ده‌یان خێزانی كریستیانی له ناوچه سنورییه‌كانی عیراقه‌وه ئاواره ده‌بن و ده‌رگای 10 كڵێسا به‌ڕوی زیاره‌تكارانیاندا داده‌خرێن، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌ماوه‌ی كه‌متر له مانگێكدا، به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا به‌پاساوی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه).
ئۆپه‌راسیۆنه ئاسمانی و زه‌مینییه‌كانی سوپای توركیا، له ناوه‌ڕاستی حوزه‌یرانی 2020ـه‌وه ده‌ستیانپێكردووه و له پارێزگای دهۆكه‌وه چونه‌ته ناو خاكی عیراقه‌وه، له‌وكاته‌شه‌وه له ناوچه سنورییه‌كانی زاخۆ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌دا كه‌وتونه‌ته پێكدادان.
"10 رۆژه گونده‌كه‌مان به‌جێهێشتووه، نازانین چی بكه‌ین، زیانێكی زۆرمان به‌رده‌كه‌وێت، چونكه سه‌دان داری سێ‌و و قۆخ و هه‌رمێم بێ خزمه‌ت ده‌مێننه‌وه" مه‌نال حه‌بیب عیسا تۆما، وای وت.
ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه به ناجێگیری بمێنێته‌وه ده‌بێت چاوه‌ڕێی كاره‌ساتی زیاتر بین
تۆما، موختارى گوندی شه‌رانشی كریستیانییه له ناحیه‌ی ده‌ركار له قه‌زای زاخۆ، كه به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنی توركیا دانیشتوانه‌كه‌ی ئاواره‌بون، ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه چوار گوندی كریستیانی به ته‌واوی چۆڵكراون و مه‌ترسی چۆڵبونی چه‌ند گوندێكی تر هه‌یه، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه ئاوا به ناجێگیری بمێنێته‌وه، ئه‌وكات ده‌بێت چاوه‌ڕێی كاره‌ساتی زیاتر بین".
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا و شه‌ڕی په‌كه‌كه‌وه، زیاتر له 80 خێزان له گونده سنورییه‌كانه‌وه ئاواره‌ی ناوه‌ندی پارێزگای دهۆك و قه‌زای زاخۆ بون.
غه‌می كریستیانه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه، كه بژێوی سه‌ره‌كییان له‌سه‌ر باخدارییه، هه‌م پاراستنی گیانیان و هه‌میش به‌رهه‌مه‌كانیانه، وه‌ك مه‌نال تۆما وتی "10 رۆژه ئاوی باخه‌كانمان نه‌داوه، وا وشك ده‌بن، بۆیه داواكارین كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌په‌له فریامان بكه‌ون".
عیراق به فه‌رمی داوای راگرتنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیای كردووه به‌ڵام ئه‌و وڵاته به پاساوی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و نه‌هێشتنی مه‌ترسی له سنوره‌كانیدا ئاماده‌نییه شه‌ڕ رابگرێت.
هه‌رچی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، له به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا داوای له توركیا و په‌كه‌كه كرد، شه‌ڕ و ئاڵۆزی له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕانیدا دوربخه‌نه‌وه.
زیانه‌كانی هاوڵاتیانی كریستیان ته‌نیا ماددی بون نه‌ك گیانی
زێره‌ڤان مو‌سا، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ده‌ركار له قه‌زای زاخۆی دهۆك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له ناوچه‌كه‌ماندا 10 گوندی كریستیانی هه‌ن به‌ڵام هه‌مویان چۆڵنه‌بون، هه‌ندێكیان ژماره‌یه‌ك خێزانی تیادا ماوه، ئه‌وانه‌یشی ناچاربون بڕۆن، رویانكردۆته ماڵی كه‌سوكاریان له ناوه‌ندی زاخۆ و ده‌وروبه‌ری".
به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا و بۆردومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی، له ناوچه‌كانی دهۆك، نه‌ینه‌وا و سلێمانی له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردودا ژماره‌یه‌ك مه‌ده‌نی گیانیانله‌ده‌ستداوه و برینداربون.
زێره‌ڤان ده‌ڵێت هیچ هاوڵاتیه‌كی كریستیانی بریندار نه‌بووه، زیانه‌كان تائێستا هه‌ر ماددی بون، چونكه باخه‌كانیان به‌جێهێشتووه و بۆ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا هه‌وڵده‌ده‌ن رێگه‌چاره‌یه‌ك بدۆزنه‌وه، تا بتوانن خزمه‌تی باخه‌كانیان بكه‌ن.
ئه‌وه یه‌كه‌مجار نییه كریستیانه‌كان به ناچاری زێدی خۆیان به‌جێبهێڵن، له چه‌ند ساڵی رابردوشدا هه‌زاران خێزانیان ئاواره‌بون، كاتێك داعش له ناوه‌ڕاستی 2014دا نه‌ینه‌وای كۆنتڕۆڵكرد، ئه‌وكات سێ بژارده‌ی خستە بەردەمیان كه ئیسلامبون، پێدانی جزیە یان بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان بوو.
فارس یوحه‌نا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك له پێكهاته‌ی كریستیان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی په‌كه‌كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ن بۆ گونده‌كانی كریستیانی، چونكه زۆرینه‌ی گونده‌كان ده‌كه‌ونه ناوچه‌ی سنوری نێوان توركیا و پارێزگای دهۆك"، ئه‌و ناوچانه گۆڕه‌پانی گه‌رمی پێكدادانه‌كانن.
له زاخۆ زیاتر له 20 گوندی كریستیانی هه‌ن، كه نزیكه‌ی 12 هه‌زار هاوڵاتییان تیادا نیشته‌جێیه.
بارودۆخه‌كه تابڵێی خراپه، زۆرترین زیان به‌ر كریستیانه‌كان كه‌وتووه
"دوو گوندی كریستیانی له زاخۆ به‌ته‌واوی چوڵكراون، كه ژماره‌یان ده‌گاته نزیكه‌ی 80 خێزان، له گونده‌كانی تریشه‌وه به‌رده‌وام خه‌ڵك ئاواره‌ی سه‌نته‌ری زاخۆ و دهۆك ده‌بن".
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك ده‌ڵێت زیاتر له 10 كڵێسا به ته‌واوی ده‌رگاكانیان داخراون، كریستیانه‌كان ناتوانن په‌رستش بكه‌ن، "بارودۆخه‌كه تابڵێی خراپه، زۆرترین زیان به‌ر كریستیانه‌كان كه‌وتووه، ره‌ز و باخه‌كانیان به‌جێهێشتووه كه سه‌رچاوه‌ی گرنگی بژێوییانه" فارس یوحه‌نا، وای وت.
شه‌پۆلی نوێی ئاواره‌یی له كاتێكدایه، هێشتا هه‌زاران خانه‌واده‌ی كریستیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه زێدی خۆیان و چه‌ند ساڵێكه له ئاواره‌ییدا ده‌ژین، له كۆی زیاتر له 700 هه‌زار ئاواره‌ی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان سه‌دا 7یان كریستیانن، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێم بۆ شوباتی 2020.
لیژنه‌كانی كاروباری پێشمه‌رگه، ناوخۆ و په‌یوه‌ندییه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان، به‌دواداچونی مه‌یدانییان كردووه بۆ كاریگه‌ری هێرشه‌كانی توركیا له ناوچه سنورییه‌كان، به ئامانجی ده‌رخستنی رێژه‌ی زیانه‌كان به ئاواره‌بونی خه‌ڵكیشه‌وه.
رێڤینگ هروری، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به مه‌یدانی چوینه ناوچه‌كانی زاخۆ، ئامێدی و ئاكرێ، ئه‌وه‌ی پێویسته كردومانه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئامار و زانیاری له‌سه‌ر زیانه‌كانی هێرشی توركیا، به چۆڵكردنی گوند و ئاواره‌بونی هاوڵاتیانه‌وه".
به‌وته‌ی رێڤینگ، له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا، ئه‌و ئامارانه و زانیاری ده‌رباره‌ی لێكه‌وته‌كانی هێرشی توركیا ده‌ده‌نه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، تا گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت و بڕیاری پێویستی له‌باره‌وه بدرێت.
له نه‌وه‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا، ژماره‌ی كریستیانه‌كانی عیراق له ملیۆنێك و 500 هه‌زار كه‌س زیاتر بون، واتە نزیكه‌ی له سه‌دا سێی دانیشتوان بون؛ تا شه‌ڕی هاوپه‌یمانان و كۆتایی حوكمڕانی به‌عس له 2003دا، هێشتا ده‌وروبه‌ری 800 هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه له وڵات‌دا مابون.
هاوڵاتیانی كریستیان، كه ژماره‌یان بۆ كه‌متر له نیوه كه‌مبۆته‌وه و گه‌یشتۆته 500 هه‌زار که‌س، زۆرینه له ناوچه‌كانی دهۆك، نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، هه‌ولێر و به‌غدا نیشته‌جێن. (به‌پێی ئامارێك كه کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاکی کلدانه‌کان له عیراق و جیهان ساڵی 2019 به كه‌ركوك ناو-ی داوه).