پڕۆژەی ئاوی یەكگرتوو لە كەركوك بۆ یەكەمجار و بەشێوەی ئەزمونی كەوتەكار، بەپێی وتەی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لەسەدا 50ی كێشەی كەمئاوی پارێزگاكە بۆ 25 ساڵی تر چارەسەر دەكات.
ئەو پڕۆژەیە بە گوژمەی 93 ملیار دینار لەلایەن كۆمپانیای فاوی عیراقییەوە جێبەجێکراوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی تەمموز بەشێوەی ئەزمونی كرایەوە. كە توانای هەناردەکردنی 12 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە بۆ ناو شاری كەركوك.
راکان سەعید جبوری، لەكاتی كردنەوەی پڕۆژەكەدا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان، كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "پڕۆژەکە ئەرکی پاکكردنەوی ئەو ئاوە دەکات کە لە روباری زابی خواروەوە دێت و پاش پاککردنەوەی لەڕێی بۆرییەکی 12 کیلۆمەتری بە ئەستوری 1400ملم، رەوانەی ناو شاری كەركوك دەکرێت".
وتیشی "بۆرییەكە بەستراوەتەوە بە تۆڕی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوەی كەركوك کە لە پێنج كۆگای گەورە پێكدێت". جەختیشكردەوە لەوەی لەسەدا 100ی پڕۆژەكە تەواو بووە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو قۆناغی ئەزمونی خستنەكاری پڕۆژەكە تەواو بێت و بەشێوەی یەکجارەکیی و لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبونی وەزیری شارەوانیی و نیشتەجێكردن بكەوێتەكار.
راكان سەعید جەختیكردەوە لەوەی "پڕۆژەكە لەسەدا 50ی کێشەی کەمئاوی كەركوك بۆ ماوەی 25 ساڵی تر چارەسەر دەكات... ئەو گەڕەکانەی پێشتر کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوەیان هەبوو بۆ لەمەودوا ئەو کێشەیەیان نابێت".
پڕۆژەی ئاوی یەکگرتوو لە کەرکوک لە ساڵی 2010ەوە دەستكراوە بە دروستكردنی، ئەوەش دوای زیادبونی گرفتی كەمئاوی هات لە شارەكە بەهۆی زیادبونی ژمارەی گەڕەكەكانەوە.