بەشێك لە خەڵكی كەركوك لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا دوو بایەعییان پێدراوە و لەو بڕە خۆراكەش بەشێكی بە كەڵكی بەكارهێنان نایات.
دابەشنەكردنی خۆراك لەكاتی خۆیدا، كێشەی بۆ خێزانەكانی كەركوك دروستكردووە و بەهۆیەوە بەناچاری لە بازاڕدا پێداویستی دەكڕن.
یونس بەرزان، لە گەڕەكی كوردستان لە كەركوك دادەنیشێت، وتی "ساڵانی پێشتر هەموو مانگێك بایەعی دەهات و برنج، رۆن، شەكر و ئاردم وەردەگرت و بەشی مانگەكەی دەكردین، بەڵام ئێستا ناچارم لەبازاڕدا بیكڕم، ئەوەش بڕە پارەیەكی زۆری دەوێت".
"خەڵك هەژار و بێكارە، بەشێكی زۆریان ناتوانن خۆراك بكڕن... ئەمساڵ ئێمە دوجار بایەعیمان وەرگرتووە، برنجەكەشی بەكەڵكی خواردن نەدەهات و هەموی ورد دەبوو" یونس وایوت.
خەڵك هەژار و بێكارە، بەشێكی زۆریان ناتوانن خۆراك بكڕن
بەشێك لە خەڵكی كەركوك لەم ساڵدا دوو بایەعیی و بەشێكی تریان سێ بایەعییان وەرگرتووە، ئەوەش لەكاتێكدایە ساڵانی پێشوو هەموو مانگێك بەشە خۆراكی مانگانە دابەشدەكرا.
سەلمان عوسمان، یەکێک لە بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک لە کەرکوك، وتی "رۆژانە چەندین کەس پەیوەندیم پێوە دەکات کە بایەعی هاتووە؟ خەڵکی لە گوزەرانێکی سەختدایە ناکرێت ئەو جۆرە خۆراکانە لە هاوڵاتیان ببڕدرێت".
"دەبەیەك زەیت لە بازاڕدا بە هەزار و 500 دینارە، فەردەیەك ئارد بە 17 هەزار دینارە، ئەمە بۆ هاوڵاتییەكی هەژار زۆرە ئەگەر بیكڕێت، بەڵام ئەگەر بایەعی بدرێت تەنیا دوو هەزار دینار دەدات"، سەلمان وایوت.
ئەو بریكارەی خۆراك زیاتر وتی "كێشەكەیە لە وەزارەتی بازرگانییەوەیە و کۆگاکانی خۆراك بە تاڵن، منیش وەكو بریكارێك زەرەرمەندبوم، چونكە سێ دوكانم بەیەكەوە بەكرێ گرتووە و مانگانە دەبێت 450 هەزار دینار بدەم".
ماجیدە ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی دابەشکردنی خۆراک لە کۆمپانیای دابەشکردنی خۆراک، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە لەوەی ئەو كێشەیە تەنیا لە كەركوك نییە، بەڵكو هەموو عیراقی گرتۆتەوە.
ئەو وتی "کێشەکە بەشێكی پەیوەندی بە پەسەندنەكردنی بودجەی عیراقەوە هەیە".
بەشە خۆراكی مانگانە، بەپێی بڕیاری "نەوت بەرامبەر بە خۆراك" كە نەتەوە یەكگرتووەكان بەسەر عیراقدا سەپاندیان، لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوەوە بەسەر هاوڵاتیانی عیراقدا دابەشدەكرێت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا رەخنە لە كوالێتی خۆراكەكان و بڕەكەشی دەگیرێت.