ناحیه‌ی گرعوزێر كاره‌بای نیشتمانی نییه، به‌هۆی تێكچونی هێڵه‌كانی دابه‌شكردنی كاره‌با له‌كاتی شه‌ڕی داعشدا، ئه‌وه‌ش بۆته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئاساییبونه‌وه‌ی ژیانی هاوڵاتیاندا دوای گه‌ڕانه‌وه له ئاواره‌یی.
هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی هێزه عیراقییه‌كان دژ به‌و رێكخراوه، ته‌واوی هێڵه‌كانی كاره‌بای له ناحیه‌ی گرعوزێر (قه‌حتانییه)ی شنگال وێران كردووه، بۆیه پشت به مۆلیده‌ی بچوك ده‌به‌سترێت، ئه‌وه‌ش بۆ چه‌ند كاتژمێرێك و ته‌نیا بۆ گڵۆپ و شه‌حنكردنی مۆبایل، نه‌ك ئامێره كاره‌باییه‌كانی وه‌ك سه‌لاجه و مۆبه‌ریده و ته‌له‌فزیۆن.
"كاره‌بای نیشتمانی نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه شاره‌وانی مۆلیده‌یه‌كی داناوه و هه‌ر ماڵه خه‌تێكی كاره‌بای پێدراوه، ئه‌وه‌ش بۆ گڵۆپ و شه‌حنكردنه‌وه‌ی مۆبایل، چونكه وزه‌ی كه‌مه و نابێت سه‌لاجه یان موبه‌ریده و پانكه هه‌ڵبكه‌ین" ده‌روێش سنۆ قاسم، وای وت.
سه‌ره‌تاییترین شت له‌م گه‌رمایه‌دا ئاوی ساردی خواردنه‌وه‌یه كه ئێمه نیمانه
ده‌روێش دوای گه‌رانه‌وه له ئاواره‌یی له سه‌نته‌ری ناحیه‌كه نیشته‌جێیه و ده‌ڵێت له‌به‌ر به‌رزی پله‌ی گه‌رما ژیانیان لێ تاڵ بووه، له بارودۆخێكی زۆر خراپ‌دا ده‌ژین، ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "سه‌ره‌تاییترین شت له‌م گه‌رمایه‌دا ئاوی ساردی خواردنه‌وه‌یه كه ئێمه نیمانه، ده‌بێت به ویژدانه‌وه قسه بكه‌ین، ئه‌گه‌ر وابڕوات هه‌مومان توشی نه‌خۆشی ده‌بین و ناچارین بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كه‌مپ".
جگه له كاره‌با، زۆربه‌ی كه‌رته‌كانی تری خزمه‌تگوزاری له گرعوزێر وێران بون، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد تا ته‌مموزی 2019 هیچ خێزانێكی ئاواره بۆ ناحیه‌كه نه‌گه‌ڕێته‌وه.
سه‌عید كرێت حه‌جی، دوو هه‌فته‌یه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ گرعوزێر و له تاو بێ كاره‌بایی نه‌چۆته‌وه خانوه‌كه‌ی خۆی، به‌ڵكو له گوندی وه‌ردیی قه‌زای شنگال نیشته‌جێ بووه.
حه‌جی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "خانوه‌كه‌مان له ناوه‌ندی ناحیهكهدایه، چه‌ند رۆژێك له‌وێ ماینه‌وه به‌ڵام بێ كاره‌بایی زۆری بۆ هێناین و گواستمانه‌وه، چونكه به‌م گه‌رمایه نه ئامێری فێنككه‌ره‌وه نه ئاوی ساردمان نه‌بوو بیخۆینه‌وه".
داواكاری سه‌عید و هاوڵاتیانی تری گرعوزێر له حكومه‌ت و رێكخراوه مرۆییه‌كان ئه‌وه‌بوو لانیكه‌م هێڵه‌كانی دابه‌شكردنی كاره‌بای نیشتمانی نۆژه‌نبكه‌نه‌وه تا خه‌ڵك جارێكی‌تر ئاواره نه‌بنه‌وه.
ناحیه‌ی گرعوزێر له سێ كۆمه‌ڵگا پێكهاتووه؛ سیبا شێخ خدر، گرزه‌رك و رهمبوسیێ، زیاتر له 15 گوندیش له خۆده‌گرێت.
جه‌لال خه‌ڵه‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له كاتی شه‌ڕی داعش ته‌واوی كاره‌بای نیشتیمانی ناحیه‌كه تێكدراوه، عه‌مود و محاویله‌كان نه‌ماون، بۆیه ده‌بێت سه‌رله‌نوێ چاكبكرێنه‌وه".
ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا و به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان (UNDP) به‌ڵێنیانداوه كاربكه‌ن بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هێڵه‌كانی كاره‌بای نیشتمانی له گرعوزێر.
شاندێكی باڵای كۆمسیۆنی باڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری په‌نابه‌ران (UNHCR)، دوشه‌ممه 6ی تهمموز چونه‌ته ناحیه‌ی گرعوزێر، بۆ به‌دواداچونی كێشه‌ی هاوڵاتیان.
رۆژانه په‌یوه‌ندی به رێكخراوه‌كانه‌وه ده‌كه‌ین تا ده‌ستی هاوكاری بگه‌یه‌ننه گرعوزێر
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر وتی "له كۆبونه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ (UNHCR) باسمان له كێشه‌كان به تایبه‌ت نه‌بونی كاره‌با كرد، له‌گه‌ڵ كه‌می ئاو و قیرتاوی شه‌قام و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه حكومییه‌كان، جگه له پێویستی گه‌یاندنی هاوكاری بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی تازه گه‌ڕاونه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد شانده‌كه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان زانیاری وردیان له‌سه‌ر كێشه‌كان وه‌رگرتووه و به‌ڵێنیانداوه هه‌وڵی جددی بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی ناحیه‌كه.
زۆرینه‌ی دانیشتوانی قه‌زای شنگال به ناحیه‌كانیه‌وه، له نێویاندا گرعوزێر، شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و دوای هێرشی داعش ئاواره‌بون، هه‌رچه‌نده ناوچه‌كانیان چه‌ند ساڵێكه كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه خه‌ڵكێكی كه‌م گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
"ئێمه رۆژانه په‌یوه‌ندی به رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كانه‌وه ده‌كه‌ین تا ده‌ستی هاوكاری بگه‌یه‌ننه گرعوزێر، ئه‌وه‌ی له تواناماندایه داواكاری هاوڵاتیانمان گه‌یاندۆته لێپرسراوانی نه‌ینه‌وا و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر" جه‌لال خه‌ڵه‌ف وای وت.
به‌ر له هێرشی بۆ شنگال و ده‌وروبه‌ری، زیاتر له 10 فه‌رمانگه‌ی حكومی له ناحیه‌ی گرعوزێر هه‌بون، به‌ڵام ئێستا جگه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه و شاره‌وانی، هیچ فه‌رمانگه‌یه‌كی تر نه‌كراوه‌ته‌وه.
جه‌لال خه‌ڵه‌ف وتی "چوار فه‌رمانگه‌ی دیكه نۆژه‌نده‌كرێنه‌وه و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌كرێنه‌وه، له‌وانه بنكه‌ی پولیس، فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵ، گه‌یاندن و گۆاستنه‌وه، نوسراویشمان كردووه بۆ قایمقامیه‌تی شنگال تا فه‌رمانبه‌رانی تری ناحیه‌كه بۆ ده‌وام بگه‌ڕێنه‌وه".
زۆرینه‌ی دانیشتوانی گرعوزێر ئێزیدین، كه ئه‌و پێكهاته‌یه زۆرترین زیانی ماڵی و گیانییان به‌ركه‌وت له هێرشه‌كانی داعش، جگه له "كۆمه‌ڵكوژی" و بێسه‌روشوێنبونی هه‌زاران كه‌س له نێویاندا ژن و منداڵ، زیاتر له 300 هه‌زار ئێزیدی ئاواره‌بون.
قه‌زای شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ) كه لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت، لە تشرینی دووەمی 2015وه كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه.