منداڵان زۆرینه‌ پێكده‌هێنن
كۆرۆنا زیاتر له‌ چوار ملیۆن عیراقی روبه‌ڕوی هه‌ژاری ده‌كاته‌وه‌

عیراق، منداڵێك له‌كاتی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكیدا فۆتۆ: یونیسێف

كه‌ركوك ناو

چوار ملیۆن و 500 هه‌زار هاوڵاتی عیراقی روبه‌ڕوی مه‌ترسی هه‌ژاری ده‌بنه‌وه‌، له‌ نێویاندا زۆرینه‌ منداڵانن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی لێكه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

رێكخراوی یونیسێف له‌ دوایین راپۆرتیدا، ته‌مموزی 2020 بڵاویكرده‌وه، منداڵانی عیراق كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی دانیشتوانی وڵاته‌كه‌ پێكده‌هێنن، پشكی شێریان له‌ كاریگه‌رییه‌كانی كۆرۆنادا به‌رده‌كه‌وێت.

به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق، چوار ملیۆن و 500 هه‌زار هاوڵاتی دیكه‌ (نزیكه‌ی سه‌دا 11.7) روبه‌ڕوی مه‌ترسی كه‌وتنه‌ ژێر هێڵی هه‌ژاری ده‌بنه‌وه‌، له‌ ده‌ره‌نجامی كاریگه‌رییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كانی كۆرۆنا.

ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ به‌ پاڵپشتی یونیسێف، بانكی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌ستپێشخه‌ری رێكخراوی ئۆكسفۆرد ئه‌نجامداوه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش رونكراوه‌ته‌وه‌، زیادبونی مه‌ترسییه‌كه‌ واده‌كات رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ سه‌دا 20ـه‌وه‌ (به‌پێی ئاماری 2018) بۆ سه‌دا 31.7 به‌رزبكاته‌وه‌، به‌وه‌ش ژماره‌ی هاوڵاتیانی هه‌ژار ده‌گاته‌ 11 ملیۆن و 400 هه‌زار عیراقی.

به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ به‌ر له‌ كۆرۆنا له‌ پێنج منداڵ یه‌كێكیان هه‌ژار بوو، ئێستا بۆته‌ دوو هێنده‌، یان به‌ رێژه‌ی له‌ سه‌دا 37.9 زیادیكردووه‌، له‌ پێنج منداڵ دوانیان هه‌ژارن.

023204awara2
كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك منداڵی ئاواره‌ له‌ كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

خالد به‌تاڵ نه‌جم، وه‌زیری پلاندانانی عیراق ده‌ڵێت ئه‌و بارودۆخه‌ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی زیاتری ده‌وێت، پێویسته‌ زیاتر كار بۆ پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوكاری كاشی ئه‌و توێژه‌ بكرێت كه‌ زۆر هه‌ژارن، له‌گه‌ڵ فه‌راهه‌مكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی تری وه‌ك ته‌ندروستی و فێربون.

دابڕان له‌ خوێندن، به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی كه‌مخۆراكی و توندوتیژی بۆته‌ واقعێك و روبه‌ڕوی منداڵانی هه‌ژار له‌ عیراق بۆته‌وه‌.

له‌ عیراق، به‌هۆی كۆرۆناوه‌ چه‌ندین مانگ قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی هاتوچۆ بوو، جگه‌ له‌ داخستنی زۆربه‌ی بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كان، به‌هۆیه‌وه‌ زۆرترین هه‌لیكار له‌ده‌ستچوو، نرخی خۆراك و شمه‌ك به‌رزبونه‌وه‌.

له‌ دوو منداڵی عیراقی یه‌كێكیان (واته‌ سه‌دا 48.8) ئه‌گه‌ری هه‌یه ‌روبه‌ڕوی نه‌هامه‌تی ببێته‌وه‌ و بێبه‌ش بێت له‌ خوێندن، ته‌ندروستی، بژێوی یان ئاسایشی دارایی.

بێبه‌شبون له‌ چونه‌ خوێندنگه‌ و ده‌ستكه‌وتنی ئاوی پاك له‌ پاڵنه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی په‌رته‌وازه‌یی و دابه‌شبونی خێزانه‌.

حه‌میده‌ لاسیكۆ، نوێنه‌ری یونیسێف له‌ عیراق وتی پێویستیان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرا هه‌یه‌، له‌وه‌شدا داوا له‌ هاوبه‌شه‌كانیان له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن سیاسه‌تی پاراستنی منداڵ له‌ هه‌ژاری دابڕێژن، هه‌وڵه‌كانی ده‌ستڕاگه‌یشتنی منداڵان به‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان زیاتر بكه‌ن، له‌گه‌ڵ كاركردن بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی خوێندن و بنه‌بڕی توندوتیژی.

له‌ ئاداری ئه‌مساڵه‌وه‌، پرۆسه‌ی خوێندن له‌ عیراق راگیران به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا، به‌رله‌وه‌ی خوێندكار به‌ تایبه‌ت قۆناغه‌كانی بنه‌ڕه‌تی خوێندن، نیوه‌ی پرۆگرامه‌كانی فێربون و خوێندن ته‌واو بكه‌ن.

رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا، له‌ نێویاندا داخستنی شوێنه‌ گشتییه‌كان و نیمچه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌هۆی هه‌ڵكشانی ژماره‌ی توشبوان به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ عیراق.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT