كه‌مپی عومله له زوممار، هێشتا بڕیاری بنیاتنانی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه هه‌ڵنه‌وه‌شێنراوه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی ناڕه‌زایی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌وه كاره‌كانی راگیران.
ئه‌و كه‌مپه ده‌كه‌وێته ناحیه‌ی زوممار له باكوری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا، له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2019دا ده‌ست به‌دروستكردنی كراوه و نیوه‌ی كاره‌كانی ته‌واو بووه، بۆ لە خۆگرتنی ژن و منداڵانی داعش كه ئێستا له كه‌مپی هۆلی سوریان.
ئەحمەد جەعفەر، بەرێوەبەری ناحیەی زوممار بە (کەرکوک ناو)ی وت "هیچ نوسراوێكی فه‌رمی به ئێمه نه‌گه‌یشتووه ده‌رباره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری بنیاتنانی كه‌مپه‌كه، به‌ڵام دڵنیام وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران رێگه‌نادات دروستبكرێت، چونكه خۆی خه‌ڵكی ده‌شتی نه‌ینه‌وایه و ده‌زانێت ئه‌و كه‌مپه ده‌بێته كێشه‌یه‌كی گه‌وره له ناوچه‌كه‌دا".
ده‌رگای كه‌مپه‌كه له شوباتی ئه‌مساڵدا داخرا و كاره‌كانی بنیاتنانی راگیران، ئه‌وه‌ش به بڕیاری خۆپیشانده‌رانی زوممار، له نێویاندا ژماره‌یه‌ك له سه‌رۆك عه‌شیره‌ت، كه‌سایه‌تی و خه‌ڵك.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه ده‌ڵێت ئیڤان جابرۆ، وه‌زیری ئێستای كۆچ كه ئه‌وكات راوێژكاری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بوو، كاتی ناڕه‌زاییه‌كان سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی كرد و دژی دروستكردنی كه‌مپه‌كه بوو.
ئەحمەد جەعفەر وتی، له نوسراوێكدا داوایان له پارێزگاری نه‌ینه‌وا كردووه رێگه‌نه‌دات به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاره‌كانی كه‌مپی عومله، ئه‌گه‌ر دوای بارودۆخی كۆرۆنا و ئاساییبونه‌وه‌ی ژیان نیازێكی واهه‌بێت.
هه‌روه‌ها داواكاره حكومه‌تی عیراقی به بڕیارێك "خه‌ڵكی ناوچه‌كه له‌و دودڵییه رزگاربكات، چونكه دانیشتوانی ناوچه‌كه ناڕازین و رێگه‌ناده‌ن كه‌سوكاری داعش له ناحیه‌كه‌دا نیشته‌جێ بكرێن".
هه‌زاران هاوڵاتی عیراقی، له نێویاندا ژن و منداڵی چه‌كدارانی داعش له كه‌مپی هۆل-ی خۆرهەڵاتی شاری حەسەكەی سوریان و حكومه‌تی عیراق هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌دات، تا له سنوری زوممار جێگیریان بكات.
ره‌فعه‌ت سمۆ ره‌شۆ، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ كاروباری كارگێڕی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "نه‌جم جبوری پارێزگاری نه‌ینه‌وا له نوسراوێكدا بۆ به‌غدا داوایكردوه بڕیاری بنیاتنانی كه‌مپی عومله هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه، هه‌وڵێك هه‌یه دوباره ده‌ست به‌كاره‌كانی كه‌مپه‌كه بكرێته‌وه و ته‌واو بكرێت".
ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی وه‌زاره‌تی كۆچ، جێگری پارێزگار وتی "هه‌ڵوێستێكی رون و ئاشكرایان نییه، له‌كاتێكدا پێویسته به زویی قسه‌ی خۆیان بكه‌ن؛ ئایا له‌گه‌ڵ بنیاتنانی كه‌مپه‌كه‌دان یان دژی ده‌وه‌ستنه‌وه و هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه".
له ساڵانی رابردوودا و له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی نه‌ینه‌وا، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن به هاوكاری داعش ناڕه‌زایی زۆری لێكه‌وته‌وه، له هه‌ندێك ناوچه‌ش به‌ره‌و بارگرژی سه‌ریكێشا.