بۆشایی ئەمنی
پرسی پێكهێنانی ژوری هاوبەش بۆ ناوچەكانی جێناكۆك زیندودەكاتەوە

لیوای 2ی پیاده‌ی كه‌ركوكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ فۆتۆ: سایتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

سۆران محەمەد – كەركوك

هەردوو وەزارەتی بەرگری عیراق و پێشمەرگە گەڕێکی تری دانوستانەکانیان لەبارەی پرسی ئەمنییەتی ناوچەکانی جێناکۆک دەستپێکردەوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ دروستبونی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە.


پێجشەممە 2ی حوزەیران، هەردوو وەزارەت لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەوە و تاوتوێی دۆخی ئەمنی ناوچەکانی جێناکۆکیان کرد لە پارێزگاکانی، کەرکوک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و بەشداربوی کۆبونەوەکە بۆ (کەرکوک ناو)، جەختیکردەوە "کۆبونەوەکە دەربارەی ئەمنییەتی ناوچەکانی جێناکۆک بوو، باسی هەماهەنگی نێوانمان کرد بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی دروستبووە".

یاوەر زیاتر وتی "خاڵی هاوبەشی زۆر لە کۆبونەوەکە هەبوو، بڕیاردراوە کۆبونەوەکان بەردەوامبن و کاتی کۆبونەوەی هەفتەی داهاتوش دانرا".

لە کۆبونەوەکە هەردولا پرسی پێکهێنانی ژورێکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردن و هەماهەنگی لە ناوچەکانی جێناکۆکیان بەگرنگ زانیوە، وەک جەبار یاوەر وتی "ژورەکە لەو ناوچانە دەبێت کە بۆشایی ئەمنی تیایە... باس لەوەشکراوە کە پێویستە لە هەندێک ناوچە بازگەی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان هەبێت".

ژورەکە لەو ناوچانە دەبێت کە بۆشایی ئەمنی تیایە

ئەو کۆبونەوانە لە دوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە بەردەوامی هەیە و هێشتا هیچ بەرەو پێشچونێکی ئەوتۆ بەدینەکراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی دەستوری عیراق، هێزی ئەمنی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەتوانن بە هاوبەشی ناوچەکانی جێناکۆک بەڕێوەببەن، بەڵام هێزی پێشمەرگەی هەرێم لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لەو ناوچانە بونی نییە.

لەئێستادا دۆخی ئەمنی هەندێک ناوچەی جێناکۆک باش نییە و چەکدارانی نەناسراو ناوبەناو هێرشدەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان، مەدەنیی و گوندنشینان و دەیانکەنە ئامانج.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT