"چه‌ند مانگێك ده‌ستدرێژكردۆته‌ سه‌ر كچێك"
دادگای نه‌ینه‌وا: چه‌كداره‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئازاد نه‌كراوه‌

نه‌ینه‌وا، 2020، شه‌قامێكی سه‌ره‌كی له‌ ناوچه‌ی ساعه‌ له‌ به‌ری راستی شاری موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و چه‌كداره‌ی حه‌شدی شه‌عبی عه‌شایه‌ری ئازاد كرابێت، كه‌ دانی به‌وه‌داناوه‌ چه‌ند مانگێك ده‌ستدرێژیكردۆته‌ سه‌ر كچێكی ته‌مه‌ن 15 ساڵ له‌ شاری موسڵ.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری، كه‌ ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌ی دادگای تێدایه‌، دۆسیه‌كه‌ هێشتا له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و دادگاییدایه‌، ده‌نگۆی ئازادكردنی تۆمه‌تباره‌كه‌ وه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبۆته‌وه‌، دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌.

ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ 12ی ته‌مموزی 2020دا چۆته‌ به‌رده‌م پۆلیس، كاتێك دوای ته‌واوبونی ده‌وام هه‌واڵده‌رێك به‌ ناوی (ز، ذ، ع) كه‌رتی نه‌هێشتنی تاوانی رفاندنی ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌ روداوه‌كه‌.

به‌وته‌ی هه‌واڵده‌ره‌كه‌، برازایه‌كی به‌ناوی (ن، غ، ذ) كه‌ له‌ دایكبوی 2005ـه‌‌، رفێنراوه‌ و ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته‌سه‌ر.

دادگا ده‌ڵێت دواتر دایك و باوكی كچه‌كه‌ چونه‌ته‌ پۆلیس و چه‌كدارێكی حه‌شدی شه‌عبی عه‌شایه‌رییان به‌ ناوی (ی، ر) تۆمه‌تباركردووه‌ به‌ رفاندنی كچه‌كه‌یان و به‌ زۆر ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ری، له‌ژێر فشار و هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌كدا.

له‌رێی زمانی ئاماژه‌وه‌ وته‌ی دایك و باوكی كچه‌كه‌ وه‌رگیراوه‌ به‌وپێیه‌ی نابیست بون

كه‌سوكاری كچه‌كه‌ سكاڵایان هه‌بووه‌ و داوای رێكاریی یاساییان كردووه‌.

به‌پێی رونكردنه‌وه‌كه‌، دادوه‌ر له‌رێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ فه‌رمانی به‌ ئه‌فسه‌ری پۆلیس داوه‌ وته‌ی سكاڵاكاران وه‌ربگرێت له‌رێی وه‌رگێڕێكی زمانی ئاماژه‌وه‌، به‌وپێیه‌ی دایك و باوكی كچه‌كه‌ نابیست بون.

هه‌ر ئه‌وكات له‌رێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ تۆمه‌تبار (ی، ر) به‌پێی مادده‌ی 422 له‌ یاسای سزادانی عیراقی ده‌ركراوه‌.

له‌و مادده‌ یاساییه‌دا سزای 15 ساڵ زیندانی دانراوه‌ بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكی رفاندن.

دادگای نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێردا تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ستگیركراوه.

له‌ 13ی ته‌مموزدا، مامه‌ڵه‌ی دۆسیه‌كه‌ راییكراوه‌ و كه‌سوكاری كچه‌كه‌ جه‌ختیانكردۆته‌وه‌ له‌ سكاڵاكه‌یان دژی تۆمه‌تبار (ی، ر)، بۆیه‌ جارێكیتر له‌به‌رده‌م جێگری داواكاری گشتی وته‌كانیان وه‌رگیراوه‌ و دادگا پارێزه‌ری بۆ دابینكردون.

1419079872
باڵه‌خانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا

دوای ره‌وانه‌كردنی دۆسیه‌كه‌ بۆ دادگا واده‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی تۆمه‌تباره‌كه‌ درێژكراوه‌ته‌وه‌ و تائێستا له‌ زینداندایه‌.

دادوه‌ر عامر روبه‌یعی له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا ده‌ڵێت "تۆمه‌تبار (ی، ر) دانی به‌وه‌داناوه‌ بۆ چه‌ندینجار سێكسی له‌گه‌ڵ (كچه‌كه‌دا) كردووه‌ له‌ مانگه‌كانی نیسان، حوزه‌یران و ته‌مموز".

هه‌روه‌ها وتی "دۆسیه‌كه‌ هێشتا له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌، چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنی وته‌ی نوێنه‌ری یاسایی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و تۆماری پێشینه‌ی تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌كه‌ین تا ره‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كانی تایبه‌تمه‌ند بكرێن".

روبه‌یعی جه‌ختیكرده‌وه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ بڕیاری بێتاوانی ده‌رنه‌چووه‌ و ئازادنه‌كراوه‌، دادگا ناكه‌وێته‌ ژێر هیچ فشارێكیشه‌وه‌، وه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبۆته‌وه‌.

بڕیاری بێتاوانی تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌رنه‌كراوه‌ و ئازاد نه‌كراوه‌

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌ هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی عه‌شایه‌رییه‌ كه‌ به‌سمه‌ به‌سیم، په‌رله‌مانتاری عیراق له‌ پشكی نه‌ینه‌وا پێكیهێناون.

به‌سمه‌ له‌ 14ی ته‌مموز رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و نوسیویه‌تی "روداوی سكاڵای كچێك دژی چه‌كدارێكی حه‌شدی عه‌شایه‌ری (له‌ هێزێكی 37 كه‌سی خه‌ڵكی موسڵن) به‌بێ وردبینی و لێكۆڵینه‌وه‌ ورد بڵاوبۆته‌وه‌".

"له‌كاتێكدا پشتیوانی و پشتگیری له‌ رێكاره‌ یاسایی و دادوه‌رییه‌كان ده‌كه‌ن، تا راستی رێڕه‌وی خۆی بگرێت به‌بێ كاریگه‌ری و كه‌موكوڕی، به‌ڵام دژی هه‌ڵبه‌ستنی تۆمه‌ت و چیرۆكی دروستكراوین، كه‌ سكاڵاكار باسی نه‌كردووه‌ و له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیشدا نه‌سه‌لمێنراون".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتیشی "به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌ڵگه‌كانیش هیچ حاڵه‌تێكی رفاندن نه‌بووه‌، ئه‌و روداوه‌ بونی نییه‌، ده‌سترێژی سێكسی روینه‌داوه‌ و چه‌ك به‌كارنه‌هێنراوه‌".

دۆسیه‌ی ئه‌و كچه‌ی شاری موسڵ، كه‌ تائێستا یه‌كلایینه‌كراوه‌ته‌وه‌، له‌ شه‌قام و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه‌، چالاكوانان به‌ هاشتاگی "مافی كچه‌كه‌ی موسڵ" هه‌ڵمه‌تێكیان بۆ پشتگیریكردنی راگه‌یاندووه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT