هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك، سەركەوتوبون لە رزگاركردنی ژنێكی (46ساڵ) كە دەیویست كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت. لە دوو روداوی تردا منداڵێكی تازە لە دایكبوو لەناو گۆڕستانێكدا هەڵگیرایەوە و تەرمی منداڵێكی تریش دۆزرایەوە.
ئەو سێ روداوە نەخوازراوە پێنجشەممە دووی تەمموز و لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردودا لەناو شاری كەركوك رویاندا.
مازن غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "مەفرەزەیەكی پۆلیسی فریاکەوتن توانییان ئافرەتێکی (46ساڵ)، لە خۆکوشتن رزگاربکەن کە بەنیاز بوو لەسەر پردی چوار خۆی فڕێبداتە خوارەوە".
پۆلیس دوای ئاگاداركردنەوەی لە هەوڵی ئەو ژنە بۆ خۆكوشتن، چونە شوێنی روداوەكە و سەركەوتوبون لە پەشیمانكردنەوەی.
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس ژنەكە فشاری دەرونی لەسەر بووە.
مازن غەریب جەختیكردەوە لەوەی لە روداوێكی تردا لە گەڕەکی پەنجا عەلی، هێزەكانیان تەرمی منداڵێكی ساوایان لەناو جلیكانێكدا دۆزیوەتەوە.
پۆلیس هیچ زانیارییەكی لەسەر تەرمەكە نییە.
هەر ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، پۆلیسی رەحیماوا منداڵێكی تازە لە دایكبویان لەناو گۆڕستانی گەڕەكەكە هەڵگرتەوە.
فەرهاد مەحمود، بەڕێوەبەری بنکی پۆلیسی رەحیماوا بە (كەركوك ناو)ی وت "هاوڵاتییەک لە بونی ئەو منداڵە ئاگاداری كردینەوە لەنێو گۆڕستانی رەحیماوا، مەفرەزەیەكمان منداڵەكەی هەڵگرتەوە، دیارە تەندروستی باش بووە و پێدەچێت كاتژمێرێك بێت جێهێڵدرابێت".
منداڵەكە لە رەگەزی نێرە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی منداڵان لەژێر چاودێریدایە.