پۆلیسی كەركوك تەرمی سێ كەسی لەناو نەمامگەیەكدا هەڵگرتەوە، كە بەدەست و چاو بەستراویی و بە دەمانچە كوژرابون.
ئەو سێ تەرمە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەمموز لە گوندی سەقزی باكوری خۆرئاوای كەركوك دۆزرانەوە و بەپێی سەرچاوەیەكی پۆلیس، هەر ئەمڕۆ كوژراون.
سەرچاوەكە بۆ (كەركوك ناو)، وتی "دەزگا ئەمنییەکان دوای ئاگاداركردنەوەیان لە بونی ئەو سێ تەرمە، چونە ناو نەمامگەكەوە و تەرمی هەرسێكیان دۆزییەوە، كە یەكێكیان خاوەنی نەمامگەكەیە و كوردە بەناوی نەوزاد سابیر، دوانەكەی تریش كرێكارن و عەرەبن".
"دەستی هەرسێكیان كەلەپچەی پلاستیكی رەشی پێوەبوو، چاویشیان بەهەمان شێوە بەسترابوو و شوێنی گولـلەی دەمانچە بە جەستەیانەوە بوو". سەرچاوەكە لە پۆلیسی كەركوك وایوت. بەڵام ئامادەنەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە بەهۆی ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسەوە رێپێدراو نییە.
دەستی هەرسێكیان كەلەپچەی پلاستیكی رەشی پێوەبوو، چاویشیان بەهەمان شێوە بەسترابوو
وتیشی "بەپێی لێكۆڵینەوەكان نیوەڕۆی ئەمڕۆ كوژراون... بكوژەكان تەنانەت هاردی كامێرای چاودێری نەمامگەكەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە".
نەوزاد سابیر، خێزاندارە و خۆی و هاوژین و منداڵەكانی ناسنامەی وڵاتی ئەڵمانیایان هەیە، چەند ساڵێكە گەڕاونەتەوە كەركوك و ئەو نەمامگەیەیان دروستكردووە بەناوی نەمامگەی چراخان، كە ناوی كچەكەشیەتی.
دوو كرێكارەكە ئاوارەی عەرەبن و خەڵكی پارێزگای دیالەن.
پۆلیس لە لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بەردەوامە و هێشتا هیچ سەرەداوێكیان دەستنەكەوتووە.