ئه‌و سێ منداڵه‌ی دایكیان به‌جێیهێشتن
دادگای كه‌ركوك به‌ چه‌ند مه‌رجێك راده‌ستی نه‌نكیان ده‌كات

كەركوك/ 22ی ئایاری 2020/ سێ منداڵ دوای به‌جێهێتشنیان لەشەقامێكی شارەكە بەبڕیاری دادوەر لە ماڵی ئەنجومەنى گەڕەکى خاسە هێڵدرانه‌وه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

ئه‌و سێ منداڵه‌ی دایكیان له‌ شه‌قامێكی كه‌ركوك به‌جێیهێشتن، دوای مانگێك به‌بڕیاری دادگا راده‌ستی نه‌نكیان كران، ئه‌وه‌ش له‌ڕێی پڕكردنه‌وه‌ی به‌ڵێننامه‌ و به‌پێی چه‌ند مه‌رجێك.

ئەو سێ منداڵە كچە تەمەنیان سێ ساڵ، پێنج ساڵ و شەش ساڵە، شەوی 22ی ئایاری ئه‌مساڵ لە نزیك دادگای كەركوك و لە شەقامێكدا بەتەنیا دۆزرانەوە، له‌وكاته‌وه‌ لای ئەنجومەنی گەڕەكی خاسە بون تا چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر دادگا دۆسیه‌كه‌ی یه‌كلاییكرده‌وه‌.

یاوەر ئەڵا وێردى، ئەنجومەنى گەڕەکى خاسە بە (كەركوك ناو)ی وت "دادگا بڕیاریدا منداڵه‌كان به‌ نه‌نكیان بدرێن، منیش به‌ ئاماده‌بونی پۆلیس و نوێنه‌ری چه‌ند رێكخراوێك منداڵه‌كانم راده‌ستكرده‌وه‌، دادگاش چه‌ند مه‌رجێكی بۆ نه‌نكیان داناوه‌، تا به‌ یه‌كجاری په‌روه‌رده‌یان بكات نه‌ك ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌ك، هه‌روه‌ها پێویسته‌ لایه‌نی چاودێری ماوه‌ی جارێك سه‌ردانیان بكه‌ن".

ئه‌و منداڵانه‌ زیاتر له‌ مانگێكه‌ له‌ ماڵی ئه‌نجومه‌نی گه‌ڕه‌كی خاسه‌ ده‌مێننه‌وه‌، "منداڵەكان پێیانخۆش نه‌بوو بڕۆن، چونكه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیاندا بوم و یاریمان ده‌كرد، جیاوازیم نه‌كرد له‌نێوان ئه‌وان و منداڵه‌كانی خۆمدا" به‌وته‌ی وێردی.

یاوه‌ر ئه‌ڵا وێردی نیگه‌رانه‌ له‌ زۆربه‌ی ئه‌و لایه‌ن و رێكخراوانه‌ی له‌ یه‌ك مانگی رابردودا، كاتێك سه‌ردانیان كردون و به‌ڵێنی هاوكاریكردنی منداڵه‌كانیان داوه‌، به‌ێ ئه‌وه‌ی هیچ بكه‌ن، ته‌نیا كه‌سێك بڕی 100 دۆلاری بۆ كڕینی جلوبه‌رگیان دابینكردووه‌.

mndall
كه‌ركوك، 2020، سه‌ردانی رێكخراوه‌كان بۆ منداڵهكان له‌ماڵی ئه‌نجومه‌نی گه‌ڕه‌كی خاسه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

بەپێی لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەكان لەو كەیسە، دەركەوتووە ئەو خێزانە پێنج ساڵ لەمەوبەر چونەتە توركیا و كچە بچوكەكەیان هەرلەوێ لەدایكبووە، بەڵام حكومەتی توركیا باوكیانی رادەستی عیراق كردۆتەوە كە بە ياساى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر داواكراوبوو.

لەگەڵ رادەستكردنەوەی باوكیان، دادگای عیراق چوار ساڵ لەمەوبەر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەركردووه‌، بەپێی پەڕاوەكانی پۆلیسی قۆرییەش، دایكی منداڵەكان تەمەنی 23 ساڵە و نازانرێت بۆ كوێ رۆیشتووە. بەڵام بە منداڵەكانی وتووە كە دەگەڕێتەوە بۆ توركیا.

نیزاڵ نازم، بەرێوەبەری ریكخراوی چاوی منداڵ بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانیان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دادگا به‌ڵێننامه‌ی به‌ نه‌نكیان پڕكردۆته‌وه‌ به‌ ئاماده‌بونی چه‌ند شاهیدێك بۆ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كان، به‌نده‌ش ده‌ستنیشانكراوه‌ تا مانگی جارێك سه‌ردانی ئه‌و منداڵانه‌ بكه‌م و له‌ بارودۆخیان بپرسم".

پێشتر نه‌نكی منداڵه‌كان داوای هاوكاری دارایی كرد تا كوڕه‌زاكانی له‌خۆبگرێت.

نیزاڵ ده‌ڵێت به‌ڵێنده‌رێك به‌ڵێننامه‌ی پڕكردۆته‌وه‌ كه‌ هاوكاری دارایی مانگانه‌ی نه‌نكی منداڵه‌كان بكات، وه‌ك هه‌نگاوی سه‌ره‌تاش بڕی هه‌زار دۆلار (10 وه‌ره‌قه‌)ی پێداون تا هه‌ندێك پێداویستییان بۆ بكڕن.

ئه‌و سێ منداڵه‌، پێش ئه‌وه‌ی راده‌ستی نه‌نكیان بكرێن، نزیكه‌ی 300 كه‌س داواكاری به‌خێوكردنیانی پێشكه‌ش به‌ دادگا كرد.

له‌ ئه‌مساڵدا چه‌ندین دۆسیه‌ی تری به‌جێهێشتنی و فڕێدانی منداڵ له‌ كه‌ركوك تۆماركراون كه‌ هێشتا به‌شێكیان دۆسیه‌كیان یه‌كلایینه‌كراونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT