گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌ باخچه‌ی ماڵێكدا دۆزرایه‌وه‌

نه‌ینه‌وا، حوزه‌یرانی 2020، ده‌ركه‌وتنی جلوبه‌رگ و روفاتی چه‌ند روفاتێكی گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ ناحیه‌ی گرعوزێری قه‌زای شنگال فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

له‌ باخچه‌ی ماڵێكی ناحیه‌ی گرعوزێر، گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ دۆزرایه‌وه‌ كه‌ گومانده‌كرێت چوار قوربانی سه‌رده‌می هێرشه‌كانی داعشی تێدابێت، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌كردووه‌.

خانه‌واده‌یه‌كی ئێزیدی خه‌ڵكی شنگال، یه‌كشه‌ممه‌ 28ی حوزه‌یران دوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئاواره‌یی و له‌كاتی پاككردنه‌وه‌ی خانوه‌كه‌یاندا، له‌ باخچه‌ی حه‌وشه‌كه‌دا گۆڕێكیان دۆزیوه‌ته‌وه‌.

"له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌س و خزم چوینه‌وه‌ بۆ گرعوزێر، ویستمان خانوه‌كه‌مان پاكبكه‌ینه‌وه‌، سه‌ره‌تا له‌ باخچه‌كه‌وه‌ ده‌ستمانپێكرد و له‌كاتی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی داروپه‌ردوی روخاوی خانوه‌كه‌دا به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌، ئێسك و پروسكی مرۆڤ له‌ باخچه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتن" خه‌یرۆ سه‌یدۆ خدر وای وت.

خه‌یرۆ ده‌ڵێت زیاتر ئه‌و به‌شه‌ی ناو باخچه‌كه‌یان هه‌ڵكۆڵیوه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ زیاتر له‌ ته‌رمێك هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وان ئێسك و پروسه‌كه‌كانیان بینیووه‌، گۆڕه‌كه‌ چوار قوربانی تێدایه‌.

به‌وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) "هیچ ناسنامه‌یه‌ك له‌ گۆڕه‌كه‌دا نه‌بوو، به‌ڵام به‌جلوبه‌رگی قوربانییه‌كاندا وادیاره‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ن و له‌كاتی هێرشی داعش بۆ ناوچه‌كه‌ گولـله‌باران كراون".

gorrshngal
نه‌ینه‌وا، 2019، هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌گوندی كۆجۆی شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

خانه‌واده‌كه‌ی خه‌یرۆ گومانیان هه‌یه‌ ئه‌و چوار قوربانییه‌ كه‌سوكاری خۆیان بن، به‌ تایبه‌ت سێ ژن و پیاوێك كه‌ له‌كاتی هێرشه‌كانی داعشدا دیارنه‌ماون و هێشتا بێسه‌روشوێنن، ئه‌وانیش وتحان ده‌روێش، به‌سێ خدر حسێن، عه‌یشان خدر و شه‌رۆ حسێنن، كه‌ ته‌مه‌نیان 60 بۆ 90 ساڵ بووه‌.

داعش له‌ 3ی ئابی 2014دا، هێرشیكرده‌ سه‌ر شنگال و له‌ 15ی ئاب "كۆمه‌ڵكوژی" له‌ گوندی كۆجۆی ئێزیدینشین ئه‌نجامدا؛ به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئێزیدییان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوو هه‌زار و 293 ئێزیدی به‌ ده‌ستی داعش كوژراون.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ له‌ سنوری قه‌زای شنگال، 80 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی، كه‌ مێژوه‌كانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

خه‌یری عه‌لی، لێپرسراوی رێكخراوی ئێزیدی بۆ دۆكیۆمێنتكردنی به‌ڵگه‌نامه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ی دۆزراوه‌ته‌وه‌ چوار روفاتی تێدایه‌ له‌ یه‌ك خێزانن ئه‌وه‌نده‌ی زانیاریمان كۆكردۆته‌وه‌"، وه‌ك ئه‌و وتی ده‌وروبه‌ری گۆڕه‌كه‌ سیاج كراوه‌ تا گه‌یشتنی تیمی تایبه‌ت كه‌س ده‌ستكاری نه‌كات.

كاركردنی تیمه‌كانی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان چه‌ندین مانگه‌ راگیراون و به‌هۆی كۆرۆناشه‌وه‌ دیارنییه‌ كه‌ی كاره‌كانیان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

جه‌لال خه‌ڵه‌ف، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر له‌ شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و گۆڕه‌ له‌ خانویه‌كی سه‌نته‌ری ناحیه‌كه‌دایه‌ و تائێستاش نازانین چه‌ند روفاتی تێدایه‌، چونكه‌ هیچ لیژنه‌ و رێكخراوێك سه‌ردانی گۆڕه‌كه‌یان نه‌كردووه‌".

به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌، پاڵپشت به‌ زانیاری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، گومانده‌كرێت چوار روفات له‌ گۆڕه‌كه‌دا هه‌بن و ئه‌ندامانی یه‌ك خێزانیش بن، به‌ڵام رێگه‌ناده‌ن زیاتر ده‌ستكاری گۆڕه‌كه‌ بكرێت تا تیمی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان له‌ گوندی كۆجۆی قه‌زای شنگال، به‌ بڕیاری حكومه‌تی عیراق له‌ 15ی ئازاری 2019 هه‌ڵدانه‌وه‌ی ده‌ستیپێكرد، دوای ده‌رهێنانی 364 ته‌رم له‌ 17 گۆڕدا، روفاته‌كان بۆ پشكنین و ناسینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدا كران، به‌ڵام به‌هۆی كۆرۆناوه‌ مه‌راسیمی هێنانه‌وه‌ی روفاته‌كان و باخاكسپاردنیان بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT