ورده‌كاری "رێككه‌وتنی" سوپا و پێشمه‌رگه‌
له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك ژوری هاوبه‌ش پێكده‌هێنن

لیوای 2ی پیاده‌ی كه‌ركوكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ فۆتۆ: سایتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری عیراق و پێشمه‌رگه‌، رێككه‌وتون له‌سه‌ر پێكهێنانی چوار ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك به‌ ئامانجی نه‌هێشتنی مه‌ترسییه‌كانی داعش، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی زیاد له‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمی كوردستان.

پێكهێنانی ژوری هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌تدا، دوابه‌دوای زنجیره‌یه‌ك دانوستان دێت به‌هۆی هه‌لكشانی ئاڵۆزی و كرده‌وه‌ چه‌كدارییه‌كان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆكی نه‌ینه‌وا، دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین.

میران بەکر، لێپرسراوی راگه‌یاندنی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێشتر هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمەرگە و بەرگری عیراق رێکكەوتنیان كردبوو بۆ هەماهەنگی و دروستکردنی ژوری ئۆپه‌راسێۆنی هاوبەش لە ناوچەكانی جێناكۆك، رێككه‌وتنه‌كه‌ش به‌ فه‌رمی له‌نێوان هه‌ردوو وه‌زیردا واژۆكراوه‌ و ته‌نیا ماوه‌ته‌وه‌ كاری پێبكرێت".

رێككه‌وتنه‌كه‌ فه‌رمییه‌ و ته‌نیا ماوه‌ته‌وه‌ كاری پێبكرێت

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ پێكهێنانی چوار ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شه‌ له‌ ناوچه‌كانی كه‌ركوك، موسڵ، دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین.

به‌وته‌ی میران به‌كر بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و به‌رگری تاوتوێی چۆنیه‌تی كاركردن به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بكه‌ن.

لێپرسراوی راگه‌یاندنی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ وتی "ناوچەکە بەهۆی جوڵه‌ی داعشه‌وه‌ پێویستی به‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌یه، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش له‌وباره‌یه‌وه‌ راپۆرتێك ده‌داته‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری، به‌ڵام هێشتا كاركردن به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كاتی ده‌وێت، به‌وپێیه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ری رێگری ده‌كرێت".

hezzz
كه‌ركوك/20ی ئۆكتۆبه‌ری 2017/ هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو ناحیه‌ی پردێ، دوای پاشه‌كشێی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئه‌و "رێككه‌وتنه‌كه‌" دوای ئه‌وه‌دێت هەردوو وەزارەتی بەرگری عیراق و پێشمەرگە، 2ی نیسان گەڕێکی تری دانوستانەکانیان لەبارەی پرسی ئەمنییەتی ناوچەکانی جێناکۆک دەستپێکردەوە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی ئه‌وكاتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك كراوه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا مه‌ترسی داعش "زیایكردووه ‌و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچەكانی مادده‌ی 140".

بەپێی دەستوری عیراق، هێزی ئەمنی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەتوانن بە هاوبەشی ناوچەکانی جێناکۆک بەڕێوەببەن.

لیوا ته‌حسین خه‌فاجی، وته‌بێژی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق به‌ میدیای نیمچه‌فه‌رمی عیراقییه‌ی راگه‌یاندووه‌ دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ -كه‌ ئه‌و به‌ پاساوانانی هه‌رێم ناوی بردون- به‌ ئامانجی رێككه‌وتنه‌ له‌سه‌ر نه‌هێشتنی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییانه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كان بۆ كرده‌وه‌ی توندوتیژی ده‌یقۆزنه‌وه‌.

خه‌فاجی ده‌ڵێت له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا رێككه‌وتن كراوه‌ بۆ پێكهێنانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ردولا، تا ئه‌و ناوچانه‌ بپارێزن كه‌ هێزی فیدراڵی و پێشمه‌رگه‌ی تێدانییه‌، "هه‌رچه‌نده‌ مه‌ترسی ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارییانه‌ له‌و ناوچانه‌دا گه‌وره‌ و جێگه‌ی دودڵی نین، ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ توانایدایه‌ ئه‌و گروپانه‌ ده‌ربكات".

مه‌ترسی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان له‌و ناوچانه‌دا گه‌وره‌ و جێی دودڵی نین

لەئێستادا دۆخی ئەمنی هەندێک ناوچەی جێناکۆک باش نییە و چەکدارانی نەناسراو ناوبەناو هێرشدەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان، مەدەنیی و گوندنشینان و دەیانکەنە ئامانج.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و بەشداربوی کۆبونەوەکان له‌گه‌ڵ به‌غدا پێشتر به‌ (کەرکوک ناو)ی وت هەردولا پرسی پێکهێنانی ژورێکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردن و هەماهەنگی لە ناوچەکانی جێناکۆکیان بەگرنگ ده‌زانن، "ژورەکە لەو ناوچانە دەبێت کە بۆشایی ئەمنی تیایە... باس لەوەشکراوە کە پێویستە لە هەندێک ناوچە بازگەی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان هەبێت".

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌دوای ساڵی 2014 و هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك جێگیربون، تا كشانه‌وه‌یان له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT