هاوارێك له‌ پشت ده‌رگا داخراوه‌كانه‌وه‌
كاتژمێرێك له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانی خاوه‌ن پێداویستییه‌كی كاكه‌یی

ئه‌ڵماس عه‌زیز (27 ساڵ)، گه‌نجێكی كاكه‌یی برینداری شه‌ڕی داعشه‌ و به‌هۆی بریندارییه‌كه‌وه‌ قاچێكی له‌كار كه‌وتووه‌ فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

له‌تاو برینه‌كانی پشتی و قاچه‌ له‌كاركه‌وتوه‌كه‌ی، شه‌و نییه‌ ئه‌ڵماس به‌ده‌م ئازاره‌وه‌ خه‌به‌ری نه‌بێته‌وه‌؛ ئه‌و چه‌ند مانگێكه‌ له‌و بارودۆخه‌دایه، چونكه‌ نه‌ ده‌رمانی ده‌ستده‌كه‌وێت و نه‌ ده‌شتوانێت شاره‌ و شار به‌دوای پزیشكدا بگەڕێت.

شوێنه‌واری برینی زۆر به‌ جه‌سته‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ كاكه‌ییه‌وه‌یه‌، بڕبڕه‌كانی پشتی گۆڕاون و قاچی چه‌پی له ‌ئه‌ژنۆ بۆ خواره‌وه‌ جوڵه ناکات‌.

ئه‌ڵماس عه‌زیز (27 ساڵ)، وا نزیكه‌ی شه‌ش ساڵه‌ له‌و نه‌هامه‌تی و ئازاره‌دا ده‌ژی، به‌ڵام هیچ كاتێك هێنده‌ی ئێستا گیرۆده‌ نه‌بووه‌، چونكه‌ كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ خه‌ریكن به‌ ته‌واوی بێ ئومێدی ده‌كه‌ن.

"لەبارودۆخێکی ده‌رونی خراپدام، بەتایبەتی به‌هۆی كۆرۆناوه‌ هه‌رچی دەرگا هه‌یه‌ به‌ رومدا داخراوه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ ته‌نیا ئازاری جه‌سته‌ و نه‌بونییه‌كه‌مه‌" ئه‌ڵماس بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

له‌تاو ئازاری قاچم‌، شەوان تا بەیانی ناخه‌وم

ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئاشتی قه‌زای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك) نیشته‌جێیه‌، خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 و سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعشدا، له‌ گوندی به‌شیری پارێزگاكه‌ به‌ سه‌ختی برینداربووه‌.

"بەھۆی ئازاری قاچمه‌وه‌، شەوان تا بەیانی ناخه‌وم، بومه‌ته‌ بارگرانی به‌سه‌ر دایك و خێزانه‌كه‌مه‌وه‌".

almas (1)-1
شوێنه‌واری برین و نه‌شته‌رگه‌ری به‌ پشت و سكی ئه‌ڵماس_ـه‌وه‌

ئه‌ڵماس پێویستی به‌ كۆرسی به‌رده‌وامی چاره‌سه‌ره‌؛ به‌ر له‌ كۆرۆنا، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كدا پشكی خۆی له‌ ده‌رمان وه‌رده‌گرت، به‌ڵام چه‌ند مانگێكه‌ ئه‌و پشكه‌ی نه‌ماوه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی نه‌خۆشخانه‌ و ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كان به‌ چاره‌سه‌ر و رێكاره‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ سه‌رقاڵن.

زۆربه‌ی ده‌رمانه‌كانی هێوركه‌ره‌وه‌ن، بۆ نه‌هێشتنی ئازاری به‌رده‌وامی شوێنی برین و قاچه‌ له‌كاركه‌وتووه‌كه‌ی.

"بۆ ئازاری قاچم ده‌رزی ترامادۆڵ وه‌رده‌گرم، كه‌ نرخی هه‌ر ده‌رزییه‌ك له‌ بازاڕ 30 هه‌زار دیناره‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستبكه‌وێت، بێ ئه‌و ده‌رمانه‌ له‌ تاو ئازار ناتوانم بحه‌سێمه‌وه‌".

ئه‌ڵماس وه‌ك هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌كی تری برینداری شه‌ڕی داعش هەر دوو مانگ جارێک ئینجا موچه‌ی مانگێك وه‌رده‌گرێت؛ به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و دابه‌زینی نرخی نه‌وت، پێدانی موچه‌ لای حكومه‌تی هه‌رێم دوادەکەوێت.

به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و كۆرۆناوه‌، ناتوانم بچمه‌ لای دكتۆره‌ ده‌رونییه‌كه‌م له‌ هه‌ولێر

له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ زیاتر له‌ هه‌زار و 600 كه‌سیان گیانیانله‌ده‌ستدا و زیاتر له‌ 10 هه‌زار چه‌كداریشیان برینداربون، به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.

ئه‌ڵماس ئه‌وكاته‌ی بریندار بوو له‌ هێزه‌كانی 70ی پێشمه‌رگه‌ بوو، له‌سه‌ر ئه‌ركی وه‌زاره‌ت ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كراوه‌، بۆ نه‌شته‌رگه‌ری گۆڕینی هه‌شت بڕبڕه‌ (فه‌قه‌ره)ی پشتی، به‌ڵام تائێستا قاچی چه‌پی نه‌بڕیوه‌ته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ كاركه‌وتووه‌.

"به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و كۆرۆناوه‌، ناتوانم بچمه‌ لای دكتۆره‌ ده‌رونییه‌كه‌م له‌ هه‌ولێر، كه‌ ده‌بوو هه‌فتانه سه‌ردانی بكه‌م" ئه‌ڵماس وای وت.

له‌ ئاداری رابردووه‌وه‌، هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان هاتوچۆیان له‌ نێوان پارێزگاكاندا راگرتووە و تا ئێستاش به‌رده‌وامە‌، به‌ ئامانجی رێگری له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆرۆنا.

almass
نه‌جمه‌؛ دایكی ئه‌ڵماس به‌ گریانه‌وه‌ باس له‌ نه‌هه‌ماتییه‌كانی كوڕه‌كه‌ی ده‌كات

ئه‌ڵماس عه‌زیز خێزانداره‌، باوكی منداڵێكه‌ و دایكیشی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌ژیت.

ماڵی ئه‌و گه‌نجه‌ كاكه‌ییه‌ی داقوق له‌ خانویه‌كی ته‌واونه‌كراوی بێ تاپۆدایه‌.

نه‌جمه‌ ته‌مین (58 ساڵ)، دایكی ئه‌و گه‌نجه‌یه‌ و به‌ر له‌ سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆنا درومانی ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا كه‌س روی تێناكات و به‌ ته‌واوی بێكار بووه‌، ئه‌وه‌ش هێنده‌ی تر بۆته‌ بارگرانی له‌ دابینكردنی بژێوییاندا.

"ئێستا بارودۆخمان زۆر خراپه‌، كۆرۆنا بۆته‌ به‌ڵایه‌ك بۆ ئێمه‌".

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ بڵێین خوایه‌ گیان ره‌حمی تۆمان ده‌وێت

نه‌جمه‌ له‌ غه‌می ئازاری كوڕه‌كه‌یدا، رۆژانه‌ هه‌رچی نه‌خۆشخانه‌ و ده‌رمانخانه‌ی داقوق هه‌یه‌ ته‌ی ده‌كات، به‌ڵكو ده‌رزی ترامادۆڵی ده‌ستبكه‌وێت. (ئه‌و ده‌رزییه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر و به‌كارهێنانی له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی پزیشكه‌).

"ئاخر چی بكه‌م، ئه‌بێت ئازاری قاچی نه‌مێنێت، ئه‌ی من ئه‌وه‌ نه‌كه‌م كێ چاره‌سه‌ری ده‌كات؟ به‌خوا كه‌ ئازاری هه‌یه‌ ناخی من وه‌ك ئاگر ئه‌سوتێت" دایكی ئه‌ڵماس وای وت.

نه‌جمه‌ بەگریانەوە نه‌هامه‌تییه‌كانی رۆژانه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو) باسدەکرد، "شوێن نه‌ما روی تێنه‌كه‌م، ده‌رگا نه‌ما لێینه‌ده‌م، خه‌ڵكیشم بێزاركردووە".

ته‌نیا داواكاری ئه‌و دایكه‌؛ چاره‌سه‌ری یه‌كجاری كوڕه‌كه‌یه‌تی، تا به‌ده‌م ئازاره‌وه‌ نه‌ناڵێنێت.

"هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دایه‌ ده‌ست به‌رزبكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئاسمان و بڵێین خوایه‌ گیان ره‌حمی تۆمان ده‌وێت" نه‌جمه‌ وای وت.

نه‌جمه‌ و ئه‌ڵماس عه‌زیز-ی كوڕی داوای هاوكاریی ده‌كه‌ن  ڤیدیۆ: كه‌ركوك ناو

رێكاره‌كانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا، زیانی زۆری به‌ كاكه‌ییه‌كانی داقوق گه‌یاندووە، له‌ زیادبونی روداوی ئه‌منی به‌هۆی سه‌رقاڵی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، له‌ په‌ككه‌وتنی بازاڕ و كشتوكاڵه‌وه‌، تا دابڕانی كه‌سانی وه‌ك ئه‌ڵماس له‌ چاره‌سه‌ر.

ئه‌ڵماس عه‌زیز، دوو دارشه‌قی خستۆته‌ ژێر باڵه‌كانی، رۆژ تا ئێواره‌ رێی دوری ناو حه‌وشه‌ی ماڵ و كۆڵانه‌كه‌یانه‌، ئه‌وه‌نده‌ بیر له‌ نه‌خۆشی و برینه‌كانی ده‌كاته‌وه‌ ته‌واو ماندوبووه‌؛ "واملێهاتووه‌ ئاماده‌م بێ سڕكردن (به‌نج) قاچم ببڕنه‌وه‌ به‌س زوو له‌م ئازاره‌ رزگارم ببێت" ئه‌ڵماس وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT