئەمریکی) دابه‌زیووه و به هه‌مووی ناگاته زیاتر له چوار ملیۆن دینار (٣٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی).
به‌رهه‌می باخی زهیتونهكهم كردۆته ناو ئاو و خوێوه، تا بۆ دوای كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هه‌ڵیبگرم
"ئه‌گه‌ر ئێستا زه‌یتونه‌كه بفرۆشم هیچ قازانجێك ناكه‌م، بایی ماندوبونهكه نییه، بۆیه به‌رهه‌مه‌كه‌م كردۆته ناو ئاو و خوێوه، تا بۆ دوای كۆرۆنا هه‌ڵیبگرم".
باخه‌كه‌ی ئیحسان ده‌كه‌وێته ناحیه‌ی باشیك (12كم رۆژهەڵاتی موسڵ)، كه ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده به زه‌یتون و زۆرینه‌ی دانیشتوانەکەی لە كه‌مینه‌ی كریستیان، ئێزیدی و شه‌به‌كن و به به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتونه‌وه سه‌رقاڵن.
ئیحسان نون، دانیشتوی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه و 30 ساڵی ته‌مه‌نی له ناو باخه‌كانی زه‌یتوندا به‌سه‌ربردووه، له دوای هێرشه‌كانی داعشه‌وه، هیچ كاتێك هێنده‌ی ئێستا بێ داهات نه‌بووه، "به‌داخه‌وه باشیك كه ناسنامه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتونه خه‌ریكه به‌هۆی كۆرۆناوه له‌ناوده‌چێت و كه‌سیش به هانامانه‌وه نایه‌ت" ئه‌و له گلییهكانیدا روی ده‌می له حكومه‌ت و رێكخراوه فریاگوزارییه‌كان بوو.
له باشیك و ته‌واوی پارێزگاكانی عیراق، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له ناوه‌ڕاستی ئاداری 2020ـه‌وه به شێوه‌ی پچڕپچڕ به‌رده‌وامی هه‌یه به ئامانجی خۆپارێزی له كۆرۆنا، ئه‌وه‌ش زیانی بە چه‌ندین پیشه و خاوه‌ن پرۆژه گەیاندووە.
"پێش قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و كۆرۆنا، هه‌مومان پێكه‌وه له باخه‌كاندا كارمانده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا هاوژینه‌كه‌م ده‌چێته سەركار و سه‌رباری ماندوبونهكه به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و نه‌بونی بازاڕه‌كانه‌وه كه‌مترین به‌رهه‌ممان فرۆشتووه" خاليدا ميرزا وای وت.
خاليدا ده‌ڵێت پێشتر سه‌رباری ئه‌ركی دایكایه‌تی، له‌گه‌ڵ كچ و ژنانی تردا، به‌رده‌وام له‌ناو باخه‌كاندا بون، تا به‌رهه‌می زه‌یتون بچننه‌وه و بیخه‌نه بازاڕه‌وه، "ئه‌و رۆژانه نه‌ما، كۆرۆنا هه‌موو شتێكی گۆڕی، ئێستا زیاتر له نیوه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌مان خستۆته ناو ئاو و خوێوە" به‌وته‌ی خالیدا بۆ (كه‌ركوك ناو).
زەیتونی باشیك؛ یەكێكە لە باشترین جۆری زەیتون لە عیراق، به تایبه‌ت بۆ زه‌یت، حەوت ساڵ توانای بەرگەگرتنی لەناو ئاو و خوێدا هه‌یه.
شاكر یه‌حیا، به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی چاندن له باشیك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوو شت زۆر كاریگه‌ری خراپی كردۆته سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتون، كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، له‌گه‌ڵ هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی".
حكومه‌ت له‌كاتی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هاوكاریمان ناكه‌ن
زه‌یتونی باشیك ساڵانه هه‌نارده‌ی زۆربه‌ی پارێزگاكانی عیراق كراوه، به‌ڵام به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی نێوان شاره‌كانه‌وه ئه‌و هه‌نارده‌یه نه‌ماوه یان ئه‌سته‌م بووه، "بۆیه خه‌ڵكێكی زۆر به‌رهه‌مه‌كه‌ی كردۆته ئاو و خوێوه بۆ ساڵانی داهاتوو یان دوای قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، چونكه ئێستا بێ بازاڕییه و نرخیش دابەزیووە".
شاكر یه‌حیا ده‌ڵێت خاوه‌ن باخ و كرێكاره‌كان به زه‌حمه‌ت ده‌گه‌نه شوێنی كاره‌كانیان، ئه‌وه‌نده‌ی له توانای ئه‌واندا بووه هاوكاری و كارئاسانییان بۆ كردون له کاتی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا، به‌ڵام حكومه‌ت و رێكخراوه‌كان نه‌یانتوانیووه هیچ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می زه‌یتونه‌كه بكه‌ن لەوانە بە پێدانی قه‌رز بارگرانی سه‌رشانی خه‌ڵك كه‌مبكه‌نه‌وه.
باشیك كه سه‌ر به قه‌زای ناوه‌ندی موسڵه و 52 گوند له خۆده‌گرێت، نزیكه‌ی 140 هه‌زار كه‌سی تێدا نیشته‌جێیه له شه‌به‌ك، كریستیان، ئێزیدی، كورد و عه‌ره‌ب، له ڕوی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه به دووه‌م گه‌وره‌ترین ناحییه‌ی نه‌ینه‌وا داده‌نرێت، به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتون یه‌كێكه له سه‌ره‌كیترین سه‌رچاوه‌كانی دارایی دانیشتوانەکەی.
"كێشه‌كه ئه‌وه‌یه حكومه‌ت له قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا هاوكارمان نین، له كاتی سه‌ردانیكردنی باخه‌كاندا رێگریی هه‌یه، زۆر پێداویستی تر هه‌یه ئه‌ركی حكومه‌ته به‌ڵام هاوكاری نه‌كردوین" به‌وته‌ی سامان ئه‌لیاس.
سامان به (كه‌ركوك ناو)ی وت له ئێستادا 250 درەختی زه‌یتونی هه‌یه، ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می دوای گه‌ڕانه‌وه له ئاواره‌یی و كۆتایی شه‌ڕی داعشه، چونكه له 2014 به‌دواوه 500 درەختی سوتا.
داعش له ناوه‌ڕاستی 2014دا ده‌ستی به باشیك گه‌یشت، زیاتر له دوو ساڵ مایه‌وه و ژماره‌یه‌كی زۆر له باخ و دار زه‌یتونه‌كانی سوتاند.
سالم سه‌لیم سادق، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی درەختی زیتون له باشیك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بێگۆمان كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كاریگه‌ری راسته‌خۆیان له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتون هه‌بووه؛ به تایبه‌ت لەکاتی ئاودان، چنین و تا ده‌گاته ساغكردنه‌وه‌ی له بازاڕه‌كاندا".
به‌پێی ئاماره‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه، له باشیك 121 باخی زه‌یتون هه‌یه، كه 45 هه‌زار و 320 داری تێدایه له ناوچه‌ی بهحزانێی سه‌ر به ناحیه‌كه‌ش 80 باخ هه‌یه كه 25 هه‌زار و 750 درەختیان تێدایە، به‌رهه‌می هه‌ر درەختێک ده‌گاته نزیكه‌ی 60 كیلۆ له ساڵێكدا.
خه‌ڵك گله‌یی هه‌یه و ئه‌وه‌ش مافی خۆیانه به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان له توانادایه هاوكارییان بكه‌ین
زه‌نون یونس یوسف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باشیك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ده‌زانم خه‌ڵك گله‌ییان هه‌یه، مافی خۆیانه، به‌ڵام ئێمه‌ش به‌پێی توانا هاوكاریمان كردون و له قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا به‌هۆی كۆرۆناوه كارئاسانایمان بۆ خاوه‌ن باخه‌كانی زه‌یتون كردووه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌شمان له توانادایه و درێغیمان نه‌كردووه".
به‌وته‌ی زه‌نون ئه‌و زیانه‌ی ئێستای كۆرۆنا بۆ باخه‌كانی زه‌یتون، دوای ماندوبونی زۆری دانیشتوانی باشیك دێت، به‌وپێیه‌ی له قۆناغی دوای شه‌ڕی داعش و ئاوه‌دانیدا بووە، كه ئه‌وكات به‌هۆی جه‌نگه‌وه زیاتر له سه‌دا 30ی درەختەکانی زه‌یتون سوتێنران.
كه‌مینه‌كانی باشیك، زۆرینه‌ی زه‌یتونی ئه‌مساڵیان خستۆته ئاووخوێ و له كۆگاكانیاندا ده‌رگایان له‌سه‌ر داخستون، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی كۆرۆنا؛ كه ئێستا له‌وپه‌ڕی ههڵكشانیدایه له عیراق، ورده‌ورده به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه بڕوات و له‌گه‌ڵ بوژانه‌وه‌ی بازاڕه‌كاندا نرخی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئه‌وانیش بارته‌قای ماندوبونی ساڵێكیان بێت.