حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بە كەرەنتینكردنی 400 خوێندكاری شەشەمی ئامادەیی كە لە شنگالەوە بۆ تاقیكردنەوەی بەكالۆری دەچنە دهۆك. ئەوەش دوای ئەوە دێت كە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، رەزامەندی نیشاننەدا بە رەوانەكردنی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەی شەشەمی ئامادەیی بۆ شنگال.
بەهۆی ئەو دوو بڕیارەوە، 400 خوێندكاری شنگال ناچار دەكرێن بەر لە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان بچنە دهۆك و لەسەر حسابی خۆیان لە خواردن و شوێنی مانەوە بۆ ماوەی 48 كاتژمێر كەرەنتین بكرێن. پاشان بەشداری تاقیكردنەوەكانیان پێ بكرێت. ئەوەش ناڕەزایی خوێندكارانی لێكەوتۆتەوە.
سوهام یوسف، خوێندکاری شەشەمی ئامادەیی لە خوێندنگەی بەرخودان لە ناحیەی سنونێ، بۆ (که‌رکوک ناو)، جەختیكردەوە "لە خوێندنگەكەمانەوە ئاگاداركراینەوە لەوەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رێگەنادات لە شنگال تاقیكردنەوە بكەین و دەبێت بچینە دهۆك، بەڵام ئەمە بۆ ئێمە زۆر قورسە و ناكرێت، چونكە پارەی مانەوە و خواردن لەسەر خۆمانە".
ئەمە بۆ ئێمە زۆر قورسە و ناكرێت، چونكە پارەی مانەوە و خواردن لەسەر خۆمانە
سوهام، دوو ساڵەیە لەو قۆناغە، ساڵی رابردوش بەهەمان شێوە 15 رۆژ لەسەر ئەركی خۆی لە دهۆك مایەوە و نزیكەی 200 هەزار دیناری خەرجكرد.
"غه‌درێكی زۆر گه‌وره‌یە له ئێمه ده‌کرێت، په‌روه‌رده‌ی دهۆك كە نایه‌وێت پرسیاره‌کان بۆ شنگال و سنونێ بنێرێت، با خوێندنی شەشەمی ئامادەییش لەم ناوچەیە هەڵبوەشێنێتەوە، من نازانم چۆن بتوام خەرجی ئەو رۆژانە دابین بكەم".
خه‌یرۆ مال‌و، خوێندکاری 12 ئاماده‌یی لە قەزای شنگال، بۆ ئەو مەبەستە 400 هەزار دیناری ئامادەكردووە تا بتوانێت بچێتە دهۆك و تاقیكردنەوەكان بكات.
"بەڕێوەبەری خوێندنگەكەم وتی سێ رۆژیش كەرەنتین دەكرێن لەسەر ئەركی خۆتان، ناچارم شوققەیەك بەكرێ بگرم تا تاقیكردنەوەكان تەواو دەبن"، خەیرۆ مال‌و.
جگەلە دڵەڕاوكێی تاقیكردنەوەكان، ئێستا خوێندكارانی شەشەمی ئامادەیی لە قەزای شنگال، لە خەمی پەیداكردنی پارەی مانەوە و بڕیاری كەرەنتین كردنیشدان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
که‌مال حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماده‌یی سه‌رکه‌وتن له ناحیه‌ی سنونێ، وتی "هەموو پێداوسیتییەكی تاقیكردنەوە لێرە هەیە، هۆڵەكان، چاو‌دێر، چەندین ساڵە تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەم بێ كیشە بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەوە لای ئێمەش پرسیارە بۆچی پەروەردەی دهۆك ئامادە نییە پرسیارەكان بنێرێت، ئێمە گەرەنتی سەد لە 100یان پێدەدەین كە پرسیارەكان ئاشكرانابن".
ئەوە لای ئێمەش پرسیارە بۆچی پەروەردەی دهۆك ئامادە نییە پرسیارەكان بنێرێت، ئێمە گەرەنتی سەد لە 100یان پێدەدەین كە پرسیارەكان ئاشكرانابن
"کۆمه‌ڵێک خوێندكار ده‌ناسم پاره‌یان نییە بچنه دهۆک و رەنگە رەنجی ئەمساڵیان بفەوتێت"، كەمال حەسەن وایوت.
پاساوی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دهۆك ئەوەیە، ترسی ئاشكراكردن و كردنەوەی پرسیارەكانیان هەیە.
مه‌یسه‌ر حەجی ساڵح، به‌ڕێوە‌به‌ری په‌روه‌ردەی شنگال – لە دهۆك دەوامدەكەن-، وتی "هه‌موو خوێندکاره‌کان ده‌بێت له‌م رۆژانەدا بێنه پارێزگای دهۆک و بۆ ماوه‌ی 48 کاتژمێر کەرەنتین ده‌کرێن، خه‌رجی که‌ره‌نتین و مانه‌وه‌یان له ئه‌ستۆی خوێندنکاره‌کاندایه و حکومه‌ت پارەیان بۆ خه‌رجناکەت".
"لەسه‌ر ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی دهۆک کۆبوینه‌وه و ناوی هه‌موو خوێندکارەكانمان پێشكەشی ئەوان كرد تا شانەی قەیرانی دهۆك و وەزارەتی ناوخۆ رێپێدانیان لە بازگەكان بۆ بكات".
مەیسەر زیاتر وتی "ئێمه‌ش نامانه‌وێت ئه‌و هه‌موو كێشەیە بۆ خۆمان دروستبکه‌ین و حه‌ز ده‌که‌ین له‌نێو قه‌زای شنگال تاقیکردنه‌وه‌کان بکه‌ن، به‌ڵام ئیداره‌مان له شنگال نییه، هه‌روه‌ها مه‌ترسی زۆر هه‌یە پێش ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان پرسیاره‌کان بدزرێن یان بکرێنه‌وه، ئەوكات توشی کێشه‌ی زۆر گه‌وره ده‌بین".