منداڵێكی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵان گیانله‌ده‌ستده‌دات، به‌هۆی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی له نهۆمی چواره‌می نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی، به‌رله‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری زراوی بۆ بكرێت.
روداوه‌كه كاتژمێر 6ی ئێواره‌ی سێشه‌ممه 30ی حوزه‌یران بووه، كاتێك سیدرا جه‌بار (6 ساڵ) له‌گه‌ڵ دایك و پورێكیدا له ژورێكی نهۆمی چواره‌می نه‌خۆشخانه‌ی ڤه‌ژینی تایبه‌ت له دهۆك چاوه‌ڕێی واده‌ی نه‌شته‌رگه‌ری بووه، له په‌نجه‌ره‌یه‌كی ژوره‌كه‌وه كه‌وتۆته خواره‌وه.
جه‌لال خدر، مامی منداڵه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه هیچ موحه‌جه‌ره یان كه‌تیبه‌یه‌كی نه‌بووه، بۆیه كاتێك په‌نجه‌ره‌كه‌ی كردۆته‌وه یه‌كسه‌ر كه‌وتۆته خواره‌وه".
ئه‌و خێزانه له بنكه‌ی پۆلیسی خه‌بات له دهۆك سكاڵایان دژی نه‌خۆشخانه‌كه تۆماركردووه.
"راسته كاتی روداوه‌كه دایك و پورێكی له ژوره‌كه‌دا بون، به‌ڵام ئه‌وان هۆكاری روداوه‌كه نین، په‌نجه‌ره‌ی ژوره‌كه بۆ هه‌واگۆڕكێ كراوه‌ته‌وه و كارگێڕی نه‌خۆشخانه لێی به‌رپرسیاره" به‌وته‌ی مامی سیدرا.
خێزانه‌كه‌ی سیدرا خه‌ڵكی گوندی خوشابای ئێزیدی نشینن له ناحیه‌ی ئه‌لقوش له ده‌شتی نه‌ینه‌وا، دوو برای هه‌یه و باوكی كرێكاره.
ره‌مه‌زان نه‌سره‌دین، به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی نه‌خۆشخانه‌ی ڤه‌ژین له دهۆك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و منداڵه بۆ نه‌شته‌رگه‌ری زراو هێنرابووه نه‌خۆشخانه، پێش نه‌شته‌رگه‌رییه له‌گه‌ڵ دایك و كه‌سێكی تردا له ژورێكدا بون، له‌وكاته‌دا چۆته سه‌ر قه‌نه‌فه و له په‌نجه‌ره‌كه‌وه زۆر خۆی نه‌وی كردووه و كه‌وتۆته خواره‌وه".
سیدرا دوای كه‌وتنه خواره‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ گه‌یه‌نراوه‌ته نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی دهۆك به‌ڵام به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانیانه‌وه دوای 30 خولهك گیانیله‌ده‌ستداوه.
به‌وته‌ی لێپرسراوه‌كه‌ی نه‌خۆشخانه ئه‌وان له روداوه‌كه به‌رپرسیار نین، چونكه "نازانین ئه‌وكاته‌ی منداڵه‌كه له‌گه‌ڵ دایكی و خزمهكهیدا بون له‌و ژوره‌دا چی رویداوه، یان بۆچی ئه‌وان رێگرییان نه‌كردوه و رێگه‌یانداوه كچه‌كه له‌و په‌نجه‌ره‌یه نزیكبێته‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ژوره‌كانی نه‌خۆشخانه هه‌موو پێداویستییه‌كانی تێدایه، له‌نێویاندا فێنككه‌ره‌وه، "بۆیه پێویست به كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره ناكات .. پێمانوایه روداوه‌كه قه‌زا و قه‌ده‌ر بووه و خه‌تای ئێمه‌ی تێدا نییه".
دۆسیه‌ی گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و منداڵه لای هێزه ئه‌منییه‌كانه و لێكۆڵینه‌وه‌ی تێدا ده‌كرێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كی له پۆلیسی دهۆك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌بڕیاری دادوه‌ر په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه كراوه‌ته‌وه به‌ڵام هێشتا ده‌ره‌نجامی به‌دواداچونه‌كان دیارنین هۆكاری روداوه‌كه نه‌خۆشخانه‌كه بون یان كه‌سوكاری قوربانییه‌كه".