کەرەنتینەی کاکەیی... قەدەغە بەڵام پڕ لە ئاواز و شیرین

بەهمەن وەلی (63 ساڵ) و دوو لە كوڕەكانی، هەم خۆیان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەپارێزن، هەم پەرە بە هونەرەكەیان دەدەن فۆتۆ: محەمەدئەڵماس

كەركوك ناو

لە ماڵی بەهمەن، دەنگی رەسەنی مەقام و گفتوگۆی شیعریی تێكەڵ بە ئاوازی عود و دەف بووە؛ هاوژینە دەستڕەنگینەکەشی لەڕێی شیرینی دروستکردنەوە ماڵەکەی شیرینتر کردووە.

ئەو خێزانە كاكەییە بۆتە نمونەیەكی پێچەوانە بۆ تەواوی ئەو خێزانانەی كە پێیانوایە لە ماڵەوە مانەوە بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا بارێكی نائارامی دەرونییان بۆ دروستدەكات.

 خێزانەكەی بەهمەن پێداگریی دەكەن لەوەی بەهۆی كۆرۆناوە هەرچییەك لەدەستبدەن نابێت هونەر و خۆپارێزیی لەیادبكەن؛ هەر بۆیە بە بەردەوامی و لەو كاتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق بڵاوبوتەوە، زیاتر پەرە بەهونەرەكەیان دەدەن.

بەهمەن وەلی (63 ساڵ)، كاكەیی و دانیشتوی گەڕەكی خۆرزی لە داقوق، دەڵێت بەو  شێوەیە هەم خۆیان لە توشبون بە پەتای كۆرۆنا دەپارێزن، هەم پەرە بە هونەرەكەیان دەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا، خەمی لە دەستدانی بژێوی و لەناوچونی باخەكەیان بە هونەر لە یاد دەكەن و ئارامی بۆ خێزانەكە دەگەڕێننەوە.

ئەو خۆی دەنگخۆش و مەقامبێژێكی شارەزایە، یەكێك لە كوڕەكانی خوێندكاری پەیمانگەی هونەرە جوانەكانە و ئامێری عود دەژەنێت؛ كوڕێكی تریشی دەف لێدەدا و سێیەم كوڕیشی وەك خۆی مەقامبێژە.

ئەوان لە چوار مانگی قەدەغەی هاتوچۆدا و خۆپارێزی لە كۆرۆنا، زۆرینەی كات لە ماڵەوە پەرەیان بە هونەرەكەیان داوە، وەك بەهمەن وتی "نابێت هونەر و خۆپارێزیی لەیادبكرێن".

kakay
كەركوك/ ئایاری 2020/ ئەم خێزانە كاكەییە زۆرینەی كاتەكانیان لە ماڵەوە بە گۆرانی، خوێندنەوەی شیعر و عودژەنین بەسەردەبەن و خۆیان لە كۆرۆنا دەپارێزن

ئیدارەی كەركوك لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵەوە، ژمارەیەك رێنمایی بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركرد، لە نێویاندا بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و لە ماڵەوە مانەوە. ئەوەش دوای ئەوەی لە شوباتی رابردوودا، بۆ یەكەمجار چوار هاوڵاتی لە كەركوك توشی كۆرۆنا بون.

ئەو بڕیارە هەرچەندە بۆ زۆرێك لە خێزانەكان مایەی ناڕەحەتیی بوو، بەڵام بۆ بەهمەن كە هەم مامۆستایە و هەم جوتیاریشە، دەرفەتێك بوو تا لەنزیكەوە لە توانای هونەری ئەندامانی خێزانەكەی شارەزا بێت و پێكەوە پەرەی پێبدەن.

"سەرەتای مانەوە لە ماڵەوە، زۆر ناخۆش و ناڕەحەت بوو؛ نیگەران بوم لەوەی بەشێك لە باخەكەم وشكدەبێت؛ نەمدەتوانی بچم ئاوی بدەم؛ ئەوكاتەی بڕیاری قەدەغە دەستیپێكرد كاتی كشتوكاڵ بوو"، بەهمەن زیاتر وتی هەر كە قەدەغەی هاتوچۆ درێژەی كێشا "دەستمان لە بەرهەمی ئەمساڵ شۆرد و ئەوەش زۆر غەمباری کردین".

سەرەتای مانەوە لە ماڵەوە، زۆر ناخۆش و ناڕەحەت بوو

لەوكاتەی خێزانەكە لە ماڵەوە زیاتر پێکەوە مانەوە، بیرۆكەی پەرەپێدانی هونەرەكەیان بۆ دێت، "نابێت هونەر لەیاد بكرێت، خۆراكی رۆحە". بەهمەن و دوو كوڕەكەی بەو شێوەیە رۆژ و شەوا بۆ چەند كاتژمێرێك پڕۆڤەیان دەكرد.

"هەندێك كات شیعرم دەنوسی و بۆ منداڵەكانم دەخوێندەوە و گفتوگۆمان دەكرد؛ هەندێك كاتیش مەقامم دەچڕی؛ ئەوە كاریگەری زۆری لەسەر دەرونمان هەبوو، چونكە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا كاریگەری خراپی لەسەر دەرونی خەڵك هەبووە". زیاتر وتی "ئێمەش جگە لە ئازاری خۆكەرەنتین كردن، غەمی لەدەستدانی باخەكەشمان بۆ زیادبوو".

ڤیدیۆ: كوڕێكی بەهمەن وەلی، هیوایەتی لێدانی دەفە و داوادەكات خەڵك خۆی لە كۆرۆنا بپارێزێت و لە ماڵەوە بمێنێتەوە

باخەكەی بەهمەن كە لانیكەم 10كم لە داقوقەوە دورە، چەندین میوەی وەک قەیسی، هەنجیر، ترێی و هەناری تیادایە. ساڵانەش خەیار، تەماتە ،كولەكە، بامێ و شوتیان دەچاند، بەڵام ئەمساڵ وەك خۆی دەڵێت بەرهەمەکەیان نیوە كەیمكرد چونكە نەیدەتوانی لەكاتی خۆیدا خزمەتی بكات.

بۆیە پەنابردن بۆ هونەر لەكاتی كەرەنتینەدا، وەك بەهمەن دەڵێت، رۆڵێكی باشیشی هەبووە لە ئارامكردنەوەی لایەنی دەرونی ئەو خێزانە.

ئەوە لەكاتێكدایە، ته‌نیا له‌ سێ مانگی كه‌ره‌نتینه‌دا، 20 حاڵه‌تی "خۆكوشتن" له‌ كه‌ركوك تۆماركراون، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ کە زۆرینه‌ی حاڵەتەکان به‌هۆی بێكاری و توندوتیژیی خێزانییه‌وه‌ بوون.

ناوز، كوڕە گەورەی بەهمەن و خوێندكاری كۆلێژی هونەر، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەر لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، هەركات لەزانكۆ دەهاتمەوە لەگەڵ باوكم و براكانم دەچومە سەر باخەكەمان و كارمدەكرد، داخستنی زانكۆ و قەدەغەی هاتوچۆ زۆر بێتاقەتی كردوم، بەڵام موزیك و هونەر هەموو خەمەكانی لەبیربردینەوە".

"رۆژانە باوكم زۆر بە جوانی مەقامی دەچڕیی و من و براكەشم عود و دەفمان لێدەدا؛ لە ڕوی دەرونییەوە باشتر بوین، بەڵام باوك و دایكم زۆر كات هەستمدەكرد ئازاری وشكبونی بەشێك لە باخەكەیان هەیە كە چەندین ساڵە پێوەی ماندوبون، بەڵام ئەو ئازارەیان دەرنەدەبڕی".

رۆژانە باوكم زۆر بە جوانی مەقامی دەچڕیی و من و براكەشم عود و دەفمان لێدەدا؛ ئەوەش لە ڕوی دەرونییەوە ئارامی دەكردینەوە

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، كاكەییەكانی سنوری داقوق كە لە 15 گوند پێكدێن، پریشكی گەورەی كاریگەرییەكانی كۆرۆنایان بەركەوتووە، بەتایبەت ئەوانەی سەرقاڵی كشتوكاڵ و باخدارین.

xezan
كەركوك/ حوزەیرانی 2020/ خێزانەكەی بەهمەن لەكاتی كاركردندا لە زەوییە كشتوكاڵییەكەیان فۆتۆ: كەركوك ناو

بەهمەن، سێ كوڕ و كچێكی هەیە، بەڵام رۆڵی رەمزییەی هاوژینی بەهمەن لەكاتی كەرەنتینەدا لەبیرناكرێت، بەردەوام جۆرەها شیرینیی و خواردنی بۆ خێزانەكە ئامادەدەكرد و چێژی زیاتری بەدانیشتنەكان دەدا.

بەهمەن وتی "ئەو نەیدەهێشت لەكەرەنتینەدا بێزاربین، ئێستا هەموو تەندروستیی و لایەنی دەرونیمان زۆر باشە و ئامادەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە".

"كۆرۆنا و لە ماڵەوە مانەوە بەشێک لە بژێوی ژیانی لێسەندینەوە؛ خزمانی لێ دورخستینەوە، بەڵام كۆڵماننەدا و ماڵی پڕ لە هونەر و خۆشەویستیمان زیاتر ئاوەدانکردەوە"، بەهمەن وایوت.

بەهمەن پێیوایە دەكرێت خێزانەكان سود لە ماڵەوە مانەوە وەربگرن؛ بۆشیدەرکەوتووە یەكێك لە كوڕەكانی دەفلێدەرێکی باشە، یەكێكی تریان عود ژەنە و ئەوی تریشیان دەنگێكی رەسەنی بۆ مقام چڕین هەیە و  دەتوانێت پەرەی پێبدات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT