گەنجێكی (33 ساڵ) شەش رۆژە چارەنوسی نادیارە و گوماندەكرێت لەكاتی مەلەكردندا لەزێی بچوك خنكابێت.
ئەو گەنجە بەناوی بینەر مەجید، دانیشتوی گوندی قەفار سەر بە ناحیەی شوان لە باكوری خۆرئاوای كەركوك، لە دووشەممەی رابردوو 13ی تەمموزەوە چۆتە سەر زێی بچوك و تائێستا هیچ چارەنوسێكی نییە.
یەکێک لە هاوڕێیەکانی ئەو گەنجە و دانیشتوی گوندەكە، بە (كەركو ك ناو)ی وت "ماوەی شەش رۆژە بەردەوام بەدوایدا دەگەڕێین، بەپێی ئەوەی كەسوكاریی و ئێمەش پێیگەیشتوین، ئەو گەنجە لە ئاوی زێی بچوك لە نزیك شارۆچكەی تەقتەق خنكاوە".
"بەڵگەی خنكانی لەئاودا ئەوەیە، كە ماتۆڕ و جلوبەرگەکانی لە قەراغ ئاوەکەدا بووە، جا رون نییە کە کەوتۆتە ناو ئاوەکەوە یان لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە".
بەڵگەی خنكانی لەئاودا ئەوەیە، كە ماتۆڕ و جلوبەرگەکانی لە قەراغ ئاوەکەدا بووە
بینەر مەجید پیشەی شوانە و لە رۆژی دەرچونییەوە لە ماڵ تیمەكانی بەرگری شارستانی كۆیە و تەقتەق بەدوایدا دەگەڕێن.
گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە بە (كەركوك ناو)ی وت "لەڕێی کامێرای چاودێرییەوە بۆمان رونبۆتەوە بینەر لەزێی بچوك خنكاوە و گەڕان بەدوای تەرمەكەیدا بەردەوامە".
بەپێی ئامارێكی پۆلیس روبار لە كەركوك، لە ماوەی 21ی ئایار بۆ 21ی حوزەیران، 12 كهس له ئاودا خنكاون و چوار هاوڵاتیش لهلایهن تیمهكانی بەرگری شارستانیی و پۆلیسی روبارەوە ژیانیان رزگار كراوە.
تهواوی ئهو روداوانه له ئاو و روبارهكانی داقوق، زێی بچوك له پردێ، بهنداوی شیرین، بهنداوی خاسهچای، پڕۆژهكانی ئاوی حهویجه و تازه بون.