لێپرسراوێكی هەواڵگری لە كەركوك پیلانی نوێی داعش بۆ كاری توندوتیژیی و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیان ئاشكرادەكات، ئەوەش "بەكارهێنانی جزدانی بۆمبڕێژكراوە"، بۆ ئەو مەبەستەش هاوڵاتیان ئاگاداردەكاتەوە.
حەسەن سۆفی، لێپرسراوی هەواڵگرى لیوى 56ی حەشدى شەعبی لە قەزای حەویجە، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "لەڕێگاى سەرچاوە تایبەتییەکانمانەوە زانیاری ئەوەمان هەیە كە چەكدارانی داعش جزدانی بۆمبڕێژكراو بەكاردەهێنن بۆ كاری تیرۆریستی دژ بە هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان".
ئەو جەختیكردەوە لەوەی كە ئەوە پیلانێكی نوێیە و جزدانەكانیان بەسەر ئەندامان و تۆڕەكانیان لەناو شارەكاندا دابەشكردووە و بەرنامەیان ئەوەیە هەر لەناو شارەكان و لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكاندا دەستپێبكەن.
"پێویستە هاوڵاتیان لەو پیلانە نوێیە ئاگاداربن، چونكە جزدانەكان بەشێوەیەك دروستكراون كە لەگەڵ كردنەوەیاندا دەتەقنەوە". حەسەن سۆفی وایوت.
چونكە جزدانەكان بەشێوەیەك دروستكراون كە لەگەڵ كردنەوەیاندا دەتەقنەوە
لەبارەی ئەوەی ئەوجزدانانە لەكوێ دابەشكراون و ئەوان تا چەند دڵنیان، حەسەن سۆفی وتی "لەناو قەزای حەویجە، كەركوك و تەنانەت بەغداش دابەشكراوە، ئێمە زانیارییەكانمان لە سەرچاوەی خۆمانەوە بەدەست گەیشتووە".
باسكردن لەو پیلانە لەكاتێكدایە، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق لە كۆتایی 2017 سەركەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند و جەختیكردەوە لە كۆتاییهێنان بەو رێكخراوە لە عیراق، ئەوەش دوای ئەوەی قەزای حەویجە وەك دواین مۆڵگەی داعش كۆنترۆڵكرایەوە.
حەسەن سۆفی وتیشی "داعش لە ماوەكانی رابردودا زیاتر شەڕی پارتیزانیان دەکرد و دوای هەر كردەوەیەك ناوچەكانیان چۆڵدەكرد، بەڵام لە دواى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەو سنورانە، پیلانی جزدانی بۆمبڕێژكراو بەكاردەهێنن".
بەپێی وتەی ئەو لێپرسراوەی حەشدی شەعبی، لە ماوەكانی رابردودا داعش دوو كردەوەیان لەڕێی "جزدانی بۆمبڕێژكراو"ەوە لە حەویجە ئەنجامداوە بەڵام خۆیان بونەتە ئامانج.