ژنێك برینداربوو و شەش ئۆتۆمبێل زیانیان بەركەوت
بۆمبێکی چێنراو لەبەردەم بارەگای رێکخراوی بەدر لە كەركوك تەقییەوە

كەركوك/ 20ی تەمموزی 2020/ تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە بەردەم بارەگای رێكخراوی بەدر لە گەڕەكی موسەڵا فۆتۆ: كاوران ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

بۆمبێكی چێنراو لە بەردەم رێكخراوی بەدر لە گەڕەكی موسەڵای شاری كەركوك تەقییەوە و بەهۆیەوە ژنێكی برینداربوو و زەرەر و زیان بەر ئۆتۆمبێل و خانوی ناوچەكە گەیشت.

نەسرین موراد، كە ماڵەكەی بەهۆی ئەو تەقینەوەیە زیانی بەركەوتووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر 8ی بەیانی، ئێمە خەوتبوین، لەپڕ لە دەنگێكی بەرز خەبەرمان بۆوە، كەلوپەلی ماڵەكەم و كەنتۆری جلوبەرگ و سپلیتەكەش بەسەر خۆم و منداڵەكانمدا كەوت. كاتێك چوینە دەرەوە بینیمان تەقینەوە بووە".

هێزە ئەمنییەكان لە شوێنی روداوەكە جەختیانكردەوە لەوەی تەقینەوەكە بۆمبی چێنراو بووە، ئەوەش دووەم حاڵەتی تەقینەوەی بۆمبە لە ماوەی هەفتەیەكدا لە هەمان گەڕەك.

تەقینەوەكەی ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تەمموز، لەبەردەم بارەگایەكی رێكخراوی بەدر رویدا.

شاهین هابە، خەڵكی ناوچەكە و وتی "بەیانی ویستم بچمە دەرەوە بۆ سەر كار، بۆمبەكە لەبەردەم بارەگاكە و  چەند مەترێكی كەم لە دوری ماڵی ئێمە تەقییەوە... نزیکەی ۱٥ ماڵ زیانی بەرکەوتووە، جام و پەنجەرەیان شکاوە،  هەروەها شەش ئۆتۆمبێل بەهۆی بەرزی دەنگی تەقینەوەکەوە جامەكانیان شکاوە".

"لەوكاتە ئافرەتێك دەیویست بچێت بۆ بازاڕ و بە تەقینەوەكە برینداربوو، خێرا گەیاندیانە نەخۆشخانە"، شاهین هابە وایوت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT