سەدان كارمەندی رۆژانەی فەرمانگەی كارەبای كەركوك پێنج مانگە موچەیان پێنەدراوە، لەكاتێكدا هەموو مانگێك پارەی كارەبا بۆ حكومەت كۆدەكەنەوە و کاتژمێری کارەبای ماڵان دادەنێن.
ئەو كارمەندانە لە كەركوك ژمارەیان 600 كەسە و لە تەواوی عیراق 15 هەزار كەسن، لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق بەشێوەی كاركردنی رۆژانە لە فەرمانگەی كارەبا دامەزرێنران، ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەمموز لە بەردەم فەرمانگەكە گردبونەوەیەكیان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدا.
ئیبراهم ئازاد، یەكێك لەو 600 كارمەندەیە و لەبەردەم فەرمانگە داوای مافەكانی دەكرد، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاکسازی عادل عەبدولمەهدی، خرایەنە سەر کار، کاری سەرەکیمان دانانی کاتژمێری کارەبای ماڵان وەرگرتن دابەشکردنی پسوڵەی پارەی کارەبای مانگانەیە. بەڵام ماوەی پێنج مانگە کاردەکەین و تا ئێستا یەک دیناریان پێنەدواین".
وتیشی "داوای مافی خۆمان لە فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای کەرکوک دەکەین، دوو جەژنە بەبێ موچە جەژن دەكەین".
داوای مافی خۆمان لە فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای کەرکوک دەکەین
فەرمانگەی دابەشكردنی كارەبا هیچ وەڵامێكی خۆپیشاندەرانی نەدایەوە و ئەوانیش دوای كاتژمێرێك كۆتاییان بە گردبونەوەكە هێنا.
هەروەها بەشێكی داواكاریی ئەو كارمەندانە ئەوەیە بكرێنە گرێبەست.
عەمار عەلی، کارمەندێکی تری فەرمانگەی كارەبا، وتی "داوا لە مستەفا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکەین گوێ لەو 15 هەزار فەرمانبەرە بگرێت و موچەكانمان بۆ خەرجبكات... بەشێكی زۆرمان خێزاندارین و تەنیا ئەم كارەمان هەیە، ئەوە جەژنیش نزیكبۆتەوە و پێویستمان بە پارەیە و چۆن بتوانین منداڵەكانمان بەخێوبكەین".
"لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانمان مانگرتن رادەگەیەنین و ناچینەوە سەر کار، ئێمە لەژێر فشاری بەڕێوەبەری فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای کەرکوک تەنانەت رۆژانی هەینیش کارمان دەكرد".